پۆلیسی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت كە كچێكی تەمەن 21 ساڵ لە شاری سلێمانی خۆی خنكاندووە و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، گوتەبێژی پۆلیسیش هۆكاری خۆكوشتنەكەی ئاشكرا دەكات.
نەقیب سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی هێزەكانی پۆلیس ئاگەدار كرانەوە لە بوونی ڕووداوێك، دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی ڕووداوەكە دەركەوت كچێك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ئەوەشی گوت، ڕووداوەكە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەموو بووە، ئەو كچەی كە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە ناوی (د،ت)ە و لە دایكبووی ساڵی 1996 و لە گەڕەكی قڕگەی شاری سلێمانی دادەنیشێت.
ئەحمەد رونی كردەوە، دوای گەشتنی هێزەكان بۆ شوێنی ڕووداوەكە، لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەركەوتووە ئەو كچە خۆی خنكاندووە و ئێستە تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادی شاری سلێمانی كراوە بۆ لێكۆڵینەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی هەروەها گوتی، لەگەڵ خاڵی ئەو كچە قسەیان كردووە و خاڵی گوتوویەتی كە دوو ساڵە لە پۆلی 12ی ئامادەییە و دەرنەچووە و ئەمساڵیش بە هەمان شێوە، بۆیە پەنای بردووەتە بەر خۆكوشتن.
ئاماژەی دا، ئەوە تەنیا لێكۆڵینەوەی زارەكی پۆلیسە لەگەڵ كەسوكاری كچە و پشت بەو هۆكارە نابەستین و پۆلیس خۆی بەدوای ئەو ڕووداوە دەچێت و لێكۆڵینەوەی زیاتر دەكات.
دوایین جار لە شاری سلێمانی 27ی مانگی ڕابردوو، كچێكی تەمەن 15 ساڵ لە كاتی هاتنەدەرەوەی لە سەر جادە گیانی لە دەست دا و پۆلیسیش هۆكارەكەی بۆ نەخۆشی جەڵتە گەڕاندەوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی