"ئوسامە بن لادن" لە عێراق دەركەوتەوە

:: PM:12:03:20/08/2017 ‌

ماڵپەڕی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، گەنجێكی دانیشتووی بەغدا بەناوی "ئوسامە بن لادن" سەردانی وەزیری ناوخۆ دەكات بۆ گۆڕینی ناوی كە دووچاری كێشەی زۆر بووە.

لە هەواڵەكەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتووە، بن لادن باوكی بەهۆی سەرسامبوونی بە سەرۆكی پێشووی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەوە، ئەو ناوەی بۆ هەڵبژاردووە كە ئێستە بۆی بووەتە كێشە.

گەنجەكەش بە هەڵبژاردنی ناوی "ئەحمەد" كۆتای بەو كێشە و گرفتانە هێنا كە بەهۆی"ئوسامە بن لادن"ەوە دووچاری بووبوو.

هەرچەندە پێشتر گەنجەكە هەوڵی گۆڕینی ناوی داوە، بەڵام بەهۆی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ راگرتنی مامەڵەكانی ناوگۆڕین، هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبوون.

"ئوسامە بن لادن" سەرۆكی پێشووی ڕێكخراوی تیرۆرستی قاعیدە بوو لە وڵاتی ئەفغانستان بە ڕەچەڵەك سعوودیی بوو، لە ساڵی 2011 لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكا كوژرا و دواتر تەرمەكەی فڕێ درایە ناو زەریای هیندی.

ڕێكخراوی قاعیدە چەندان كردەوەی تیرۆریستی لە دنیادا ئەنجام دا، لە 11 سێپتێمبەری 2001 كە بەچەند فڕۆكەیەك خۆیان بەتاوەری بارزگانی جیهان كێشا و چەند هەزار هاووڵاتییەك بوونە قوربانی.






وشە - رامیار جەواد