مۆزارت كێیه‌؟

:: PM:10:23:22/08/2017 ‌

ڤۆڵفگانگ ئه‌مادیۆس مۆتسارت، ئاوازدانه‌ر و پیانۆژه‌ن و كه‌مانژه‌نێكی كاریگه‌ری ده‌مه‌ی كلاسیك، له‌ ٢٧ی كانوونی دووه‌می ساڵی ١٧٥٦ له‌ سالزبێرگ له ‌دایكبووه‌، كوڕی میوزیكژه‌نی به‌ توانا (لیۆپۆڵد مۆتسارت)ه‌، دایكی ناوی ئانا ماریایه‌. هه‌روه‌ها به‌ مۆزارت ناسراوه‌.

 

مۆزارت هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ حه‌زی له‌ میوزیک كردووه‌ و له‌ ته‌مه‌نی سێ ساڵیدا ده‌ستی به‌ ژه‌نینی پیانۆ و ڤیۆلین كردووه، له‌ پێنج ساڵیدا سۆناتای بۆ ئامێری پیانۆ نووسیوه‌ و له‌ شه‌ش ساڵیدا به‌شێكی زۆری ئه‌وروپا گه‌ڕاوه‌ بۆ ژه‌نینی میوزیک. له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا وهکك منداڵێكی به‌هره‌مه‌ند ده‌ناسرێت.

 

ئیمپراتۆری نه‌مسا فرنسیی یه‌كه‌م به‌و منداڵه‌ی ده‌گوت: "سیحربازه‌ بچكۆڵه‌كه‌" پیاوه‌ ئایینیه‌كان ده‌یان گوت: باوكی پێوه‌ندی به‌ شه‌یتان و جنۆكه‌وه‌ هه‌یه، بۆیه‌ منداڵه‌كه‌ی وا زۆرزان و عاجباتییه‌، منداڵه‌كه‌یان لێ به‌ند كرد و خستیانه‌ ژوورێكه‌وه‌ ده‌رگه‌یان له‌سه‌ر داخست، كه‌مێك نان و ئاویان بۆ خسته‌ ژووره‌وه‌ و گوتیان به‌م كاره‌ چیتر جنۆكه‌كان یارمه‌تی ئه‌م منداڵه‌ ناده‌ن و ئاوازی نوێی پێ دانانرێ؛ به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی ئه‌م به‌ندكردنه‌ی پارچه‌ مۆسیقایه‌كی سه‌ركه‌وتووی دانا و بیروڕای ئه‌و پیاوه‌ ئاینیانه‌ی به‌ درۆ خسته‌وه‌.

 

زانایان مشتومڕیان كردووه‌ له‌سه‌ر ته‌مه‌نی مۆزارت، له‌ كاتی نووسینه‌وه‌ی یه‌كه‌مین كاری، هێندێک ده‌ڵین چوار ساڵان بووه‌ و هه‌ندێكیش ده‌ڵێن پێنج، به‌ڵام هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دڵنیا و كۆكن، كه‌ یه‌كه‌م سێ كاری مۆتسارت نووسیویه‌تییه‌وه‌، ته‌نیا چه‌ند هه‌فته‌یه‌كیان به‌ینه‌. له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجیدا، ته‌نیا باوكی مۆتسارت مامۆستای بووه‌. له‌ پاڵ مۆسیقادا، ئه‌و زمان و بابه‌تی ئه‌كادیمی فێری منداڵه‌كانی ده‌كرد.

 

سۆلۆمۆن ده‌ڵێت له‌ كاتێكدا لیۆپۆڵد مامۆستایه‌كی به‌توانای منداڵه‌كانی بووه‌، به‌ڵگه‌ هه‌یه، كه‌ مۆزارت سوور بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ ویستوویه‌تی شتی تر فێر ببێت. یه‌كه‌م نووسینی، ته‌واوی تواناكه‌ی له‌ ژه‌نینی كه‌ماندا، هه‌مووی ڕه‌نجدانی خۆی بوون و به‌ ته‌واوی واقی لیۆپۆڵدی باوکی وڕمان بوو. ئه‌و به‌ كورتی دوای ئه‌وه‌ی بۆی ده‌ركه‌وت، كه‌ توانا مۆسیقییه‌كانی كوڕه‌كه‌ی په‌ره‌ی سه‌ندووه‌، وازی له‌ ئاوازدانان هێنا.

