تا ئێستا هەزار كەمئەندام لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتری خۆیان تۆمار نەكردووە، یەكێتی كەمئەندامان دەڵێت، چاوەڕێی وەزارەتی كارن و گوتەبێژی وەزارەتی كاریش دووپاتی دەكاتەوە كە چاوەڕوانی ئەنجوومەنی وەزیرانن فەرمانێكیان بۆ دەربكات بۆ ئەوەی ئەو كەمئەندامانە خۆیان تۆمار بكەن.
سامان حوسێن، سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لقی سلێمانی ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زیاتر لە 120 هەزار كەمئەندام لە هەرێمی كوردستان هەن، دوای ئەوەی وەزارەتی كار بڕیاری دا پشكنین بۆ كەمئەندامان بكاتەوە، بەڵام تا ئێستە ژمارەیەك كەمئەندام ماون كە لیژنەی پكشكنین بیانبینێت.
ئەوەشی گوت، كێشە بۆ كەمئەندامان دروست بووە، چونكە تا ئێستە هەزار كەمئەندام خۆیان لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتری تۆمار نەكردووە، لە كاتێكدا ئەو پرۆسەیە دەمێكە كۆتایی پێ هاتووە.
حوسێن روونی كردەوە، ئەو كەمئەندامانەی كە خۆیان لەو سیستەمە تۆمار نەكردووە ئەوانەن كە زیاتر دەكەونە دەرەوەی شار بە تایبەتی لە گوند و ناوچە دوورەكانی شار، هەندێكیش لەوانە نەیانزانیووە بۆیە تۆمار نەكراون.
سكرتێری لقی سلێمانی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان ئاماژەی كرد، ئێستە مووچەی ئەو كەمئەندامانەی كە خۆیان تۆمار نەكردووە لە مەترسیدایە، چونكە بەو پێیە بێت حكوومەت بە سیستەمی بایۆمەتری مووچە دابەش دەكات و ئەوانیش هێشتا تۆمار نەكراون، بۆیە چاوەڕێی ئەوە دەكەن كە وەزارەتی كار و ئەنجومەنی وەزیران بە فەرمانێك ئەو پرۆسەیە بۆ ئەو كەمئەندامانەش بكرێت كە هێشتە لەو سیستەمە خۆیان تۆمار نەكردووە.
هەمزە زێوەیی، گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەو بارەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ژمارەیەكی زۆر لە كەمئەندامان خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەكردووە و چەندجارێك لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە دوو وەجبە زیاتر لە هەزار ناومان ڕەوانەی حكوومەت كردووە بۆ ئەوەی لەوێ خۆیان تۆمار بكەن، بۆ ئەوانەی كە فریانەكەوتن تا تۆمار بكرێن.
زیاتر گوتی، ئەوانەی كە خۆیان تۆمار نەكردووە یان فریانەكەوتون یان ئەوانەن كە فەرمانبەری حكوومەتن و ترسیان لەوە هەبووە كە مووچەكەیان ببڕدرێت، بۆیە خۆیان تۆمار نەكردووە، لە كاتێكدا مووچەی كەمئەندامیان نابڕدێت، چونكە ئەوە وەك هاوكارییەكە كە دەدرێتە فەرمانبەران.
بەپێی قسەكانی گوتەبێژی وەزارەتی كار بەگشتی لە %15ی فەرمانبەران لە كۆی كەمئەندامان خۆیان لەو سیستەمە تۆمار نەكردووە و چاوەڕێ دەكەن ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانێكیان بۆ دەربكات بۆ ئەوەی ئەوانیش خۆیان تۆمار بكەن.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 120 هەزار كەمئەندام هەیە و بە گوتەی كوتەبێژی وەزارەتی كار 15 هەزار كەمئەندام خۆیان تۆمار نەكردووە، هاوكات سیستمی بایۆمەتری لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كرا بۆ تۆماركردنی مووچەخۆران و پاككردنەوەی ناوی فەرمانبەران لە مووچەخۆری دووبارە و بندیوار.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی