جان دۆست رۆمانووسی ناسراوی كورد، له‌م دیمانه‌ی "وشه"دا جیاوازی نێوان مێژوونووس و رۆمانووس به وردی روون ده‌كاته‌وه و ئه‌وه‌یش راده‌گه‌یه‌نێت كه دوای ئه‌م دیمانه‌یه، خه‌ریكی كارێك ده‌بێت كه به‌گوته‌ی خۆی "زۆر گرنگه" و ده‌یه‌وێ تا سه‌ری ساڵی نوێ ته‌واوی بكات.
ئه‌و نایشارێته‌وه كه كه‌سایه‌تییه كاریگه‌ره‌كانی كورد له مێژوودا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كاری گه‌وره‌یان كردووه، به‌ڵام هه‌ڵه‌یشیان كردووه و پێویسته ده‌ستنیشان بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌یان لێ وه‌ربگیرێ. هاوكات نیگه‌رانه له‌وه‌ی كورد مێژووی خۆی ناناسێت و سوودی لێ وه‌رنه‌گرتووه.
سه‌ره‌تا له‌وه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین ئایا خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێك باس له سه‌رده‌مێك بكات و خوێندنه‌وه‌ی كتیبێك باس له هه‌مان سه‌رده‌م بكات، چ جیاوازی و لێكچوونێكی هه‌یه؟
ڕۆمان زیاتر خه‌یاڵه له‌سه‌ر به‌ڵگه و دۆكیۆمێنته‌كان، خه‌یاڵ دینه‌مۆی رۆمانه، له كتێبێكی مێژوویی‌دا مرۆڤ هه‌سته‌كانی قازی محه‌مه‌د نابینێت، مرۆڤ ئێش و ئازاره‌كانی دڵی شێخ سه‌عیدی پیران نابینێت، مرۆڤ ناتوانێت له ده‌رده‌كانی خانی گه‌وره نووسه‌ری مه‌م و زین بگات، رۆمان گه‌ردوونێكه له موعجیزه‌كان و خه‌یاڵ، جیاوازی كتێبێكی ئاسایی و رۆمان وه‌ك جیاوازی شه‌ریعه‌ت و ته‌ریقه‌ته.
ئایا ئه‌و ره‌گه‌ز و بنه‌مایانه چین مێژوونووس و له رۆماننووس جیا ده‌كاته‌وه؟ به واتایه‌كی تر مێژوونووس كێیه؟ ئه‌ی رۆماننووس كێیه؟
مێژوونووس زیاتر خۆ راده‌سپێرێت به راستی مێژوو، خۆ راده‌سپێرێت به دۆكیۆمێنت و به‌ڵگه‌كان، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه راستی و رووداوه‌كان بێنێته به‌رچاو، به‌ڵام رۆماننووس له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دۆكیۆمێنت و به‌ڵگه‌ی پێویستن، به‌ڵام فاكته‌رێكی تری هه‌یه كه ئه‌وه‌ی زیاتر بۆ گرنگه، ئه‌ویش خه‌یاڵ و زمانی ئه‌ده‌بییه. زمانی مێژوونووس زمانێكی وشك و ئه‌كادیمییه، به‌ڵام زمانی رۆماننووس ئه‌ده‌بی و ناسك و نه‌رمه.
پێوه‌ندیی نێوان ژیاننامه و ڕۆمان چییه؟ چ ده‌ڵێیت بۆ وته‌ی كۆلریدج كه ده‌ڵێت: ژیانی هه‌ر مرۆڤێك چه‌ند هیچیش بێت ئه‌گه‌ر به ڕاستگۆیی بدوێت خۆشه؟
راسته و راستی گوتووه. رۆماننووس هیچ كاتێك ناتوانێت خۆی له ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی جیا بكاته‌وه، بێگومان ئه‌و كه‌مێك له ژیانی خۆی و ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانناسێت یان بینیوه سوود وه‌رده‌گرێت و له رۆمانه‌كانی خۆیدا به‌كاریان دێنێت، یه‌ك یان 100 رۆمانیش بنووسێت دیسان ناچاره خۆ رابسپێرێت به داتا و هۆگری ژیانی خۆی و ده‌وروبه‌ری خۆی.
كه‌واته ئایا لایه‌نێكی گرینگی ڕۆمانی جان دۆست بریتییه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداو و زه‌مه‌ن و كاره‌كته‌ره واقیعییانه‌ی له بیری تاكی كورددا بوونیان هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر وایه ئه‌مه بۆ؟
من هه‌ر له‌و كه‌سایه‌تییانه ده‌گێڕمه‌وه و مێژووی ئه‌وان ده‌خوێنمه‌وه، به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌وان سه‌یر ده‌كه‌م و ده‌ڵێم ئایا بۆچی ئه‌و سه‌رنه‌وكه‌وت؟ بۆچی ئه‌وان نه‌یانتوانی ئامانجه‌كانی میله‌تی خۆیان بێننه دی؟ له‌وكاته‌ی مێژووی كورد ده‌خوێنمه‌وه زۆر پرسیار له بیری مندا كۆ ده‌بنه‌وه و ده‌بێت وه‌ڵامه‌كانیان به‌ده‌ست بێنم، یان به كه‌می ئه‌و پرسیارانه‌ی خۆم به ده‌نگێكی به‌رز بكه‌م. ئه‌و پرسیارانه بكه‌م به كاره‌كته‌رێكی ئه‌ده‌بی و رۆمان و نووسین.