 

مۆزارت گه‌نج بوو، خێزانه‌كه‌ی چه‌ند گه‌شتێكیان كرد به‌ ناو ئه‌وروپادا، كه‌ تێیدا ئه‌و و خوشكه‌كه‌ی نمایشیان كردووه‌ وەک دوو منداڵی جێگره‌وه‌. لێره‌وه‌ نمایشكردنی كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان ده‌ستی پێ كرد، له‌ ساڵی ١٧٦٢ له‌ كۆرتی ماكسیمیلیانی سێیه‌م له‌ باڤاریا، دواتریش له‌ ڤیه‌ننا و پراگ. گه‌شتێكی كۆنسێرتی درێژ ده‌ستی پێ كرد، كه‌ ماوه‌ی سێ ساڵ و نیوی خایاند، خێزانه‌كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا ڕوویان كرده‌ مونیک، مانهایم، پاریس، له‌نده‌ن، ده‌نهاخ، دواتر دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پاریس و به‌ ناو شاره‌كانی زیوریخ، دۆناوشنێن و مونیكدا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆیان.

 

له‌ ماوه‌ی ئه‌م گه‌شته‌دا، مۆزارت چه‌ند ژه‌نیارێكی ناسی و خۆی به‌ كاره‌كانی ئاوازدانه‌رانی تر ناساند. یه‌كێک له‌ كاریگه‌رییه‌ گرنگه‌كان له‌سه‌ری یۆهان كریستیان باخ بوو، كه‌ له‌ له‌نده‌ن سه‌ردانی كردبوو له‌ ١٧٦٤ و ١٧٦٥. خێزانه‌كه‌ دواتر دووباره‌ سه‌ردانی ڤیه‌ننایان كرده‌وه‌ له‌ كۆتاكانی ١٧٦٧ و له‌وێ مانه‌وه‌ تا كانوونی یه‌كه‌می ١٧٦٨.

 

مۆزارت زۆر لێهاتوانه‌ كاری میوزیكی بۆ هه‌موو فۆرمه‌ جیاوازه‌كانی میوزیک نووسیوه‌ و له‌ دانانی میلۆدیدا زۆر به‌ ئاگا و به‌ سه‌لیقه‌ بووه‌، كاری سۆناتا و كۆنشێرتۆی بۆ زۆرێک له‌و ئامێره‌ میوزیكیانه‌ نووسیوه، كه‌ له‌سه‌رده‌می خۆیدا هه‌بوون. له‌ هه‌موو كه‌شێكدا و له‌ گشت شوێن و كاتێكدا توانای نووسینی میوزیكی هه‌بووه‌. مۆزارت له‌ دانان و نووسینی موزیكدا زۆر خێرا و زیره‌ك بووه‌، بۆ نموونه‌ بۆ نووسینی سیمفۆنی 36 ته‌نیا سێ ڕۆژ كاتی پێویست بووه‌. مۆزارت كه‌سایه‌تییه‌كی ساده‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌ هه‌میشه‌ حه‌زی به‌ پێكه‌نین و قسه‌ی خۆش كردووه‌ و زۆر ئالووده‌ بووه‌ به‌ شه‌راب خواردنه‌وه‌.

 

مۆزارت له‌ هێندێ له‌ پارچه‌ میوزیكه‌كانیدا پشتی به‌ میوزیكی فۆلكلۆر به‌ستووه‌ و هێندێک جار بیری له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ موزیك بۆ خه‌ڵک بنووسێت، وه‌ک "فلووتی ئه‌فسوناوی". كه‌مترین جار پێداچونه‌وه‌ی بۆ كاره‌ میوزیكییه‌كانی كردووه‌ و هه‌ڵه‌ له‌ كاره‌كانیدا نابینرێت.

