مەسروور بارزانی: ئیرادەی گەلەكەمان بەهێز بێت و بڕیار لە سەربەخۆیی بدات كەس ناتوانێ رێگر بێت

مەسروور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكدا ئاماژە بە هەوڵ و هەنگاوەكان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كە بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان بە سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی سنووری ئیداریی هەرێم، بەڕێوە بچێت دەكات.
ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بۆچوون و كاردانەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ڕیفراندۆم دەخاتەڕوو، رای دەگەیەنێت، كەی خۆمان متمانەمان بە خۆمان بەهێز بوو و ئامادە نەبووین بە كەمتر لە مافی خۆمان رازی بین، ئەوكات ئیتر نەك تەنیا كەس ناتوانێت رێگەمان لێ بگرێت، بەڵكوو رێزیشمان زیاتر دەگیرێت.

- بەڕێز كاك مەسروور بارزانی، خەڵك بە گشتی، چ ئەوانەی زۆر بەپەرۆشەوە پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن و چ ئەوانەش كە نەیارن و بە ئاشكرا دژایەتیی ئەم پرۆسەیە دەكەن، هەست بەو متمانە بەهێزەی سەرۆك بارزانی و بەڕێزتان و پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەكەن، كە بۆ سەركەوتنی ریفراندۆم لاتان دروست بووە، دەكرێ بۆمان روون بكەنەوە، ئەو متمانەیە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
پێش هەموو شتێك، متمانە لە ناخی خۆمانەوە دەست پێ دەكات، مافی سەربەخۆیی، مافێكی سروشتی و یاسایی خۆمانە. گەورەترین كێشە ئەوەیە كە گومان لەسەر ئەو مافە دروست بێت و بڕوامان بەوە نەمێنێت كە ئێمە دەتوانین ئەو مافە دەستەبەر بكەین. كەی خۆمان متمانەمان بە خۆمان بەهێز بوو و ئامادە نەبووین بە كەمتر لە مافی خۆمان رازی بین، ئەوكات ئیتر نەك تەنیا كەس ناتوانێت رێگەمان لێ بگرێت، بەڵكوو رێزیشمان زیاتر دەگیرێت. جەنابی سەرۆك ئەو متمانەیەی بۆ خەڵكی كوردستان دروست كردووە كە كەمتر نین لە هیچ نەتەوەیەكی تر. ئێمە پێش هموو كەس، پشتمان بە خوا و ئینجا خەڵكی كوردستان بەستووە، دڵنیاشم ئەگەر گەلی ئێمە خۆی بە كەمتر لە خەڵكی تر نەزانێت، دەتوانین بەو مافە شاد بین، وڵاتانی تریش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی مامەڵە دەكەن و بەرژەوەندیی درێژخایەنی هیچ وڵاتێك لەوەدا نییە دژایەتیی خەڵكی كوردستان بكات. لەبەرئەوە ریفراندۆم دەربڕینی هەستی گەلەكەمانە و گومانم نییە لەوەی كە بەشداریكردنی دڵسۆزانی گەلەكەمان ئەم ریفراندۆمە سەردەخات.     

- لە كۆنفرانسی (كوردستان.. ھاوپەیمانی ستراتیجیی ئەمریكا لە ناوچەكە) كە لەم دواییەدا لە ئەمریكا بەڕێزتان تێیدا بەشدار بوون، بینیمان كە كۆمەڵێ كەسایەتیی گرنگی ئەو وڵاتە، چ لە ئاستی كۆنگرێسمانەكان و چ لە ئاستی سیاسەسەتمەدارە گرنگەكان و ژەنەراڵە سەربازییەكان و چ ئەو كەسایەتییانەی كە دەكرێ بڵێین كاریگەرییان هەیە لەسەر ناوەندەكانی بڕیاری ئەو وڵاتە، داكۆكی و پشتیوانیی بەھێزی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، دەربڕی، ئەو پشتیوانییانە چ كاریگەرییەكیان هەیە لەسەر رای رەسمیی حكوومەتی ئەمریكی لەسەر ریفراندۆم؟
 ئەمەریكا وڵاتێكە، گرنگیی زۆر بە رای گشتیی هاووڵاتیانی دەدات. لەو كۆنفرانسەشدا خەڵكێكی زۆر بەئەزموون و بەڕێز ئامادە بوون و چەندین كۆنگرێسمان و كەسایەتیی دیاری سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە بەشدارییان كرد. ئەوانەش بەشێك بوون لەو كەس و لایەنانەی بەڕاشكاوی پشتگیریی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكەن. بڕیاربەدەستانی ئیدارەی ئەمریكاش تا رادەیەكی زۆر هەڵسەنگاندن بۆ رای خەڵكی خۆیان دەكەن، بۆیە تا ئێمە زیاتر بتوانین پشتیوانیی گەلی ئەمریكا بەدەست بێنین، دەتوانین زیاتر كاریگەری لەسەر هەڵوێستی فەرمیی حكوومەتی ئەمریكا بكەین.
 
