بارزانی: دواخستن و ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم هەرگیز ڕوونادات

:: AM:09:43:20/08/2017 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكی لەگەڵ ڕۆژنامەیەكی سعوودی دووپات لەوە دەكاتەوە، كە دواخستن و ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم بە شێوەیەكی كۆتا بوونیان نابێ و گەلی كوردستان بڕیار لە چارەی خۆنووسینی خۆی دەدات. هێما بۆ ئەوەش دەكات كە عێراق باوەڕی بە هاوبەشایەتی و دەستوور نەماوە و شكستی هێناوە، بە هەمان ئامرازەكانی سەردەمی پێشوو بەرامبەر كورد و مافەكانی مامەڵە دەكات.

مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی "عوكاز"ی سعوودی ئاشكرای كرد، پڕۆژەی سەربەخۆیی كوردستان تەنیا پڕۆژەی من نییە، من شەرەفمەندم سەرپەرشتی ئەو پڕۆژەیە دەكەم، بەر لەوەی باسی ڕیفراندۆم بكەین، پێویستە باس لە پێش ئەو ساتە بكەین كە لە 2003 بڕیارمان دا بچینەوە بەغدا و عێراقێكی دیموكراتی و فیدراڵی بنیات بنێین و ئەزموونێكی سەركەوتوو پێشكەش بكەین، بەڵام بەداخەوە تووشی سەرسوڕمان بووین، چونكە بە هەمان ئامرازی پێشوو مامەڵەیان كردەوە، مافەكانیان پەراوێز خستین و هەوڵی نكۆڵی كردنیان دەدا، هاوبەشییان قبووڵ نەكرد و دەسەڵاتیان قۆرخ كرد، ئێمە دەستوورێكمان لە عێراق دانا، بەڵام بەسەر ئەویش بازیان دا و جێبەجێیان نەكرد، بەغدا بە نووكی قەڵەمێك بودجەی كوردستانیان بڕی، ئایا سەرۆك وەزیران دەتوانێ شیری منداڵانی كوردستان ببڕێ و مافەكانی كوردستان جێبەجێ نەكات، بە كام دەستوور و لەسەر چ بنەمایەك ئەو بڕیارە درا.

بارزانی دەڵێ، لە گفتوگۆمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ڕەزامەند نەبووین بە دواخستنی ڕیفراندۆم، بەڵام دووپاتمان لەوە كردەوە پرسەكان بە گفتوگۆ دەبن، ئەمەش مانای ئەوە نییە دوا بخرێ، بە شێوەیەكی بنەڕەتی دواخستن بوونی نییە و نابێ.

ڕۆژنامەكە پرسیویەتی، ئەگەر بەغدا بگەڕێتەوە بۆ بنەمای هاوبەشایەتی، لە ڕیفراندۆم پاشگەز دەبنەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وەڵامدا دەڵێ، ڕەنگە بەهۆی دۆخەكە و فشارەكان هاوبەشایەتی بۆ ماوەی ساڵێك یان دوو ساڵ دروست ببێتەوە، بۆیە كوردستان لەو سیاسەتەی گۆڕانكاری ناكات.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی تری دیدارەكە دەڵێ، لە ڕاستیدا نووری مالیكی هۆكارە بۆ گەیشتنی عێراق بەو دۆخەی ئێستە، ئەو باوەڕی تەواوی بە مەزەوییەت و قۆرخكردنی دەسەڵات و وێرانكردنی پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا هەبوو، دەستووری عێراقی پێشێل دەكرد، ئەمەش هۆكاری بەریەككەوتنمان بوو لەگەڵ مالیكی، هیچ پرسێكی كەسی لەوبارەوە نییە.

سەرچاوە/عوكاز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د