 

مۆزارت، كه‌ بووه‌ لاوێكی تازه‌ هه‌ڵچوو, ماوه‌یه‌ک له‌ مۆسیقا دووركه‌وته‌وه‌ و ڕووی كرده‌ دڵداری و حه‌زی له‌ كچی ئه‌كته‌رێكی هه‌ژار كرد، كه‌ ناوی (ئه‌لویزیا فیبه‌ر) بوو، ویستی بیخوازێت به‌ڵام باوكی ڕێی نه‌دا. بۆیه‌ به‌ دڵشكاوی نه‌مسای جێهێشت و ماوه‌یه‌ک له‌ پاریس دانیشت و له‌وێ ڕووی كرده‌وه‌ مۆسیقا و گه‌لێک سه‌ركه‌وتنی هونه‌ری به‌ ده‌ست هێنا. له‌دواییدا گه‌ڕایه‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی و چاوی به‌ یاره‌كه‌ی كه‌وته‌وه، به‌ڵام هه‌ستی كرد جوانییه‌كه‌ی جارانی نه‌ماوه‌ و خۆشه‌ویستییه‌كه‌یشی كزبووه‌، بۆیه‌ دڵی به‌ره‌و خۆشه‌ویستی (كۆنستانتسه‌)ی خوشكه‌ بچوكه‌كه‌ی گۆڕی و داخوازی كرد و هێنای.

 

مۆزارت نه‌خۆش كه‌وت له‌كاتی نزیكبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م نمایشی ئۆپێراكه‌ی به‌ ناوی "میهره‌بانیی تیته‌س" له‌ ٦ی ئه‌یلوولی ١٧٩١ له‌ شاری پراگ، به‌ڵام ئه‌و به‌رده‌وام بوو له‌ به‌رهه‌مهێنان و كاركردن هه‌ر وه‌ك جاران و ڕابه‌رایه‌تی یه‌كه‌م نمایشی ئاوازی فلووتە‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی كرد له‌ ٣٠ی ئه‌یلوول.

له‌ ٢٠ی تشرینی دووه‌می هه‌مان ساڵ ته‌ندروستی وێران بوو به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌ و له‌سه‌ر جێگه‌ كه‌وت و به‌ده‌ست ئازار و ئاوسان و ڕشانه‌وه‌ ده‌یناڵاند. له‌ پێنجی كانوونی یه‌كه‌می ١٧٩١، له‌ ته‌مه‌نی ٣٥ ساڵی له‌ سه‌عات ١ی شه‌ودا، ئه‌و له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كۆچی دوایی كرد.

 

مۆزارت ته‌نیا له‌ ساڵانی سه‌رده‌می كلاسیكدا ژیاوه‌ و ته‌مه‌نی كورت بووه‌، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا مردووه،‌ له‌ هه‌مان كاتدا زۆر هه‌ژار بووه‌. ڕۆژی به‌ خاكسپاردنی مۆزارت ته‌نیا دوو كارمه‌ندی شاره‌وانی و ژنه‌كه‌ی مۆزارت و سه‌گه‌كه‌ی ئاماده‌ بوون بۆ ناشتنی، بۆیه‌ تا ئێسته‌ كه‌س نازانێت گۆڕی مۆزارت له ‌كوێیه‌، مۆزارت یه‌كێكه‌ له‌و چوار كه‌ڵه‌ میوزیسیانانه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی، كه‌ زۆرترین جار كاره‌ میوزیكییه‌كانیان نمایش كراوه‌. ئه‌وانیش ( باخ ، مۆزارت ، بیتهۆڤن و شۆپان)ن.


 

سەرچاوە: المعرفە - vikipedi


ئەم پارچە مۆسیقایەی خوارەوە، ئەو مۆسیقایەیە، کە لە سەرەوەدا باس کراوە:






وشە - ژیڤان خۆرانی