-  هەر لەو كۆنفرانسە، بە شێوەیەكی راشكاوانە ئاماژە بە پاراستنی كوردستان كرا لە دوای شەڕی داعش، بەتایبەتیش لە ڕووی پتر جێگیركردنی هێزی سەربازیی رۆژئاوایی لە هەرێمی كوردستاندا، لە داهاتوودا چۆن ئەو هەنگاوانە دەخرێنە بواری پراكتیكی؟ تا چەند كردنەوەی بنكە سەربازییەكان لە هەرێمی كوردستان دەچنە ئەو خانەیەوە؟
ئێمە لەگەڵ ئەمەریكا بەرژەوەندیی هاوبەشمان زۆرە، یەكێكیش لەو بەرژەوەندییانە رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و تیرۆریزمە. وەك ئاماژەیەك دەبینین سەركردایەتیی شەڕی دژ بە داعش لە كوردستان دەكرا و ئیمەش وەك هێزێك و هاوپەیمانێكی سەرەكی، توانیمان لەو شەڕەدا سەركەوتوو بین. بۆیە بۆ بەردەوامبوون لە پاراستنی بەرژەوەندییەهاوبەشەكەمان، لە داهاتووشدا هەردوو لامان پێویستمان بە یەكتر دەبێت، بەتایبەتی كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاراستەیەكی نادیار و جیاواز لە بەرژەوەندی و پرەنسیپەكانی رۆژئاوا گوزەر دەكات، ئەمە وا دەكات كوردستان زیاتر جێگەی بایەخ بێت. بێگومان پێویستە سوود لەم ھەلە وەربگرین و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بڕیار بدەین.     
- چ كارێك كراوە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی، پشتیوانیی ئەنجامی پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، بكەن؟
لەگەڵ زۆر لەو وڵاتانە بەڕاشكاوی قسە كراوە و داوای پشتیوانیمان كردووە، یان بەلای كەمەوە داوامان كردووە دژایەتیی ئەو مافەمان نەكەن، كە لە چارتەری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هەموو نەتەوەیەك دیاری كراوە. بەڵام پێویستە كاری زیاتر بكرێت بۆ دەستەبەركردنی پشتیوانیی زیاتر. دژایەتیی ناوخۆ بۆ ریفراندۆم گەورەترین هەڵەیە كە بیانوو بداتە وڵاتانی تر، كە وەك پێویست پشتیوانمان نەبن. لەبەرئەوە بەرپرسیارێتیی گەورە پێش هەموو لایەن و وڵاتێك دەكەوێتە سەر خەڵكی كوردستان، تا پشتیوانیی ناوخۆیی زیاتر و بەهێز بێت، ئەوەندەش پشتیوانیی ئەو وڵاتانە ئاسانتر دەبێت بۆمان.

