هه‌ردوو وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بڕیاریان دا هاورده‌كردنى گه‌نم به سه‌رجه‌م جۆره‌كانییه‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان ئاسایى بێت، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مین ساڵ ده‌بێت كه حكوومه‌تى هه‌رێم ڕێگه به هاورده‌كردنى سه‌رجه‌م جۆره‌كانى گه‌نم بدات.
به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى كوردستان راى گه‌یاند، مه‌به‌ستى بڕیاره‌كه هاوسه‌نگى بازاڕه و له ماوه‌ى ده‌ركردنى ئه‌و بڕیاره كه ته‌نیا چه‌ند ڕۆژێكه هه‌ست ده‌كه‌ن نرخى گه‌نم و دانه‌ویڵه‌كان به شێوه‌یه‌كى باش دابه‌زیوه.
بۆچى بڕیارى هاورده‌كردنى دانه‌وێڵه بۆ كوردستان درا؟
له نووسراوێكدا كه به ژماره 2554 ده‌رچووه و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى و وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ده‌ركراوه، تێیدا بڕیارى هاورده‌كردنى دانه‌وێڵه دراوه و ئاماژه به‌وه كراوه كه ڕێگه به ته‌واوى كۆمپانیا و ئاشه بازرگانییه‌كان ده‌درێت بۆ هاورده‌كردنى دانه‌وێڵه به سه‌رجه‌م جۆره‌كانییه‌وه.
خاڵس ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى كارگێڕى و ئابوورى له وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به"وشه"ى راگه‌یاند، بڕیارى هاورده‌كردنى گه‌نم ته‌نیا بۆ ئه‌مساڵ دراوه كه چه‌ند هۆكارێك له پشتى ده‌ركردنى بڕیاره‌كه‌ن و پێویست بوو ئه‌و بڕیاره بدرێت.
"هۆى یه‌كه‌مى ئه‌و بڕیاره، ئه‌وه‌بوو گه‌نم له بازاڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نه‌ما و هه‌وڵ ده‌درێت به‌م بڕیاره هاوسه‌نگى بازاڕ رابگیرێت و ئه‌و به‌شه‌ى هه‌ڵگیراوه له سایلۆكانى كوردستان به‌شى ماوه‌یه‌كى زۆرى نه‌ده‌كرد، جیا له‌وه‌ى نرخى گه‌نم و جۆ زیاتر له پێویستى به‌رز بووبووه‌وه" خاڵس وای گوت.
به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ روونی كرده‌وه، ئه‌و بڕیارى هاورده‌كردنى گه‌نمه، تا پێش ئه‌و واده‌یه كه گه‌نمى كوردستان پێ ده‌گات، دواتر بڕیاره‌كه جارێكى تر قسه‌ى له‌باره‌وه ده‌كرێت.
خاڵس ئه‌حمه‌د گوتى، هه‌ندێك مه‌رج و جۆرێتی بۆ چۆنیه‌تیى هاورده‌كردنى دانه‌وێڵه‌كان دانراوه كه هاورده‌كار ده‌بێت پێوه‌ى پابه‌ند بن، جیا له "بنه‌تۆ" كه ساڵانى رابردووش هاورده ده‌كرا.
هاوكات نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی بازرگانى له وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به"وشه"ى راگه‌یاند، بڕیارى هاورده‌كردنى دانه‌وێڵه دواى ساڵى 2014 راگیرابوو به‌هۆى بوونى گه‌نمێكى زۆرى جووتیارانى ناوخۆ، به‌ڵام به‌هۆى زۆرى رۆیشتنى گه‌نم بۆ ناوچه‌كانى مووسڵ، پێویستى ده‌كرد بڕیارى هاورده‌كردنى گه‌نم بۆ كوردستان ده‌ربكرێت.
زیاتر روونى كرده‌وه كه هاورده‌كردنه‌كه به‌پێى پێویستى بازاڕى ناوخۆ ده‌بێت جیا له "بنه‌تۆ"، بۆیه ئێسته هاورده‌كردنى دانه‌وێڵه به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه ئاسایییه.
هاوكات غه‌ریب پێنجوێنى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى كشتوكاڵ له په‌رله‌مانى كوردستان، به"وشه"ى راگه‌یاند، بڕیارى هاورده‌كردنى گه‌نم بڕیارێكى دره‌نگوه‌خته و پێویست بوو زووتر ئه‌و وه‌زاره‌تانه بڕیارى له‌و شێوه‌یه بده‌ن.
حكوومه‌ت گه‌نم ناكڕێته‌وه
خاڵس ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى كارگێڕى و دارایى له وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ره‌تى كرده‌وه كه ئه‌و گه‌نمه‌ى هاورده ده‌كرێت له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بێته كڕین. راى گه‌یاند "ئه‌وه ته‌نیا بۆ بازاڕ و كارگه‌كانى ئارده و هیچ پێوه‌ندی به كڕینى له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه نییه.
زیاتر گوتى، هه‌رچه‌ند گه‌نم هاورده بكرێت بۆ كوردستان ئاسایییه و هیچ ڕێژه‌یه‌ك دیارى نه‌كراوه بۆ هاورده‌كردنى سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هیچ وڵاتێك دیارى نه‌كراوه كه گه‌نمى لێ هاورده بكرێت.
