شارەزایەكی ئابووری عێراق وریایی لە داڕمانی ئابووری عێراق لە داهاتوو دەدات بەهۆی زیادبوونی رێژەی قەرزی دەرەكی و بەردەوامیی دابەزینی نرخی نەوت و فەرامۆشكردنی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ.
باسم جەمیل ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە ئێستە ئابووریی عێراق بە قۆناغێكی زۆر شڵۆق و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و رەنگە بگاتە لێواری هەرەسهێنان، ئەوەش لە سایەی پەككەوتنی سەرچاوەكانی داهاتی جێگیر كە پاڵپشتی لە بودجەی وڵات دەكەن وەك كەرتەكان پیشەسازی و كشتوكاڵ.
ئاماژەی كرد، هەروەها بەهۆی تەنیا پشتبەستن بە داهاتی نەوت بە بەردەوامی كە ئەویش لە دابەزیندایە و ئەو روونی كردەوە كە قەبارەی گشتی قەرزەكانی عێراق گەیشتووەتە قۆناغێكی مەترسیدار كە 122 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی تێپەڕاندووە.
جەمیل زیاتر گوتی، مەترسیدارییەكی لەوەدایە كە زۆرترین بڕە پارە لە دابینكردنی مووچە و پڕۆژەی وەهمی خەرج دەكرێت و بۆ گیرفانی گەندەڵكارانەوە دەچێت، هاوكات فەرامۆشكردنی لایەنی وەبەرهێنان، كە ئەوەش مانای بێتوانایی لە دانەوەی قەرزەكان و مانەوەیان وەك بارێكی قوڕس لەسەر شانی نەوەكانی داهاتوو.
ئەو شارەزایە ئاماژەی كرد كە رەنگە پێویستیمان بەدووەم یانەی پاریس هەبێت بۆ دەرچوون لەو تەنگژەیە.
عێراق لە 2014ەوە چووە ناو تەنگژەیەكی سەختی ئابووری و داراییەوە، لەلایەك كەوتە بەر هێرشێكی فرەوانی رێكخراوی داعش كە وێرانكاری دروست كرد و بەشێكی زۆری چەك و جبەخانەكان و دامەزراوە نەتەوی و خزمەتگوزارییەكانی كەوتە دەست، بەدەر لە خەرجی جەنگ و كڕینی چەك، جەنگی ئازادكردنەوەش خەرجی زۆری هەبوو، ئێستەش دوای ئازادكردنەوە تەنیا بودجەی ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی سێ پارێزگا بە 78 ملیار دۆلار قەبڵێندراوە، بەدەر لە دابەزینی نرخی نەوت لە دنیا و ئەو قەرزە زۆرانەی عێراق كە بە زەحمەت بتوانێت بیانداتەوە.