هونەرمەندی میلی (ئاوات بۆكانی) لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا تازەترین گۆرانی خۆی بەناوی "بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان" تۆمار كرد و بڵاوی كردەوە.
بۆكانی لەم گۆرانییەیدا باسی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و رۆڵی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات و پشتگیری خۆیشی بۆ ڕیفراندۆم دووپات دەكاتەوە.
ئاوات سابیر ناسراو بە (ئاوات بۆكانی)، لە ساڵی ١٩٨٧ی زایینی لە گوندی "ئەربەنووس"ی سەر بە شاری بۆكان لە دایك بووە. دوو خوشك و دوو برای تری هەیە بەناوەكانی (ئارام و محەمەد).
پۆلی حەوتی بە زۆر تەواو كردووە و دواتر وازی لە خوێندن هێناوە. سێ ساڵ لە بۆكان دەمێننەوە و لەبەر سەختی ژیان لەگەڵ خانەوادەكەی ڕوو لە باشووری كوردستان دەكەن. بە كاری كرێكارییەوە خەریك دەبێت، دواجار ئەو بەهرەیەی تێیدا هەیە دەتەقێتەوە و دەست بە گۆرانی گوتن دەكات، پێشتریش لە ڕۆژهەڵات گۆرانی گوتووە.
بۆكانی بەم دواییە دەركەوتووە و ئێستە خێزاندارە و ژنەكەی خەڵكی كۆیەیە، كچێكی بە ناوی (ئانیا) هەیە. ڕۆژانە لەگەڵ تیپی مۆسیقای "سەردەشتی" سەرقاڵی ئاهەنگ و بۆنە تایبەتییەكانی خەڵكن. بۆكانی ١٣ ساڵە لە باشووری كوردستان دەژی.