بانكی ناوەندی كردنەوەی لقی لە كوردستان ڕاگرت

:: AM:09:23:21/08/2017 ‌

ڕۆژی شەمووی ڕابردوو بانكی ناوەندی عێراق بڕیاری دەركردووە بە وەستاندنی كردنەوەی لقی بانكەكە لە هەولێر و سلێمانی بەهۆی ڕیفراندۆم كە بڕیارە لە 25ی ئەیلوول ئەنجام بدرێت، چونكە بانكەكە ترسی لێ نیشتووە و گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەڕوات و پێویست بە كردنەوەی لقی ئەو بانكە لە شارەكانی كوردستان ناكات.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی عێراق ئەحمەد حاجی ڕەشید ئاشكرای كرد، لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە بانكی ناوەندی كار دەكات بۆ كردنەوەی لقی خۆی لە هەولێر و سلێمانی، دەبوو لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو كارەكانیان تەواو بووایە و لقەكان بكرێنەوە.

پێگەی "سكای نیوز" لە زاری ناوبراوەوە بڵاوی كردووەتەوە، لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بڕیاری كردنەوەی لقی بانكەكە لە هەولێر و سلێمانی ڕاگیراوە و هۆكارەكەیشی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە كە بڕیارە لە 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەر ئەنجام بدرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان، بانكەكە بە تەواوی ترسی لێ نیشتووە و گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە كوردستان بەرەو سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق هەنگاو دەنێ، بۆیە كردنەوەی لقی لە هەولێر و سلێمانی بە پێویست نەزانیوە.

هاوكات بەغدا تەواوی كارتەكانی خۆی بەرامبەر كوردستان سووتاندووە و بە بڕینی بودجە و مووچە نەیتوانی ڕێگری لە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بكات، ئێستەش كوردستان كارتی بەهێزی بەغدای لە ژێر دەستە و هەركات بخوازێ دەتوانێ دژی بەغدا بەكاریان بهێنێت، ئاو یەكێكە لە گرنگترین و بەهێزترین كارتەكانی دەستی كوردستان.





وشە - باز ئه‌حمه‌د