بۆ من مێژوو بنه‌مای هۆشیارییه، ئه‌گه‌ر مرۆڤ مێژووی خۆی نه‌ناسێت، ناتوانێ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌ره‌و دواڕۆژی خۆی بچێت، ئێمه‌ی كورد مێژووی خۆمان باش نه‌خوێندووه‌ته‌وه، ئێمه وانه‌كانی مێژووی خۆمان باش له‌به‌ر نه‌كردووه، بۆیه چه‌ندان جار ده‌كه‌وینه هه‌مان هه‌ڵه‌وه، قاچ و پێی ئێمه هه‌ر له‌و ته‌لانه گیر ده‌بن كه بۆمان دانراون.
مێژوو بۆ ئێمه‌ی كوردان نه‌بووه‌ته وانه، بۆیه تا ئێسته ئه‌و قۆناغه‌مان تێنه‌په‌ڕاندووه، من هیچ كاتێك مێژووپه‌رست نیم، راسته كه‌سایه‌تییه‌كانی وه‌ك قازی محه‌مه‌د و بارزانی و شێخ سه‌عید جێی رێزن، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ر نه‌بوون، ئه‌وانیش هه‌ڵه‌یان هه‌بووه و پێویسته ئێمه له رۆمانه‌كانی خۆماندا و له كتێبه‌كانی مێژووماندا باسی هه‌ڵه‌كانی ئه‌وان بكه‌ین تا وانه فێر ببین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته من ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌م به كاراكته‌ر بۆ رۆمانه‌كانی خۆم.
بۆچی بنچینه‌ی هه‌موو ڕۆمانێك واقیع و خه‌یاڵه؟ ئایا چۆن توانیوته زیاتر گرینگی به لایه‌نی واقیع بده‌ی له ڕۆمان؟ به‌و واتایه‌ی ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كانت زیاتر بۆ كه‌سایه‌تی دیار و كاتێكی دیاره؟
نه هه‌موو رۆمانه‌كان، ئێسته رۆمانی "كۆبانی" جیایه، رۆمانێكی واقیعییه و ناتوانین به‌راوردی بكه‌ین به رۆمانه‌كانی پێشوو، "مژاباد" رۆمانی یه‌كه‌می من بوو، له‌وێدا باسی كوردستان ده‌كه‌م، له "میرنامه" باسی ئه‌حمه‌دی خانی ده‌كه‌م، "سێ هه‌نگاو و سێداره‌یه‌ك" باسی شێخ سه‌عیده، به‌ڵام رۆمانه‌كانی تر كه‌سایه‌تییه‌كانی خه‌یاڵین، نه خه‌یاڵین نه كوردیشن.
تۆ وه‌ك نووسه‌رێكی رۆژئاوای كوردستان تا چه‌ند رازیت له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی له‌سه‌ر رۆمانه‌كانت نووسراون؟
سوپاس بۆ خوا من یه‌كێكم له‌و نووسه‌رانه‌ی چانسی باشیان هه‌یه و رۆمانه‌كانی هاتوونه‌ته وه‌رگێڕان بۆ شێوه‌زاری سۆرانی، به‌داخه‌وه سنووره‌كان له نێوان ئه‌ده‌بیات یان به‌شه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی كوردیش هه‌یه و زۆرن، رێگه ناده‌ن نووسه‌رانی كورد یه‌كتر بناسن، به‌ڵام ئێسته خۆشبه‌ختانه چه‌ندان وه‌رگێڕی گه‌وره چ كرمانج یان سۆرانی یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌كی گه‌رم و باش هه‌یه و بازاڕێكی گه‌رم بۆ هه‌ردوو ئه‌ده‌بیات هه‌یه به كورتی من سوپاسگوزارم.
ئایا ئێسته هیچ به‌رهه‌مێكت له به‌رنامه‌دایه؟
به‌ڵێ هه‌یه، به‌ڵام توانای من كه‌م بووه، زۆر كارم هه‌یه ده‌بێت ته‌واویان بكه‌م. بۆیه له‌مڕۆوه تا سه‌ری ساڵی نوێ، به‌رهه‌مێكم هه‌یه ده‌بێت ته‌واوی بكه‌م كه كارێكی زۆر گرنگه.
پڕۆفایلی نووسه‌ر
جان دۆست ساڵی ١٩٦٥ له شاری كۆبانی له دایك بووه، له زانكۆی حه‌له‌ب به‌شی بایولۆجی ته‌واو كردووه، له ساڵی ٢٠٠٠ـه‌وه له ئه‌ڵمانیا ده‌ژی، به شیعر ده‌ستی به نووسین كردووه و یه‌كه‌مین دیوانی (قه‌ڵای دمدم) له ساڵی ١٩٩١ له ئه‌ڵمانیا بڵاو كرده‌وه. دواتر "دیوانی جان"ی له ئیسته‌نبۆڵ و دوبه‌ی چاپ كرد، ڕۆمانی "مژاباد" ٢٠٠٤، "سێ هه‌نگاو و سێداره‌یه‌ك" ٢٠٠٧، "مارتینێ به‌خته‌وه‌ر" 2012، "میرنامه" ٢٠٠٩، "زه‌نگه‌كانی ڕۆما" ٢٠١٦ و كۆتا ڕۆمانی "عه‌شیقی وه‌رگێڕ"ـه ٢٠١٥ كه باس له گه‌شتێكی ٥٦ ساڵی ژیانی خۆی ده‌كات.