-وەڵامی ئێوە چییە بۆ ئەو وڵاتانەی تێبینیان لەسەر كات (تەوقیتی) ریفراندۆمی كوردستان هەیە و دەڵێن ئێمە لەگەڵ ریفراندۆمداین، بەڵام لەم كاتەدا باش نییە، یان گونجاو نییە؟
ئەوانەی دەڵێن كات گونجاو نییە تەنیا بیانووە، چونكە هەموو هۆكارەكانی كە باس دەكرێن، لەڕاستیدا پەیوەندییان بە ریفراندۆمەوە نییە. زۆر ئاسان نییە وڵاتێك بڕوای بە دیموكراسییەت هەبێت و بڵێت دژی ریفراندۆم دەبم. بەڵام هەندێك لەو وڵاتانە پێیان وایە خەڵكی كوردستان هەمیشە رازی بووە واز لە مافی خۆی بێنیت، پێیان وایە ئێستاش بە فشار خستنە سەرمان دەتوانن وا بكەن وڵاتانی ناوچەكە رازی بكەن، نەك خەڵكی كوردستان. چونكە ئەوانەی مافی ئێمەیان پێشیل كردووە، زیاتر داكۆكی لەسەر بەردەوامبوونی پیشێلكردنی مافەكانمان دەكەن، تا  ئەوكاتەی ئێمە خۆمان داوای دەستەبەركردنی مافەكانمان دەكەین.
كات، دەبێ ئێمە خۆمان دیاریی بكەین، نەك چاوەڕێی وڵاتێك بكەین پێمان بڵێت كەی گونجاوە. ئایا ئەو وڵاتانەی ھەوڵی سەربەخۆییان دا، مۆڵەتیان لە كێ وەرگرت؟ ئایا كە بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەكەنەوە، دەڵێن ئەم كاتە گونجاو نییە؟ ئەوە خەتای خۆمانە كە پێمان وایە دەبێ وڵاتانی تر رازی بن بەوەی كەی ئێمە بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین. پێم وایە كاتەكە زۆر گونجاوە و جگە لە بیانوو هیچ هۆكارێكی تر نییە ئێمە ئەم بڕیارە نەدەین.
 
- هەندێك وڵات بە پاساوی پەرۆشییان بۆ (مانەوەی خاكی عێراق بە یەكپارچەیی) دژایەتیی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، ئایا مانەوەی  عێراق بەم شێوەیەی ئێستا و بە یەكپارچەیی بۆ چەند ساڵێكی تر، بە بۆچوونی ئێوە چی لێ دەكەوێتەوە و چ ئایندەیەك چاوەڕوانی گەلان و پێكھاتە جیاوازەكانی عێراق دەكات؟  
عێراق لەسەر بنەمایەكی هەڵە و دوور لە خواست و ویستی خەڵكی كوردستان دروست كراوە، بەزۆر لكاندنی نەتەوە و وڵاتەكان پێكەوە، تەنیا كێشە و شەڕ و ناخۆشی بەرهەم دێنێت. هەر وەك بینیومانە، تا ئێستا عێراق چۆن بووە، بۆ لەمەودواش باشتر نابێت. كەواتە ئەو عێراقە یەكگرتووەی باسی دەكەن، شتێك نییە هەر لە سەرەتاوە بوونی هەبووبێت، تا ئێستا خەم لە جیابوونەوەی بخۆن. هەر بەشێكی عێراق بخوازێت بەیەكگرتوویی بمێنێتەوە و خۆیان ئەوەیان پی خۆش بێت، پیرۆزیان بێت، بەڵام كەس بەزۆر ناتوانێت تاهەتایە لە عێراقێكدا بمانهیڵێتەوە كە جگە لە نەهامەتی و كارەسات و چەوساندنەوە، هیچی تری نەبووە بۆ گەلەكەمان. ئەم عێراقە بەم شێوەیە قەت سەركەوتوو نابێت. جیا لە كوردستان، بەشەكانی تری عێراق و بەتایبەتی سوننە و شیعە یەكگرتوو نین تا بڵێن كوردستان دەبێ بەشێك بێت لە عێراقی یەكگرتوو. عێراقی یەكگرتوو وجوودی نەماوە و لەڕووی پراكتیكییەوە پەرت بووە. تەنیا رێگایەك كە ماوە ئەوەیە یەكتر قبووڵ بكەین وەك دراوسێیی یەكسان و دۆستی یەكتر و هەر یەكەمان وڵاتی خۆمانمان هەبێت.

