باندێكی دەربازكردنی كەسوكاری چەكدارانی داعش گیران

:: PM:11:26:20/08/2017 ‌

ئاسایشی كەركووك ژمارەیەك تاوانبار دەگرن كە كاریان كردووە بۆ دەربازكردنی كەسوكاری چەكدارانی داعش لە شارۆكەی حەویجەوە بەرەو شاری كەركووك لە بەرامبەر وەرگرتنی برێك پارەوە.

فەرهاد حەمەعەلی بەرپرسی هۆبەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی پارێزگای كەركووك بە"وشە"ی ڕاگەیاند، دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی  ورد، هێَزەكانمان توانیان لە هەڵمەتێكدا لە شارۆكەی (داقووق)، باندێك بگرن كە لە سێ كەس پێك هاتبوون.

زیاتر گوتی، ئەو سێ كەسە ناوەكانیان (أ.ف.م) بە رەگەز توركمان و هەریەك لە (م.ھ.ع) و (ج.م.ع) كە بە رەگەز عەرەبن و خەڵكی شارۆكەی (دووز)ن و ئاماژەی كرد كە ئەم باندە كاریان دەربازكردنی كەسوكاری چەكدارانی داعش بووە لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەیەكی زۆر.

 بەرپرسی هۆبەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی پارێزگای كەركووك دووپاتی كردەوە كە ئەو باندە كەسوكاری چەكدارانی داعشیان لە سنووری شاروكەی (حەویجە)وە بۆ ناو شاری كەركووك بە شێوەی قاچاغ و بە ناسنامەی ساختە گواستووەتەوە.

رای گەیاند كە ئەم باندە لە كاتێكدا گیران كە بە نیازبوون ژنێك بە ناوی (س.ی.گ)، دەربازی شاری كەركووك بكەن كە لەژێر كوشنی ئۆتۆمبێلەكەیان حەشاریان دابوو، كە ئەو ژنە ماوەی سێ ساڵە لە (حەویجە) چەكداری داعش بووە و لە دیوانی حوسبە، واتە پۆلیسی داعش، كاری كردووە و ئێستەش كوڕێكی تیرۆریستی (داعش)ە لە  حەویجە. 
   
دووپاتی كردەوە كە ئەم باندە تا ئێستە بە ناسنامەی ساختەوە چەندین جاری تر كەسوكاری تیرۆریستانی داعشیان هێناوەتە ناو شاری كەركووك و لە بازگەكان دەربازیان كردوون.

كەركووك/ دلۆڤان مەجید كاكەیی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل