باوكێك لە هەولێر سواڵ بە چوار منداڵەكەی دەكات

:: AM:10:02:21/08/2017 ‌
پیاوێكی تەمەن 52 ساڵە و خاوەنی چوار منداڵ لە هەولێر، ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە منداڵەكانی ناچاری سواڵكردن دەكات، ئەو پارەیەی كە منداڵەكانیشی بۆی دەهێننەوە، بە گوتەی كچ و ژنەكەی لە قوماركردندا دەیدۆڕێنێت، ئەو پیاوە كە ئێستە لە گرتووخانەدایە بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ كوشتنی كچەكەی و ژنەكەی، بەڵام خێزانەكەی ترسیان لە بەربوونی هەیە و دەڵێن دڵنیان لەوەی لە گرتووخانە دەربچێت كارەساتی گەورەتریان بەسەر دێنێت.

سلێمان ئەو پیاوەیە كە ماوەی چەند مانگێكە بەهۆی هەوڵدان بۆ كوشتنی كچە 19 ساڵەكەی  و ژنەكەی گیراوە، دوای ئەوەی ژنەكەی لە گرتووخانە سەردانی كردووە پێی گوتووە كە لە گرتووخانە دەربچێت هەردووكیان زیندەبەچاڵ دەكات. 

ئاسیا كچی گەورەی سلێمانە و تا پۆلی چواری سەرەتایی خوێندووە، دواتر باوكی بۆ سواڵكردن لە قوتابخانە دەریهێناوە، ئێستە بەدوای كارێكدا دەگەڕێت كە بتوانێت دوور لەو خووڕەوشتەی باوكی لەگەڵ دایكیدا بژێوی خێزانەكی پێی دابین بكات، ئەو دەڵێت لەدوای گرتنی باوكی، نە خۆی نە براكانی كاری سواڵكردن ناكەن و ناشیانەوێ بگەڕێنەوە سەر ئەو كارە، ئاسیا چیرۆكی ژیانی بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە و وردەكارییەكان دەخاتە ڕوو.

ئەو كچە گوتی، لەوكاتەی بیرم دێت هەر ڕۆژە و ژیانمان بە جۆرێكە هەر جۆرێكیان لەوەی تر ناخۆشترە، باوكم بە زۆر سواڵی پێ دەكردین، ئەگەر نەچووینایە و پارەمان بۆ نە هێنایەتەوە ئەو ئێوارەیە نە نانمان دەخوارد و نە بۆشمان هەبوو بچینە ژوورەوە، من و دوو براكەم كە لە من گەورەترن، زیاتر لە ١٥ ساڵە سواڵمان پێ دەكرێت، دایكم سەرەتا ڕێگری دەكرد، بەڵام دواتر نەیتوانی ڕووبەڕووی باوكمان ببێتەوە.

هەروەها گوتی، بۆ ئەوەی فێری ئەو كارە نەبین، ڕای هێنابووین كلێنكس و ئاو بفرۆشین و پارە پەیدا بكەین، ماوەی دوو ساڵ ئەو كارەمان كرد و لای باوكم دەمانگوت سواڵ دەكەین، بەڵام كەس پارەی زۆرمان ناداتێ، چونكە ئەو پارەی بەفرۆشتنی ئەو شتانە دەستمان دەكەوت، زۆر كەمتر بوو لەو پارەیەی بە سواڵ دەستمان دەكەوت، بۆیە باوكم چاودێری كردین و ئاشكرا بووین.

ئەوكاتەی سلێمان دەزانێت كە منداڵەكانی درۆیان لەگەڵدا كردووە، هەرسێكیان دەخاتە ژوورێك و یەك هەفتە ناهێڵێت نان بخۆن و لە سەرمای زستاندا بەبێ هیچ گەرمكەرەوەیەك دەیان هێڵێتەوە، پێشیان دەڵێت "ئەگەر بێت و دووبارەی بكەنەوە، ئەوا هەرسێكیان بەیەكەوە دەسووتێنێت".

