كەركووك بۆ یو ئێن: ڕیفراندۆم دواناخرێ و به‌شدار ده‌بین

:: PM:02:56:20/08/2017 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان گەیشتە كەركووك و لەگەڵ پارێزگاری شارەكە كۆ بووەوە، لە دیدارێكدا نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك دووپاتی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كەركووك كردەوە و بوونی هەر مەرجێكیشی بۆ هەڵبژاردن لە كەركووك ڕەت كردەوە.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان، ئامانجی سەردانەكەی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كەركووك پرسی ڕیفراندۆم و دۆخی ئاوارەكان و ڕزگاركردنەوەی شارۆكەی حەویجە بووە، بۆ پێكەوەژیانی زیاتر و ئاشتی و تەبایی نێوان لایەنەكانی كەركووك.

لە میانەی دیدارەكەدا پارێزگاری كەركووك دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە لە 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەر ڕیفراندۆم لە كەركووك ئەنجام دەدرێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، سووربوونی خۆیشی ڕاگەیاندووە كە ڕیفراندۆم دوا ناخرێ و لە كەركووكیش ئەنجام دەدرێت.

لەلایەكی ترەوە لە پرسی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، نەجمەدین كەریم یان كۆبیشی ئاگەدار كردووەتەوە كە ئەوان هیچ مەرجێك لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان قبووڵ ناكەن.

لە بەرامبەریشدا یان كۆبیش داوای لە پارێزگاری كەركووك كردووە، ڕێگر بێ لە دووركەوتنەوەی پێكهاتەكان لە یەكتر و نەمانی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی شارەكە، بەتایبەت بەم دواییە كە لەسەر پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان دروست بووە. پارێزگاری كەركووكیش پشتیوانی خۆی بۆ پێكەوەژیانی پێكهاتەكان دووپات كردووەتەوە و هەڵدانی ئاڵای كوردستانیشی بە كارێكی یاسایی ناو بردووە.

سه‌رچاوه‌/مه‌وازین.




وشە - باز ئه‌حمه‌د