مەرجی بڕووسیا دۆرتمۆند بۆ پێدانی دێمبلێ بە بەرشەلۆنە

:: AM:09:39:20/08/2017 ‌

بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی رایگەیاند، پێشوازی لە فرۆشتنی عوسمان دێمبلێی ئەستێرەی لاوی فڕەنسی دەكەن بۆ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیا، بەڵام بەمەرج.

یانەی بەرشەلۆنە ماوەیەكە هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ دێمبلێ دەدات بۆ پڕكردنەوەی شوێنی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی كە سەرەتای ئەم مانگە بەبەهای 222 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییەوە كرد.

مایكل زۆرك بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی دۆرتمۆند لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت) گوتی: هەڵوێستمان لەسەر فرۆشتنی دێمبلێ روونە، ئەگەر یانەی بەرشەلۆنە ئەو پارەیەی دا كە ئێمە داوای دەكەین ئەوا ئێمە دێمبلێیان پێ دەدەین، بە پێچەوانەشەوە هەرگیز بە رۆیشتنی رازی نابین.

جەختیشی كردەوە كە لە هەڵوێستەكانیان بەردەوام دەبن تا رۆژی كۆتایی ماوەی گواستنەوەی هاوینە و بەهیچ شێوەیەكیش نرخەكەی كەم ناكەنەوە.

ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو نرخەی یانەی دۆرتمۆند بۆ فرۆشتنی دێمبلێ لە یانەی بەرشەلۆنە داوای دەكات برێتییە لە 100 ملیۆن یۆرۆ، هەروەها یاریزانە تەمەن 20 ساڵییەكە خۆشی ئارەزوو دەكات بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە خولی ئیسپانیا و یانەی بەرشەلۆنەوە بكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م