- ئەو وڵاتانەی كە دۆستی كوردستانن، چ بە ڕەسمی و چ لە دیداری تایبەتدا، پشتیوانیی خۆیان بۆ ریفراندۆمی كوردستان لای ئێوە دەربڕیوە، داوای چیتان لێ دەكەن، دەخوازن ئەگەر كوردستان ببێتە دەوڵەت، دەوڵەتێكی چۆن بێت؟
هەموو ئەو وڵات و لایەنانەی پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستانن، خۆشحاڵیی خۆیان بە پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینیی كوردستان دەردەبڕن، دەستخۆشیی هەوڵی بنیاتنانی دیموكراسی لە كوردستان دەكەن. سەرسامیی خۆیان بە ئاسایش و ئارامیی كوردستان دەردەبڕن و رێز و پێزانینی زۆریان هەیە بۆ پێشمەرگە. لە لایەكی ترەوە ئەوان لەو بڕوایەدان كە كوردستان دەتوانێت پەرە بە ئابووریی ناوچەكە بدات و پەیوەندیی بەھێز و ستراتیجی دروست بكات لەگەڵ ئەو وڵاتانە. ئومێدیش دەخوازن كە كوردستان ببێتە نموونەی دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان.  
- ھیچ گلەییەكی خۆتان بەڕەسمی گەیاندووەتە ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی لە سەرەتاوە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان وەستان، بۆ نموونە: ئەڵمانیا كە لە شەڕی دژی داعشدا پشتیوانیی گرنگی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد؟
بەڵێ، ھەوڵمان داوە هۆكاری بڕیاری ریفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی  باس بكەین، چونكە هەڵوێستی دژایەتیی ریفراندۆم بە ناڕاست دەزانین. بەڵام ئەوەی هەستمان كردووە، لەو وڵاتانەشدا لایەنی سیاسی هەن رای جیاوازیان هەیە و زۆریان پشتیوانی ئێمەن.

- پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ریفراندۆم تا چەند بەلای ئێوەوە گرنگە؟ ئاخۆ ئێستا پشتیوانی گرنگە، یان ئەو كاتەی كە ریفراندۆم سەركەوت و كوردستان دەوڵەتی راگەیاند، گرنگترە؟
ریفراندۆم پێویستی بە پشتیوانی یان مۆڵەتی هیچ لایەنێك نییە، بڕیاری خەڵكی كوردستانە. بەڵام ئەگەر پشتیوانییی نێودەوڵەتیی هەبێت، بێگومان باش دەبێت. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە كە ریفراندۆم بەسەركەوتوویی ئەنجام بدرێت، ریفراندۆم راپرسییە و ئامانج لێی سەربەخۆییە، لەبەرئەوە پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی زۆر گرنگ دەبێت.

-چۆن دەتوانن توركیا و ئێران دڵنیا بكەنەوە، لەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، لە زیانی ئەواندا نابێت، لە كاتێكدا، هەردوو وڵات بەرژەوەندیی زۆریان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە، نەخاسمە بەرەژوەندیی ئابووری و لە هەردوو وڵاتیش كێشەی كورد هەیە؟
دراوسێكانمان پێویستە ئەوە بزانن كە كوردستان جێی مەترسی نییە بۆ هیچ كامیان، ئێمە لە ماوەی حوكمڕانیی ھەرێمی كوردستاندا، نیشانمان داوە كە سەرچاوەی ھەڕەشە و مەترسی نین بۆ ھیچ لایەك. بەپێچەوانەوە كاریگەریی زۆرمان لەسەر بوژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتانە ھەبووە. لە لایەكی تریشەوە، بوونی دەوڵەتێكی كوردستانی، دەتوانێت زۆر كاریگەریی ئەرێنیی بەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان نەتەوەكان ھەبێت.
-  وڵاتە عەرەبییە خودان پێگە بەھێزەكانی وەك سعودییە، میسر، ئەردەن، ئیمارات، مەغریب، لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆدا بن، تا ئێستا ھیچ ئاماژەیەكی پۆزەتیڤتان پێ گەیشتووە لەو وڵاتانەوە؟
زۆر لە وڵاتانی عەرەبی و كەسایەتیی عەرەب ھەڵوێستی ئەرێنییان ھەیە، رێز و پێزانینیان بۆ مافی چارەنووسی كوردستان ھەیە و پێیان وایە ئەو پرسە كێشەیەكی ناوخۆیی عێراقە و پشتیوانیی چارەسەری بنەڕەتیی كێشەكان دەكەن.

-  باس لەوە دەكرێت كە ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام بدرێ، توركیا و ئێران سنوورەكان لەسەر كوردستان دادەخەن و ئاو دەگرنەوە و پەیوەندییەكانیان بەتەواوی دەپچڕێنن، بەڕێزت چاوەڕێی رووداوی لەو شێوەیە دەكەیت، ئاخۆ ئەو دوو وڵاتە بەتایبەتییش توركیا، ھەنگاوی وەھا دەھاوێژن؟
هیوادارم بیر لەو كردارانە نەكەنەوە، چونكە سوودی هیچ لایەكی تێدا نییە و نابێت. سەربەخۆیی كوردستان شتێك نییە تا سەر ئینكار بكرێت. دراوسێكانشیمان شارەزاترن لەوەی بیر لە بەرژەوەندی و پەیوەندیی داهاتووی خۆیان نەكەنەوە.