ئاسیا ئاماژەی دا، ماڵی باپیری و مامەكانیشی ئاگاداری ئەو كارە بوون كە باوكیان بەرامبەری كردوون و ڕێی نەداوە هیچ كام لە منداڵەكانی بشخوێنن، تەنانەت دوای لەدایكبوونی خوشكە بچووكەكایان هەڕەشەی لە دایكیان كردووە كە دەبێت منداڵەكە ببات و بچێت سواڵی پێوە بكات، بەڵام ماڵی مام و باپیرەم بێدەنگبوون لە ئاستیدا، چونكە باوكی هەمیشە بە خوانی ڕازاوە و پارە پێدان دەمبەستی كردوون.

ژیان ژنی سلێمانە خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕینە، لەبارەی چیرۆكی خێزانەكەی بۆ "وشە" گوتی، ئەوەی بە زمان دەیڵێم و دەنووسرێتەوە هەرگیز ناتوانێت وێنای ئەو تاڵاییە بكات كە لە ژیانی ئێمە هەیە و من و منداڵەكانم چەشتوومانە، سلێمان لە بێكەسی من سوودی وەرگرت و ئەوەی وەك هەل قۆستەوە و منیش و منداڵەكانیشمانی وەك چۆن ویستی ئاوا بەكاری هێناین.

ئەو كە خۆی بە تاوانبار دادەنێت بەرامبەر منداڵەكانی، نایشارێتەوە كە سەرەتای  هاوسەرگیرییان پێی گوتووە با منداڵمان ببێت و بمانژێنێت، بەڵام ئەو لەو بڕوایەدا نەبووە كە بەڕاستی بێت و باوكێك بتوانێت وا بەرامبەر منداڵەكانی بكات.

ژیان ڕوونی كردەوە، پێوەندیی سلێمان لەگەڵ منداڵەكانیدا تەنیا ئەوەندە بووە كە پارەی لێ وەرگرتوون، ئەگەر ڕۆژێك پارەكە كەم بوایە ڕێی نەدەدا نان بخۆن یان لە ژوورەوە بخەون، ئەو هەمیشە گوتوویەتی ئەوان بەهەر شێوەیەك بێت دەبێت پەیدای بكەن و منیش چۆنم بوێت بەو شێوەیە خەرجی دەكەم.

ئاسیا، ئەو كچەی ئێستە لەگەڵ دایكیدا خەمی بەڕێوەبردنی خێزانەكەی گرتووەتە ئەستۆ و دەیانەوێت لە دەست ئەو پیاوەی بە ناوی باوكایەتییەوە كاری نامرۆڤانەیان پێ دەكات ڕزگاریان ببێت.

ئەو باسی ئەو كاتە دەكات كە باوكی ویستوویەتی لەگەڵ دایكیدا بیانكوژێت، لەبەر ئەوەی ڕازی نەبووم لەگەڵ پیاوێكی تەمەن 80 ساڵ هاوسەرگیری بكەم كە پارەیەكی باشی بە باوكم دەدا، ڕوبەڕووی خۆم و دایكم بووەوە بە چەقۆ هێرشی كردە سەرمان و ویستی بمانكوژێ، كە ئێمە ڕامانكردە حەوشە و هاوارمان كرد، دراوسێكانمان هاتن بە هاوارمانەوە و پێوەندییان بە پۆلیسەوە كرد، لە دادگاش شایەتی ئەوەیان دا كە ویستوویەتی بمانكوژێ و كاری یەكەم جاری نەبووە.

بەهۆی ئەو داوایانەی پێشتر لەسەر سلێمان تۆمار كراوە و ئەو داوایەش كە كچ و ژنەكەی لە دژیان تۆمار كردووە، ماوەی سێ ساڵ حوكمی گرتنی بۆ دەرچوو، ئێستە ماوەی چەند مانگێكە لە گرتووخانەیە، خێزانەكەشی دەیانەوێت تا وادەی بەربوونی سلێمان هەولێر جێ بهێڵن و بچنە شوێنێك نیشتەجێ بن كە سلێمان دوای ئازادبوونی نەتوانێت بیان دۆزێتەوە.

هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د