هاوكات غه‌ریب پێنجوێنى په‌رله‌مانتارى كوردستان گوتى، دابینكردنى ئاسایشى خۆراك ده‌بوو ئه‌وكاته خه‌مى لێ بخورێت كه گه‌نمى كوردستان هه‌ڕاجفرۆش كرا به بازرگانه عه‌ره‌به‌كان كه ئه‌وه‌ش هێماى بێ پلانى ئه‌و وه‌زاره‌تانه بوو.
دواى بڕیاره‌كه نرخى دانه‌وێڵه هاڕه‌ى كرد
هه‌رچه‌نده له ماوه‌ى چه‌ند مانگى رابردوو به رێژه‌یه‌كى به‌رچاو نرخى گه‌نم به‌رز بووبووه‌وه، به‌ڵام لایه‌نى پێوه‌ندیدار ده‌ڵێن، دواى بڕیاره‌كه نرخى گه‌نم دابه‌زینى به خۆوه بینیوه.
خاڵس ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى كارگێڕى و ئابوورى له وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ، راى گه‌یاند، دواى ده‌ركردنى بڕیارى هاورده‌كردنى گه‌نم بۆ كوردستان، هاورده‌كارى زۆر داواى مۆڵه‌تى هێنانیان كردووه و هه‌ست ده‌كرێت ئه‌و بڕیاره ئاستى نرخى دانه‌وێڵه له بازاڕه‌كان دێنێته خواره‌وه.
لاى خۆیه‌وه نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى بازرگانى ئاماژه‌ى به‌وه كرد كه هه‌ر كه‌سێك كۆمپانیاى بازرگانى گشتیى هه‌بێت، ده‌توانێت گه‌نم هاورده بكات و ڕێگرى لێ ناكرێت، چونكه ئه‌و بڕیاره به‌شێوه‌یه‌كى زۆر نرخى گه‌نمى له بازاڕه‌كان هێناوه‌ته خواره‌وه و كاریگه‌رى راسته‌وخۆى له‌سه‌ر بازاڕه‌كان هه‌بووه.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى رێگه بدرێت ئاردى زیاتر هاورده بكرێت جیا له دانه‌وێڵه، ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى، ئاشكرای كرد، ئارد رێگرى لێ ناكرێت و ڕۆژانه ده‌یان هه‌زار تۆن هاورده‌ى كوردستان ده‌كرێت به‌پێى ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ى دراوه.
"ته‌نیا گه‌نم ناتوانێت هاوسه‌نگى بازاڕ دروست بكات، به‌ڵكو پێویسته خوارده‌مه‌نى تریش بیرى لێ بكرێته‌وه و ئه‌و گه‌نمه‌ى هاورده ده‌كرێت، نادرێت به هاووڵاتییان و له كۆگه‌كان بۆ كاتى پێویستى هه‌ڵده‌گیرێت". غه‌ریب پێنجوێنى واى گوت.
فارس عه‌لى كه كارى فرۆشتنى دانه‌وێڵه ده‌كات، به"وشه"ى راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى هاورده‌كردنى گه‌نم به ڕێژه‌یه‌كى باش نرخى گه‌نم و جۆ هه‌رزان بوو. زیاتر گوتى، نرخه‌كان به‌پێى رۆژ گۆڕانگارى به‌سه‌ردا دێت و ئێسته هاووڵاتییان به‌هۆى خراپى كوالیتى ئارد، روویان له كڕینى ئاردى بازاڕ كردووه كه بۆ هه‌ر 50 كیلۆیه‌ك 23 هه‌زار دیناره.
ئه‌و فرۆشیاره ئاماژه‌ى به‌وه كرد كه له‌گه‌ڵ هاورده‌كردنى دانه‌وێڵه، پێشبینى ده‌كه‌ن نرخى گه‌نم و جۆ زیاتر دابه‌زێت.
ئه‌م وڵاتانه گه‌نمى پله یه‌كیان لێیه بۆ هاورده‌كردن
به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ روونى كرده‌وه كه ئه‌و گه‌نمه‌ى هاورده ده‌كرێت، زۆرترینیان هی رووسیا و ئۆكرانیان، به‌ڵام هاورده‌كاران ئازادن له هێنانى گه‌نم و ره‌نگه له هه‌ندێ وڵاته‌وه بازاڕى هه‌رێم پڕ بكرێت له گه‌نم.
به‌پێى لێدوانى ئه‌و به‌رپرسه، ئوسترالیا و كه‌نه‌دا و رووسیا گه‌نمى پله‌یه‌كیان هه‌یه و ده‌توانرێت هاورده‌ى بازاڕه‌كانى كوردستان بكرێت كه پێشبینیش ده‌كرێت هه‌ر له‌و وڵاتانه‌وه دانه‌وێڵه هاورده بكرێت.
هاوكات غه‌ریب پێنجوێنى راى گه‌یاند، بازرگانانى كورد ده‌توانن ئه‌و كاره بكه‌ن و بازاڕه‌كانى كوردستان پڕ بكه‌ن له دانه‌وێڵه و پێویستى بازاڕ به‌هۆى ئه‌و سه‌رمایه‌ى هه‌یانه و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كارئاسانى بۆ كردوون.