-چۆن گەرەنتیی سەركەوتنی ریفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەكەن؟ چ دڵنیاییەكتان هەیە لەمبارەیەوە؟
خۆتان دەڵێن ناوچە كوردستانییەكان، كەواتە دڵنیایی ئێمە، كوردستانیبوونی ئەو ناوچانەیە لە رووی مێژوویی، جوگرافی و دیمۆگرافییەوە. بەشداری و پشتیوانیی خەڵكی ئەو ناوچانە، دڵنیایی زیاترمان پێ دەدات، بەتایبەت كە ئەو سنوورانە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە پارێزراون یان رزگار كراون.  

- ئێستا هەرێمی كوردستان بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیشەوە، جگە لە كوردی موسڵمان، چەندین پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیی دیكەی تێدا دەژی، وەك توركمان، ئاشووری، كلدانی، ئەرمەنی، عەرەب (شیعە - سوننە)، كوردی ئێزدی، كوردی فەیلی، كوردی كاكەیی، كوردی شەبەك، كوردی زەردەشتی، مەندایی، جوو، بەهایی... هتد، ئێوە چۆن هەموو ئەو پێكھاتانە دڵنیا دەكەنەوە، كە لەسایەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا، هەموو مافەكانیان پارێزراو دەبێت و كوردستان دەوڵەتی هەمووان دەبێ؟ چ پەیامێكتان ھەیە بۆ ئەو پێكھاتانە تا بەشداریی ریفراندۆم بكەن و بە (بەڵێ) دەنگ بدەن؟  

 ریفراندۆم بۆ كوردستان و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە. پێشتریش سەرۆك بارزانی، لە دەستووری عێراقدا داكۆكیی لە مافی نەتەوەیی و ئایینیی پێكھاتە جیاوازەكانی كردووە. بێگومان لە دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆشدا، رێز لە ھەموو مافێكیان دەگیرێت، مافی ھاووڵاتیبوون بەیەكسانی بۆ ھەموو لایەك دەستەبەر دەكرێت و جیاوازیی نابێت. ھیواداریشم ئەو پێكھاتانە وەك خەونی ھاوبەشی ھەموو كوردستانییان پێكەوە، بەشدار بن و پشتیوانیی ریفراندۆم بكەن و لە دەستووری ھەمیشەیی كوردستانی سەربەخۆدا، بە ھەموو مافەكانیان شاد بن.

- هەندێ جار گوێمان لێ دەبێت، باس لە دواخستنی وادەی ریفراندۆم دەكرێ، دەمانەوێ بەڕاشكاوی رای بەڕێزتان و رای پارتی دیموكراتی كوردستان بزانین، ئایا ئێوە لەژێر ھیچ فشار و داوا و بارودۆخێكدا، ئامادەن بە دواخستنی وادەی ریفراندۆم رازی بن؟
دواخستنی ریفراندۆم بە كارێكی ھەڵە دەزانم. لەپێناو چی و بۆ چی دوابخرێت؟ گەر دوابخرێت چی دەگۆڕێت؟ لەبەر بەرژەوەندیی كێ دوابخرێت؟ پێموایە لەدەستدانی كات لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە، ئەوانەی دژی ریفراندۆم كار دەكەن، دەتوانن كێشەی زیاتر دروست بكەن، ھەر ئەوانەش دواتر پەلاماری پشتیوانانی ریفراندۆم دەدەن كە دوایانخستووە و نەیانتوانیوە ئەنجامی بدەن. ئەگەر بەدیلێكی باشتر نەبێت، بۆچی ریفراندۆم دوا بخەین؟

- چەند جارێك ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە مەرج نییە لەگەڵ ریفراندۆم گەرماوگەرم سەربەخۆیی رابگەیەنرێت، رێڕەوی رووداوەكانیش گۆڕانكاریی خێرا بەخۆوە دەبینن، ئایا مەترسیی ئەوە نییە لەنێوان راگەیاندنی دوا ئەنجامی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆییدا، ھەندێ ئاستەنگ بێنە پێشەوە و ھەنگاوەكانی سەربەخۆیی پەك بخەن؟
ئەگەر ئیرادەی گەلەكەمان بەهێز بێت و بڕیار لە سەربەخۆیی بدات، نە كات و نە كەس ناتوانێ رێگر بێت. گفتوگۆی دوای ریفراندۆم پێویستە بۆ شێوازی جێبەجێكردن بێت و تا بكرێت ھەوڵی رێڕەوی ئاشتییانە بدەین. ھەڵوێستی عێراق گرنگ دەبێت لەسەر ئەوەی كەی و بە چ شێوەیەك بڕیاری سەربەخۆیی بدرێت. ھیوادارم عێراق بە شێوەیەكی ئەرێنی پێشوازی لە بڕیاری گەلەكەمان بكات.

- هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە هاوبەشی پارتییە لە حكوومەتدا، لەئاست پرسی ریفراندۆم چۆن دەخوێننەوە؟
چاوەڕێی ئەوەین یەكێتی بە ھەموو لایەنە جیاوازەكانیەوە بە كردار پشتیوان و پاڵپشتی ریفراندۆم بێت.

 هەوڵەكانتان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی، تا بێتە ناو بەرەی لایەنگرانی ریفراندۆمەوە، گەیشتە كوێ و چاوەڕوانی چی دەكەن؟
مەسرور بارزانی: پێمان خۆشە هەموو لایەك خۆیان بە خاوەنی ریفراندۆم بزانن و پشتیوانی بكەن و بیر لە بەرژەوەندیی كوردستان بكەنەوە.
- چ گرەنتییەكتان هەیە، كە ئەگەر پەرلەمانی كوردستان كارا كرایەوە، پرسی ریفراندۆمیش بە دەردی دەستووری كوردستان نابرێ لە پەرلەمان؟
بەڕاستی دەبێ خەڵكی كوردستان گرەنتی بێت و چیتر ڕێگە نەدات هیچ پێكهاتەیەكی سیاسی یاری بە چارەنووسی بكات.

  - حزبەكانی پارچەكانی تری كوردستان، بۆ نموونە ھەدەپە و حزبەكانی دیكەی باكوور، كە پشتیوانییان بۆ ریفراندۆم دەربڕیوە، ھەروەھا حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان و زۆربەی حزبەكانی رۆژئاوای كوردستانیش، پشتیوانیی خۆیان بۆ ریفراندۆم دەربڕیوە، ئەم ھەڵوێستانە چ كاریگەرییەكی ئیجابییان ھەیە لەسەر سەركەوتنی ریفراندۆم؟
دەستخۆشییان لێ دەكەین و هەر ئەوەشیان لی چاوەڕێ دەكەین. پشتیوانیی ئەوان بۆ ئێمە ھێز و توانایە، دڵنیاییشە بۆ ئەو وڵاتانەی لێی دەژین كە كوردستان دراوسێیەكی باش دەبێت بۆیان.

-    لە دوای دیاریكردنی ٢٥ی ئەیلوول بە رۆژی ریفراندۆم، لە كوردستان دوو گرووپ لە نەیاران دەنگیان بەرز كردووەتەوە، هەندێكیان زۆر بەتوندی دژی تەنانەت ئەنجامدانی ریفراندۆمن و لە میدیاكانەوە هەڵمەتی (نەخێر  بۆ ریفراندۆم) یان راگەیاندووە، گرووپێكی تریش هەیە، لەبەر هەندێ مەترسی بە لێكدانەوەی خۆیان، لەگەڵ ئەوەدا نین كوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێ، لای ئێوە هیچ جیاوازییەك لەنێوان ئەم دوو گرووپەدا هەیە؟ ئەگەر هەیە چین ئەو جیاوازییانە؟
هەر بیانووێك بۆ دژایەتیی ریفراندۆم هەبێت كارێكی خراپ و بی بنەمایە و دژی بەرژەوەندیی وڵات و گەلەكەمانە. لەوانەیە هەندێك لەوانەی دژایەتیی دەكەن مەبەستیان پاراستنی بەرژەوەندیی بارزرگانی یان سیاسیی خۆیان بێت لەگەڵ حكوومەتی عێراق یان وڵاتێكی تر، چونكە هەموو ئومێدێكی مانەوەیان لەو بەرژەوەندییەدا دەبیننەوە. بە پێچەوانەشەوە، لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا هەست بە دۆڕاندنی كەسایەتی و لەناوچوونی بەرژەوەندییە تەسكەكانی خۆیان دەكەن. هەندێكیشیان لەوانەیە بەرگەی فشار و رووبەڕووبوونەوە نەگرن و ترسیان لێ نیشتبێت و بڕوایان بە گەلی كوردستان نەبێت و جۆرە ژیانێكی ژیردەستەییان پی باشتر بێت لە ژیانێكی سەربەرز و سەربەست. ترس گەورەترین هۆكاری شكستە، هەمیشە ترسنۆكەكان بەدوای بیانوودا دەگەڕێن، چونكە ناتوانن لە ریزی دڵسۆزان و فیداكارانی وڵاتدا بوەستن.

