كەشتییەكی سەربازی ئەمەریكی تێكشكێنرا

:: AM:08:48:21/08/2017 ‌


ئەمڕۆ دووشەم هێزی دەریاوانی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، كەشتییەكی سەربازی ئەمەریكی لە ئاوەكانی نزیك وڵاتی سەنگاپوور، خۆی بە كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئەو وڵاتە كێشاوە و بەو هۆیەوە 10 دەریاوانی ئەمەریكا ون بوون و پێنجی تریشیان بە قورسی بریندار بوون.

لە ڕاگەیەنراوێكی هێزی دەریایی ئەمەریكا هاتووە، كەشتی "یو ئێس ئێس جۆن ئێس ماكین" خۆی بە كەشتییەكی نەوتهەڵگر له ئاوەكانی ڕۆژهەڵاتی سەنگاپوورە كێشاوە و تا ئێستە 10 دەریاوانی ئەمەریكی ونن و پێنجی تریشیان بریندارن.

بەریەككەوتنی ئەو كەشتییەكەی ئەمەریكا بە نەوتهەڵگرەكە، دەبێتە دووەم حاڵەتی تێكشكانی كەشتییەكانی ئەمەریكا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو، پێشتر لە 17 حوزەیران/یۆنیۆ كەشتییەكی تری ئەمەریكی بە ناوی "یو ئێس ئێس فیتزگیرالد" لە كەناراوەكانی ژاپۆن خۆی بە كەشتییەكی بارهەڵگری فلیپینی كێشا و بەهۆیەوە حەوت دەریاوانی ئەمەریكی گیانیان لە دەست دا.

ئەو كەشتییەی خۆی بە نەوتهەڵگرەكە كێشاوە، هەڵگری مووشەكی جۆراوجۆر بووە و بەرەو كەناراوەكانی كۆریای باشوور له‌ ڕێدا بووه‌، ئەمەش لە چوارچێوەی زیادكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە ژاپۆن و كۆریای باشوور، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك كە لەلایەن كۆریای باكورەوە بكرێتە سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی.

جۆن ئێس ماكین تەنیا لە لای چەپی و لە بەشی دواوەی تووشی زیان و تێكشكان بووە لەگەڵ كەشتی "ئەلنیك ئێم سی" نەوتهەڵگر، ئێستەش هەڵمەتەكانی گەڕان و بەهاناوەچوون بۆ دۆزینەوەی ئەو 10 دەریاوانەی ئەمەریكا بەردەوامیان هەیە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د