ئامینە لەلایەن كوڕەكانیەوە لە ماڵەكەی دەركرا

:: AM:09:02:23/08/2017 ‌

لە هەولێر ژنێكی تەمەن ٥٠ ساڵ دوای مردنی مێردەكەی، كوڕەكانی لە ماڵەكەی دەری دەكەن و براكانیشی دەیانەوێت بەشووی بدەنەوە بە پیاوێكی سەرمایەدار، ئەو ژنە دوای ئەوەی لەلایەن كوڕەكانیەوە لێی دەدرێ و هەوڵی كوشتنی دەدرێت، دەچێتە ماڵی براكانی و ئێستە سكاڵای دژ بە كوڕەكانی تۆمار كردووە.

ئامینە ئەو ژنە تەمەن ٥٠ ساڵەیە كە شەش ساڵە هاوسەرەكەی بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانی لە دەست داوە، دوای مردنی مێردەكەی لەگەڵ سێ كوڕ و كچە تاقانەكەیدا دەژیت، ژن بۆ دوو لە كوڕەكانی دێنێت، ماوەی ساڵێكە نێوانی لەگەڵ كوڕەكانیدا تێك چووە و ئاماژە بەوە دەكات كە زۆر بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە، لەسەر بچووكترین شت ئازاریان داوە و لێپێچینەوەیان بەرامبەر كردووە. ئامینە باسی كێشەی خۆی بۆ "وشە" دەكات.
ئامینە ژنێكی باڵابەرزی سپی پێستە، قژەكانی پێچەوانەی ڕووخساری ڕەش دەبریقێنەوە، هێشتا دڵی توانای گرنگیدانی زیاتر بە ژنایەتی خۆی ماوە و چاوەكانی بۆ ژیان پێدەكەنن، بەڵام دەڵێت بۆ ژیانێكی نوێ، كوڕەكانی ڕێگرن لە بەردەمی.
"ژیانمان هیچ كێشەیەكی نەبوو تا دوای مردنی مێردەكەشم، هەموو هەوڵێكم دا بۆ ئەوەی هاوسەنگی خێزانەكەم لە نەبوونی مێردەكەمدا ڕابگرم، بەڵام دوای گەورەبوونی كوڕەكانم و پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیرییان، ئیتر هەموو شتێك بەتەواوی تێك چوو".
زیاتر دەڵێ، "دوای مردنی باوكیان، كوڕە گەورەكەم خانوو و موڵكەكانی بە ناوی خۆیەوە كرد و هەرچی هەبوو لە ماڵدا خۆی سەرپەرشتی دەكرد، هەمیشە بەمنی دەیگوت تۆ تەنیا دەبێت خزمەتمان بكەی، ئەوەی باوكم جێی هێشتووە بۆ ئێمەیە، تۆش ئەوە هەتە دەبێت بۆ ئێمە خەرجی بكەیت".
لە ماوەی ساڵێكدا شەش جار كوڕەكانی بە لێدان ئامینەی دایكیان لە ماڵەكەی خۆیدا دەركردووە، ئامینە كە ئێستە لە ماڵی براكانیەتی، دەخوازێ بچێتەوە لای كوڕەكانی و كچە هەشت ساڵانەكەی پەروەردە بكات، بەڵام كوڕەكانی ڕێی نادەن.
ئەو نایشارێتەوە كە چەند جار هەوڵی ئەوەی داوە كوڕەكانی بە پارە ڕازی بكات بۆ ئەوەی ڕێی پێ بدەن لەگەڵ كچەكەیدا بژیت، بۆ ئەو كارەش كوڕەكانی داوای هەموو زێرەكانی دایكیان كردووە كە ٩٠ مسقاڵ بووە.
ئامینە دووپاتی دەكردەوە چەند مسقاڵ زێڕی داوە بە سێ كوڕەكەی تەنیا لەبەر ئەوەی كچەكەی لەلای خۆی ببێت و ئەوانیش چیتر ئازاری نەدەن، بەڵام مانگێك دوای وەرگرتنی زێڕەكان، كوڕەكانی لەگەڵ مامیاندا هەڵدەكوتنە سەر ئامینە و كچەكەشی لێ دەستێننەوە.
ئێستە كچەكەی ئامینە لەلای ماڵی مامیەتی، كوڕە بچووكەكەشی كە تەمەنی ١٨ ساڵە، براكانی و مامە گەورەكەی دەیانەوێت بینێرن بۆ دەرەوەی وڵات. 
كوڕەكانی ئامینە دایكیان هەڵدەواسن، ئامینە چاوە ڕەشەكانی پڕ بوون لە گریان، جێی لێدان بە شیش و هەڵواسینی ملی نیشان دەدا و دەڵێ، "كوڕەكانم لە ماڵەكانی خۆیاندا ڕام ناگرن، ماڵی براكانیشم بۆ من تا سەر نابن، داواكاریم هات و براكانم پێیان گوتم شوو بكە، كوڕەكانیشم كە بەمەیان زانی منیان بردە ماڵی خۆیان بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێت ئاشت ببنەوە، بەڵام لەوێ ئەوەی پێشبینیم نەدەكرد بەرامبەریان ئەنجامیان دا".
ئامینە گوتی، "هەر لەگەڵ گەیشتنمدا، هەرسێ كوڕەكەم بەشیش و بە زلە و شەق تا توانییان لێیان دام، دواتر پەتیان كردە ملم و هەڵیانواسیم، بەڵام بووكەكانم فریام كەوتن، لەبەر ئەوەی كوڕەكانم تووشی گرتووخانە نەبن، نەچووم بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئێستە هاتووم بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان تا تەنیا بانگ بكرێن و بەڵێننامەیان لێ وەربگیرێت كە جارێكی تر ئازارم نەدەن".
ئازاد برای گەورەی ئامینەیە، لەبارەی كێشەی خوشكەكەی بۆ "وشە" دەڵێ، "ئێمە هەموو ڕێگەیەكمان لەگەڵ كوڕی خوشكەكانم تاقی كردەوە، ئەوان دایكیان تەنیا بە پارەوە دەوێت، ئێستە خوشكەكەمان هیچی نەماوە تا بیانداتێ، ئەوانیش هەموو ڕێگەیەكیان لێ گرتووە، نە ڕێی دەدەن بچێتەوە لایان، نە ئێمە ماڵی بۆ دابنێین و كوڕ و كچەكەی بێنەوە بۆ لای، ئەوان لەژێر ئەمری مامیاندان".
ئێستە ئامینە لە ماڵی براكانی دەژیت و كچەكەشی لە ماڵی شووبراكەیەتی، ئامینە ئاماژە بەوە دەكات، تەنیا ویستی ئەوەیە ئەو تەمەنەی ماویەتی بە سەربەرزی بیباتە سەر، چ بە شووكردنەوە بێت بەپیاوێك كە شیاوی ئەو بێت، چ ژیانی بێت لەگەڵ كچ و كوڕەكەیدا.

هەولێر- ئیڤان عەبدوڕەحمان




وشە - تایبه‌ت