رێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان تووشی ئیفلیجی بووە
پارێزگارەكانیان بە نایاسایی گۆڕیوە و قایمقامەكانیش لە یاد كراون

:: PM:04:49:02/11/2016 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەگوێرەی رێككەوتنەكەیان، هەردوو پۆستی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجەیان بە شێوەیەكی نایاسایی ئاڵوگۆڕ كرد، بەڵام رێككەوتنەكە لێرەوە وەستاوە و هێشتا پۆستی قایمقامی هەڵەبجە و سلێمانیش ئاڵوگۆڕیان پێ نەكراوە، بۆیە رێككەوتننەكەش بە ناتەواوی و هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، چونكە پاڵپشتی یاسایییان نییە.
 
بەختیار عەبدوڕەحمان، قایمقامی مەركەزی شاری سلێمانی لە پشكی گۆڕان ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان بۆ دوو ساڵ بە دووساڵ، هەركات پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە گۆڕانكارییان پێ كرا لە نێوان ئەو دوو حزبە، پارێزگاری هەڵەبجە درایە یەكێتی و پارێزگاری سلێمانی درایە گۆڕان، ئەوكات پۆستەكانی قایمقامیش گۆڕانكارییان بەسەر دێت.

 
هەروەها گوتی، لەبەر ئەوەی تا ئێستە پۆستەكانی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە لە نێوان ئەو دوو حزبە ئاڵوگۆڕیان پێ نەكراوە، بۆیە ئاڵوگۆڕی پۆستی قایمقام وەستاون، هەركات گۆڕانكاری پارێزگارەكان كران، ئەوكات پۆستی قایمقامی مەركەزی سلێمانی دەدرێتە یەكێتی و جێگرەكەی گۆڕان، لە بەرامبەردا پۆستی قایمقامی هەڵەبجەش دەبێتە هی گۆڕان و جێگرەكەی بۆ یەكێتی دەبێت.

 
ئاماژەی دا، پۆستەكان هەموویان پێوەندییان بەیەكترەوە هەیە و لە دوای ئاڵوگۆڕی پارێزگارەكان ئەوانەش دەكرێن، بەڵام تا ئێستە پارێزگاری سلێمانی جێگیر نەكراوە، لە دوای ئەوانە بەندەش لە پۆستەكەم نامێنم.
 
قایمقامی سلێمانی ئەوەشی گوت، لە 25ی ئاب/ئۆگستسی ئەمساڵ نامەی لێبوردنم نووسیوە، بەڵام چاوەڕێی ئاڵوگۆڕەكان دەكەین.
 
لە بەرامبەردا لەتیف شێخ عومەر، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یەكێتی و گۆڕان هیچ پەلەیان نییە لە ئاڵوگۆڕی پۆستەكاندا، چونكە چەند كارێكی گرنگتر لەوانە هەیە.
 
هەروەها گوتی، هەندێك كێشە هەیە كە ئەوان چارەسەر كران، بە ئۆتۆماتیكی پۆستەكانی قایمقامی هەڵەبجە و سلێمانیش لە نێوان گۆڕان و یەكێتی بەپێی ڕێككەوتنە دوو ساڵییەكە ئاڵوگۆڕ دەكرێن.

 
دوو ساڵ پێش ئێستە لە ساڵی 2014، یەكێتی و گۆڕان ڕێككەوتنێكی دوو ساڵ بە دوو ساڵیان كرد بۆ پۆستەكانی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و بەپێی ڕێككەوتنەكە، پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بۆ ماوەی دوو ساڵ درا بە گۆڕان و پۆستی پارێزگاری سلێمانیش بۆ یەكێتی، لە بەرامبەردا قایمقامی سلێمانی بۆ گۆڕان و هەڵەبجە بۆ یەكێتی. 

لە ماوەی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕەسمی نووسراوی پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەتی ڕەت كردەوە و ئاماژەی بەوە دا تا ئێستەش ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری سلێمانییە، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر گۆڕان و یەكێتی دەستكێشانەوەیان بە ئاسۆ فەرەیدوون ئەنجام دا و دواتریش هەڤاڵ ئەبوبەكر بە پارێزگاری شار هەڵبژێردرا، بەڵام نێردرایەوە ماڵەوە و سەردار قادر بە وەكالەت پۆستی پارێزگاری سلێمانی پێ درا، بەڵام ئەمیش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەت كرایەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - باز ئه‌حمه‌د