چۆن خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەنەوە، كە بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، موجازەفە بە چارنووسیانەوە ناكرێت و خەڵكی كوردستان و كوردستان دوای سەربەخۆیی، دەستكەوتی گەورەیان دەبێت؟
گەورەترین موجازەفە ئەوەیە ژێردەست بیت، مێژوو شاهیدە چیمان بەسەر هاتووە. كاتێ گەلی ئێمە جینۆساید، كیمیاباران، ئەنفال، دەربەردەر و زیندانی دەكراین، خاوەنی وڵاتی خۆمان نەبووین بۆیە كەس بە هانامانەوە نەدەهات. بەڵام هەركاتێ وڵاتێكی سەربەخۆ بین، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ھەر جۆرە ھەڕەشەیەك بۆ سەر كوردستان پەرچەكرداری نێودەوڵەتیی لێ دەكەوێتەوە. لە لایەكی تریشەوە، كوردستانی سەربەخۆ دەتوانێت بەپێی پێویستی و بەرژەوەندیی خۆی بڕیار لە سیستەمی بەرگری، ئابووری و پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی خۆی بدات. كام وڵاتی سەربەخۆ وازی لە سەربەخۆیی ھێناوە بۆ ئەوەی موجازەفە نەكات؟ ئەگەر ھەوڵدان بۆ سەربەخۆیی موجازەفە بێت، بەدڵنیاییەوە ژێردەستەیی كارەساتە.

 - ئەزموونی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و شێوازی ئیدارەدانی لە ماوەی بیست و شەش ساڵی رابردوودا، زۆر جار رەخنە و گلەیی و تەنانەت توڕەبوونیشی لەناو خەڵكدا دروست كردووە، نەخاسمە لە بواری دارایی و بوونی گەندەڵی و هەندێ كەموكوڕیی تر لە بواری خزمەتگوزاریدا، چ دڵنیاییەك هەیە كە ئەزموونی حوكمڕانیی دوای سەربەخۆیی، بە كەموكوڕییەكانی ھەمان ئەزموونی پێش ئەو قۆناخە درێژەی نابێت؟
كەس ناتوانێت نكووڵی لەوە بكات كە كەموكورتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبووە، بەڵام دەستكەوت و پێشڤەچوونیش هەبووە. خۆیشمان زۆر جار رەخنەمان لە شێوازی ئیدارەدان و بەتایبەتی بەڕێوەبردنی كەرتی ئابووری هەبووە. ململانێی حزبییش كاریگەریی خراپی بەسەر ئەدای حكوومەتەوە هەبووە. حكوومەتی هەرێم لە هەندێك شوێن تەنانەت بڕیاریشی بەدەستەوە نەبووە. لە وڵاتێكی سەربەخۆدا، ئەركی حكوومەت پێویستە پاراستنی وڵات و خۆشگوزەرانیی ھاووڵاتیان بێت. لە ھەمووی گرنگتر دەستتێوەردانی وڵاتانی تر لە كاروباری ناوخۆدا نامێنیت، كە زۆر جار ھۆكاری سەرەكیی خراپبوونی بارودۆخی ناوخۆ بووە. ھەروەھا لە دەوڵەتێكی سەربەخۆدا دەتوانین بڕیار لەسەر دەستوورێك بدەین، كە تیایدا بەرژەوەندیی كوردستان لەسەروو ھەموو شتێكەوە بێت و چیتر مەجبوور نەبین پابەندی بەرژەوەندیی خەڵكی تریش بین. پێم وایە لە دەستووری ھەمیشەیی دەوڵەتی كوردستاندا، ھەموو ریكارێك دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەم كەموكورتییانە نەھێڵین و وڵاتێكی پیشكەوتوو دابمەزرێنین.  

