ئەو رۆژەی خومەینی هاوشێوەی داعش رشتنی خوێنی كوردی حەڵاڵ كرد

:: PM:05:00:19/08/2017 ‌

 

لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە 19ی ئابی ساڵی 1979، خومەینی كە تازە لە ئێران دەیویست جومگەكانی دەسەڵات لە قازانجی خۆیدا بەهێز بكات، كوردی بە لەمپەرێكی گەورە لە بەرامبەر خۆیدا دەبینی، بۆیە فتوای جیهادی لە دژی كورد دەركرد و رشتنی خوێنی كوردی حەڵاڵ كرد.

 

سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە سەرەتای ساڵی 1979 هەتاویدا، هەل و دەرفەتێكی باشی بۆ نەتەوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان رەخساند، تا بە شێوەیەكی رێكخراو لە پێناو ئازادی و دەستەبەركردنی مافەكانیدا بە ئاشكرا خەبات و تێكۆشان درێژە پێ بدات.

 

خەڵكی كوردستان دڵخۆش بوون بەوەی مافەكانیان بەدەست دێننەوە و دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی كورد چیتر ستەمی لێ ناكرێت. ئەو دۆخەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان رەخسابوو و ئەو ئازادییانەی لە كوردستانەكەی هەبوو، جیاواز بوو لە هەموو ناوچەكانی تری ئێران و حزبە سیاسییەكان بە ئازادی دەیانتوانی بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و چالاكییان هەبێت.

 

لە رۆژی 19ی ئاب "٢٨ی گەلاوێژ"ی ساڵی 1979 خومەینی بەناوی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی، فەرمانی جیهادی دژی گەلی كورد دەركرد.

 

خەلخالی كە دواتر بە دڕندەترین كەسی رژێم ناسرا، بە نوێنەری خومەینی و فەرماندەیی كردنی جەنگ دژی كورد بۆ یەكەم جار لە رۆژی 19ی ئاب دەگاتە پاوە لە كرماشان و هەر لەو رۆژەدا بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لە نێو دڵی خەڵكدا بڵاو بكاتەوە، 12 كەس گولـەباران دەكات.

 

رۆژێك دواتر و لە 20ی ئاب خەلخالی حەوت كەسی تر  لە سێدارە دەدات و گولـەبارانكردنی خەڵك لە پاوەوە تا مەهاباد درێژەی دەبێت. شەش رۆژ دواتر لە مەهاباد نۆ كەس لە سێدارە دەدات. هەڵبەت لەو كاتەدا شەڕێكی قورس لە نێوان پێشمەرگەكان و سوپای ئێران لە ئارادا بوو و خەڵكیش بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ئەو لە سێدارەدانانە لە سنە رژانە سەر شەقامەكان و حكوومەتیش دەستی بە گرتنی خەڵك كرد. لە خۆپێشاندانەكە 11 كەس دەگیرێن و خەلخالی هەر لە حوكمێكی تایبەتیدا هەر 11 كەس لە سێدارە دەدات بێ ئەوەی دادگایی بكرێن و لێیان بكۆڵرێتەوە چ تاوانێكیان ئەنجام داوە.

 

كاتێك لە پاوە و سنە رژێمی ئێران دەستی بە كوشتنی خەڵك كردبوو لە سەقز خەڵك و پێشمەرگە بە چەكەكانیان دژی رژێم دەجەنگان، كاتێك خەلخالی و سوپاكەی دەگاتە سەقز، هەر ئەو رۆژە 20 كەس گولـەباران دەكات كە هەندێكیان تەمەنیان خوارووی 18 ساڵ بوو.

 

شەڕ و پێكدادان زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان گرتەوە و هەڵبەت سوپای ئێران لەو شەڕەدا هەر جارە و بەسەر شارێكدا زاڵ دەبوو و هێزە كوردییەكانیش بۆ پاراستنی گیانی خەڵك و بۆ ئەوەی خەڵك نەبنە قوربانی، شەڕەكەیان دەبردە دەرەوەی شارەكان و گورزیان لە دوژمن دەوەشاند. دوای نزیكەی دوو هەفتە لە شەڕو پێكدادان بۆكانیش دەكەوێتە دەستی سوپای پاسداران و هەر ئەو رۆژە لە باكوری رۆژهەڵاتی كورستان و لە سەڵماس بە هەلیكۆپتەر و فڕۆكە هێرش دەكرێتە سەر ناڕەزایەتییەكانی خەڵك و حاڵەتی نائاسایی رادەگەیەنرێت.

 

دوای دوو هەفتە حەسەنی كە نوێنەری خومەینی لە ورمێ بوو بە تانك و تۆپ هێرش دەكاتە سەر گوندەكانی نەغەدە و لە گوندی قارنێ تاوانێكی گەورەی دژە مرۆیی ئەنجام دەدات. چەكدارانی رژێم دەوری گوندەكە دەدەن و دەست بە كۆمەڵكوژی خەڵكی گوندەكە دەكەن. خەڵكی گوند خەریكی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون و حەسەنی كە توركێكی شۆڤێنیست بوو، ویستی بەم كارەی بە یەكجاری كورد لە ناوچەكە دوور بخاتەوە.

 

لەو هێرشەدا 68 منداڵ و ئافرەت و بەساڵاچوو كوژران و دواتر رژێمی ئێران توانی مەهابادیش كۆنترۆڵ بكات و فەرمانەكەی خومەینی بووە هۆكاری ئەوەی سەرتاسەری رۆژهەڵاتی كوردستان خەڵتانی خوێن بكرێت و خەڵكی بێتاوان بكوژرێت.

 

زۆرێك لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كورستان كەوتنە دەستی رژێم، هێزە كوردییەكان كە ئەوكات دیموكرات و كۆمەڵە تیایدا باڵادەست بوون، دەستیان بە هێرشێكی فراوان كرد بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی سوپای پاسداران لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەو جارەیان تەنگیان بە هێزەكانی رژێم هەڵچنی و توانییان كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن و شكست بە سوپای ئێران بهێنن.

 

فەرمانی جیهادی خومەینی و ئەو هێرشەی كردییە سەر كوردستان، تەنیا سێ مانگ درێژەی هەبوو و كاتێك خومەینی زانی شكستی خواردووە و ئەگەر درێژە بە شەڕەكە بدات، ئەوا زیاتر زیانی بەردەكەوێت، فەرمانی ئاگربەستی دا و شارەكانی رۆژهەڵاتیش دووبارە كەوتنەوە دەستی هێزەكانی پێشمەرگە.

 

خومەینی وەك پیلانێك بۆ ئەوەی دووبارە خۆی بەهێز بكاتەوە، داوای دانوستان و گفتوگۆی لەگەڵ رێبەرانی كورد كرد و هەر جارە و بە بیانوویەك دانوستانەكانی تێك دەدا و هیچ مافێكی بە كورد نەدەدا و بۆ ماوەی پێنج مانگ ئەودەست ئەودەستی بە كورد كرد. تا بەهاری ساڵی 1980 رژێمی ئێران هیچ دەسەڵاتیكی لە كوردستان نەبوو و دووبارە لە بەهاری 1980 كاتێك رژێمی ئێران سوپاكەی پۆشتە كردەوە و شەڕ دەستی پێ كردەوە.


 

 



وشە - سلێمان تاشان