كرێكارانی كێڵگەی نەوتی تەقتەق مانیان گرت

:: PM:02:28:20/08/2017 ‌

بەهۆی بڕیارێكی كۆمپانیای خاوەنكار لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كاری دەیان كرێكار، كرێكارانی كێڵگەی نەوتی تەقتەق مان گرتنیان راگەیاند و كاركردنیان راگرت.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە ناو مانگرتنی كرێكارانی كێڵگەی نەوتی تەقتەق بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەم 20ی ئابی 2017 دەیان كرێكار و كارمەندی كێڵگەی نەوتی تەقتەق مان گرتنیان راگەیاندووە و كارەكانیان راگرتووە.

روونی كردەوە، "مانگرتنی كرێكارانی كێڵگە نەوتییەكە بۆ بڕیارێكی كۆمپانیای TTOPCOی سەركار لەو كێڵگە نەوتییە دەگەڕێتەوە بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كاری 60 كرێكاری كێڵگە نەوتییەكە، ئەوەش ناڕەزایەتی سەرجەم كرێكارانی بەدوای خۆیدا هێناوە و دەستیان لە كارەكانیان هەڵگرتووە".

یەكێك لە كرێكارانی ئەو كێڵگەیە بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، "تا ئێستە بۆ ئێمە روون نییە ئەو 60 كرێكارەی دەیانەوێت گرێبەستەكانیان هەڵبوەشێننەوە كێن، بەڵام بە كۆی گشتی بڕیاری مانگرتنمان داوە و نامانەوێت هیچ كرێكارێك لەو كێڵگەیە دەربكرێت".

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كاری 60 كرێكاری كێڵگەی نەوتی تەقتەق، پاش ئەوە دێت كە لە 18ی ئابی ساڵی رابردوودا، كۆمپانیای سەركاری كێڵگە نەوتییەكە بڕیاری لەسەر كەم كردنەوەی ژمارەی كرێكارانی كۆمپانیایەكە یان داشكاندنی 15% تا 25%ی مووچەی سەرجەم كرێكارەكانیان دا، ئەوەش هاوشێوەی ئێستە، مانگرتنی كرێكارانی كۆمپانیایەكەی بەدوادا هات و لە كۆتاییدا كرێكارەكان لەگەڵ كۆمپانیایەكە رێككەوتن بە كەم كردنەوەی رێژەیەك لە مووچەكانیان بەو مەرجەی كە گرێبەستی هیچ كرێكارێك هەڵنەوەشێنرێتەوە.

ئەندازیارێكی نەوت لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق كە نەیویست ئاماژە بە ناوەكەی بدرێت بۆ "وشە"ی روونكردەوە، زۆرینەی ئەو كرێكارانەی ئەمڕۆ یەكشەم مانیان گرتووە لەبەشە خزمەتگوزارییەكان كار دەكەن، بەڵام مانگرتنەكە ئەو كرێكارانەی نەگرتووەتەوە كە لە هەڵكەندن یان پەرەپێدانی بیری نەوتدا كار دەكەن و بەو هۆیەشەوە چالاكییەكانی هەڵكەندن و پەرەپێدانی بیری نەوت لە كێڵگەكەدا نەوەستاوە، بەڵام كاركردن لەتەواوی بەشەكانی تری كێڵگەكەدا راگیراوە.

روونی كردەوە، "ئەگەر كرێكارە خۆماڵییەكان فشار و داواكارییان هەبێت، بەدڵنیاییەوە كرێكارانی بەشەكانی تر دێنە پاڵ مانگرتووانەوە، هاوشێوەی تەواوی مانگرتنەكانی تر و ئەوەش گوشارەكان لەسەر كۆمپانیایەكە زیاتر دەكات".

كۆمپانیای TTOPCOی سەركار لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق لە هەردوو كۆمپانیای جەنەڵ ئینێرجی و ئەداكس پێترۆلیەم پێك هاتووە. ئەو كێڵگە نەوتییە لە ساڵی 2002دا یەكەم كێڵگەی نەوتی بوو لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە گرێبەستی نەوتی لەسەر واژۆ كرا.

ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگە نەوتییەكە بە چەند هۆكارێكی تەكنیكییەوە بەتەواوەتی لە كورتی داوە، كۆمپانیا خاوەنكارەكانی كێڵگەكە كورتهێنانی بڕی بەرهەمهێنان وەك پاساوێك بەكاردێنن بۆ كەم كردنەوەی ژمارەی كرێكارەكانیان.

كێڵگەی نەوتی تەقتەق لە رۆژئاوای كۆیە هەڵكەوتووە. لە پەنجاكانی سەدەی رابردوودا یەكەمین بیرەكانی نەوتی لەسەر دەستی كۆمپانیای نەوتی عێراقی تێدا هەڵكەندراوە، بەڵام حكوومەتی عێراقی نەیتوانیوە نەوتی تێدا بەرهەم بێنێت. پاش راپەڕینی 1991 و پێكهێنانی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ یەكەمجار لە ناوەڕاستی نەوەتەكانی سەدەی رابردوودا نەوت لەو كێڵگە نەوتییە لەسەردەستی ئەندازیاران و كرێكارانی خۆماڵی دەرهێنرا.




وشە - ڕێبین فه‌تاح