- لەو باوەڕەدان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا، لە سلێمانی دەنگی (نەخێر) زۆرتر بێت وەك هەندێ لە میدیاكان وای بۆ دەچن؟
لەو بڕوایەدا نیم. پێم وایە خەڵكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە سلێمانی، قەت رێگە نادەن مێژووی شارەكەیان شەرمەزار بكەن.

- وەك بەرپرسی باڵای تەناهی كوردستان، لە بەڕێزتان دەپرسم: مەترسییەكانی داعش لەسەر كوردستان كۆتاییان پێ هاتووە یان نزیكە كۆتایین، یان هەر بەردەوامن؟
 داعش لەڕووی سەربازییەوە بەرەو داڕمان دەڕوات، بەڵام بیری توندڕەویی داعش ئاستەمە وا زوو بنبڕ بكرێت. لەمەودواش مەترسیی داعش یان هاوشێوەكانی داعش، ھەر دەمێنن، بەڵام لەوانەیە لە ئاستێكی كەمتردا بن و شێوازی مەترسییەكان دەگۆڕێن.

- ئایندەی حەشدی شەعبی لە عێراقدا چۆن دەبینن؟
ئەمە بابەتێكی عێراقییە، پێم وایە حكوومەتی عێراق پەرە بە حەشدی شەعبی دەدات، وەك كۆڵەكەیەكی گرنگ بۆ پاراستنی سیستەمی حوكمڕانیی عێراق.

 - بە درێژایی خەباتی ٥٠ ساڵی رابردوو، بەڕێز مەسعوود بارزانی وەك ئایكۆنێك بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەڵكەوتووە، وەك سەركردەیەكی نەتەوەیی، دۆزی كورد گرێدراوی بۆچوون و تێڕوانینی ئەو بووە، هەر ئەمەش وای كردووە كە هەندێ جار رەخنە لە پارتی بگیرێت كە ئەو ئایكۆنە نەتەوەییە وەك كاراكتەرێكی حزبی پیشان دەدات، ئەم رەخنەیە لە جێی خۆیدایە؟
پارتی شانازی بە هەبوونی سەرۆك بارزانی و مێژووی خەبات و دەستكەوت و رێبەرایەتیی دەكات. باوەڕ ناكەم وەك دەگوترێت پارتی وای كردبێت بارزانی وەك كاراكتەرێكی حزبی پیشان بدات. نموونەش ئەوەیە لەناو زۆربەی خەڵكی كوردستان لە ھەموو بەشەكانی كوردستاندا، سەرۆك بارزانی وەك رەمز و رێبەری نەتەوەیی قبووڵ كراوە.

- وەك بەرپرسێكی باڵای پارتی لە بەڕێزتان دەپرسم: گریمان پرۆسەی ریفراندۆم بە دەنگی (بەڵێ) سەركەوت و دواتر كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی راگەیاند، ئەوكات پارتی دەبێتە حزبێكی چۆن؟ ئاخۆ بەم هەیكەلیەتە و بەم شێوازی حزبایەتیكردنەی ئێستای و بەم دروشم و مەنهەج و پەیڕەوەیەوە دەمێنێ، یان گۆڕانكاری لە خۆیدا دەكات؟ یان دەكرێ بپرسم زوروورەتی مانەوەی حزبێكی وەكوو پارتی، دوای سەربەخۆیی لە چیدا دەبێت؟
پارتی لە ھەموو قۆناغ و سەردەماكاندا خۆی دەگونجێنێت، تا ئێستا لە ھەموو ئەركەكانیدا سەركەوتوو بووە و مامەڵەی بابەتییانەی لەگەڵ رووداوەكاندا كردووە. لە دەوڵەتی كوردستانیشدا، پێویستە لەگەڵ ھەلومەرجە نوێیەكاندا خۆی بگونجێنێت كە دڵنیام واش دەكات. ئەرك و ئەجیندای پارتی دوای دەوڵەتی سەربەخۆ، بەرهەمهێنانی سیستەمێكی پێشكەوتوو دەبێت بۆ ئاوەدانی و بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو و دیموكرات و ئابوورییەكی بەھێز و وڵاتێكی سەقامگیر كە ئاشتەوایی نیشتمانی و پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی تێدا بەرجەستە بێت و دەستكەوتە نیشتمانییەكانی تێیدا پارێزراو بن.

•    دەقی چاوپێكەوتنەكە لە هەفتەنامەی "باس" وەرگیراوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:03:15:22/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 1179 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