لە هەولێر كۆنفرانسێكی ئاینی بەڕێوە دەچێت

:: PM:03:45:02/11/2016 ‌

ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو كۆنفرانسێكی ئاینی لە شاری هەولێر ساز دەكرێت، بە ئامانجی رێكخستنی گوتاری ئاینی لە هەرێمی كوردستاندا.

نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆنفرانسەكە بە چاودێریی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پسپۆڕان و مامۆستایانی ئاینی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە شاری هەولێر بەردەوام دەبێت.

ئەو دەڵێ‌، "لەم كۆنفرانسە جارێكی تر گوتاری ئاینی ڕێك دەخرێتەوە، ئەوەش بە بەشداریی مامۆستایانی ئاینی لە سەرجەم شار و شارۆكەكان، لەگەڵ چەندان بیرمەندی ئیسلامی و خاوەن بڕوانامەی بەرز لە بواری ئاینی كە بەشداری لە كۆنفرانسەكەدا دەكەن".

زیاتر دەڵێ‌، "لە كۆتای كۆنفرانسەكەدا ئەو راسپاردە و پێشنیازانەی دەردەكرێن وەك رێنوێنی بەسەر هەموو مزگەوت و قوتابخانە و خانەقایانەدا دابەش دەكرێت كە گوتاری ئاینییان تێدا پێشكەش دەكرێت و دەبێت بەپێی ئەو رێنوێنییانە گوتارەكانیان پێشكەش بكەن".

وشە/ رامیار جواد


وشە - ڕێبین فه‌تاح