كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و گۆڕان ده‌ستی پێ کرد

:: AM:10:34:21/08/2017 ‌

شاندی پارتی بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ، گەیشتە سلێمانی و چەند خولەکێک لەمەوبەر لە گردی زەرگەتە لەسەر پرسی ریفراندۆم و كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان دەستیان بە کۆبوونەوە کرد.

یەكێك لە گرنگترین بابەتی گفتوگۆی نێوان شاندی پارتی و گۆڕان، بریتی دەبێت لە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان كە بۆ ماوەی دوو ساڵە چالاكییەكانی وەستێنراوە.

دوێنێ یەكشەم عەبدوڕەحمان عەلی بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاندبوو، بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەكەدا ئەجێندای دیاریكراوی هەیە و گفتوگۆكانی لە چوارچێوەی ئەو بەیاننامەیە دەبن كە پێشتر گۆڕان بڵاوی كردووەتەوە.

ئەو باسی لەوەش كردبوو، كۆبوونەوەی سبەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەیەكی گرنگ دەبێت، بەتایبەت كە دووقۆڵی باسی چارەسەری كێشەكان دەكەن.

ئەو پێشبینیشی كرد كە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ هەنگاوی ئەرێنی هەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان، بەتایبەت كە ماوەیەكی زۆرە ئەو دوو لایەنە هیچ كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵییان لەسەر چارەسەری كێشەكان ئەنجام نەداوە.

پەرلەمانی كوردستان بەهۆی ناكۆكیی سیاسی لە نێوان پارتی و گۆڕان لە ساڵی 2015ەوە دانیشتنەكانی وەستێنران. پێشتر گۆڕان داوای دانیشتن و كاراكردنەوەی پەرلەمان بە بێ مەرجی لە پارتی كردووە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئێستە بەو مەرجە رازی بووە.

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان تەواوی دەسەڵاتی بە خانەی راپەڕاندن داوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی بەو مەرجەی رێككەوتنەكە  داواجار لای ئەوان پەسند بكرێت.






وشە - سلێمان تاشان