قه‌یسی بینین به‌هێز ده‌كات

:: AM:11:36:20/08/2017 ‌

قه‌یسی یه‌كێكه‌ له‌ میوه‌ به‌تامه‌كانی دنیا، جگه‌ له‌ تامه‌ خۆشه‌كه‌ی، چه‌ندان سوودی ته‌ندروستی هه‌یه‌ و ده‌توانرێت وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆ چه‌ندان نه‌خۆشیی به‌كار بهێنرێت. هه‌روه‌ها قه‌یسی به‌ چه‌ندان ماده‌ و ڤیتامین ده‌وڵه‌مه‌نده‌، ئه‌م میوه‌یه‌ چه‌ند جۆری خوێ كانزایییه‌كانی تێدایه‌، له‌وانه‌ فسفۆڕ و ئاسن و كالسیۆم پۆتاسیۆمی تێدایه‌.

 قه‌یسی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ ڤیتامین (A) كه‌ زۆر سوودی بۆ تۆڕی چاو هه‌یه‌ و ئاستی بینینیش به‌هێز ده‌كات، هه‌روه‌ها بڕێكی زۆر ڤیتامین  (B)شی تێدایه‌ كه‌ بۆ خوێن زۆر گرنگه‌، ئه‌م میوه‌یه‌ بڕێكی باش ڤیتامین (C) تێدایه‌ كه‌ به‌رگریی جه‌سته‌ به‌هێز ده‌كات له‌ دژی ڤایرۆسه‌كان.

%13 قه‌یسی له‌ شه‌كر پێك هاتووه‌، هه‌روه‌ها %25 له‌ ماده‌ نیشاستییه‌كانه‌.
لێكۆڵینه‌وه‌ پزیشكییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌های خۆراكی قه‌یسی له‌ دروستكردنی خڕۆكه‌ سووره‌كانی خوێندا هاوتایی جگه‌ری ئاژه‌ڵه‌.

پسپۆڕه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن باشتره‌ قه‌یسی پێش نان خواردن بخورێت و هه‌روه‌ها توێكڵه‌كه‌شی لێ نه‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌شی زۆری ماده‌ خۆراكییه‌كان و ڤیتامینه‌كانی له‌ توێكڵه‌كه‌یدایه‌، هه‌روه‌ها وا باشتره‌ كه‌ به‌ چه‌قۆ له‌ت نه‌كرێت.

چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی پزیشكی تازه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن قه‌یسی سوودی زۆری بۆ ڕه‌گه‌زی مێیینه‌ هه‌یه‌ و له‌ نه‌خۆشییه‌كانی پێست ده‌یانپارێزێت، قه‌یسی زه‌یتیشی لێ دروست ده‌كرێت و ڕێژه‌یه‌كی زۆر ڤیتامین (H) تێدایه‌ كه‌ پێست نه‌رم ده‌كاته‌وه‌ و نایه‌ڵێت نیشانه‌كانی پیربوون زوو ده‌ربكه‌وێت.

سه‌رچاوه‌/ wiki-fitness


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان