* هۆكارەكانی ناتەندروستی میزڵدان چین؟
* چەند جارێك میزكردن لە شەودا تەندروستە یا نیشانەی تووشبوونە بە نەخۆشی؟
زۆرینەی كات خۆمان یا كەسانی دەوروبەرمان بێزاری لەوە دەردەبڕین كە كاتی نوستنی شەوانە زۆرترین جار میزڵدانمان خەبەرمان دەكاتەوە بە مەبەستی میزكردن، ئاخۆ دەبێت هۆكاری ئەو دیاردەیە چی بێت؟ تەندروست یاخود ناتەندروست و هەڵگری كێشەین لە كۆئەندامی میزدا؟
بە جۆرێك ئەگەر لە جارێك زیاتر لە ماوەی شەش بۆ هەشت سەعات میزڵدانت بەتاڵ كردەوە، ئەو كات تۆ كەسێكی كێشەی تەندروستیت هەیە لە ژێر ناوی Nocturia. كە دەكرێت جەستە زۆرترین بڕ لە دەردراوی میز بەرهەم بهێنێت یا میزڵدان هێندە بەرگەی مانەوەی میز ناگرێت و دەبێت بەتاڵ بكرێتەوە.
بەپێیی پشكنینە پزیشكییەكان هۆكار زۆرن لە ئەگەری ڕوودانی ئەو دیاردەیە كە هەندێك لەو هۆكارانە دەبێت چارەسەری پزیشكی بۆ بكرێت، ڕەنگە بێ چارەسەر و تەنیا بە ڕێنوێنیی پزیشكی بنەبڕ بكرێت.
* ئایا ئەوەی دەیخۆمەوە هۆكارە؟
ڕەنگە یەكێك لە ئەگەرەكان خواردنەوەی ئاو یا هەر شلەمەنییەك بە ڕێژەیەكی زۆر بەر لە كاتی نوستن بێت، بۆیە وا ڕێنویóäJ دەكرێت كە بەر لە كاتی نوستن هێندە شلەمەنی نەخورێتەوە بەتایبەت خواردنەوەی كحوولی و كافاین، هاوكات هەوڵ بدرێت میزڵدان بەتاڵ بكرێتەوە.
* ئایا دەكرێت هۆكارەكەی هەوكردن بێت؟
یەكێك لە كێشە تەندروستییە باوەكانی كۆئەندامی میزەڕۆ و میزڵدان گەشەی بەكتریای زیانبەخش و سەرهەڵدانی هەوكردن بێت لەژێر ناوی UTI، كە هۆكارە لە میزكردن بەڕێژەیەكی زۆر لە شەودا شانبەشانی ئازار و سووتانەوەی میزەڕۆ و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە، كە پزیشكی پسپۆڕ چارەسەری تایبەتی دژە زیندەگی بۆ بنەبڕكردنی ئەو كێشە تەندروستییە بەكار دەهێنێت.
* ڕەنگە تەمەن و بەساڵاچوون هۆكار بێت؟
لەگەڵ چوونە ناو تەمەنەوە جەستە هاوسەنگی لە جێبەجێكردنی فرمانەكانی تێك دەچێت، بە جۆرێك لە شەودا ناتوانرێت گورچیلە كەمترین ڕێژەی میز دروست بكات و میزڵدان تەواو ناكشێت تا زۆرترین بڕ لە میز كۆ بكاتەوە، بێ ئەوەی پێویستیت بە بەتاڵكردنەوە هەبێت.
هاوكات كێشەی تەندروستی لە پیاوان وەك كێشەی هەڵئاوسان و هەوكردنی پڕۆستات، لە ئافرەتان كێشەی وەستانی سوڕی مانگانە و تێكچوونی ئاستی دەردراو لە ڕژێنەكان و منداڵبوونی سروشتی كە ڕەنگە نەتوانرێت ماسولكەكانی هاوبەش بە كۆئەندامی زاوزێ و میزەڕۆ بە ئاسانی بە ویستی كەسەكە كاری پێ بكرێت.
* ڕەنگە چارەسەر بە دەرمان هۆكار بێت؟
كەسانێك كە كێشەی تەندروستی تر لە جەستەیان بوونی هەیە و دەرمان وەك چارەسەر بەكار دەهێنن كە هەندێك جۆر لە چارەسەر هاوكارە لە دەردانی شلەی جەستە بەشێوەی دەردراوی میز، بۆیە دەكرێت پزیشكی پسپۆڕ ئاگەدار بكرێتەوە یا بە گۆڕینی كاتی وەرگرتنی دەرمان، یا بە ڕێی گۆڕینی جۆری چارەسەر.
* دەكرێت كێشەی كەمخەوی هۆكار بێت؟
زۆر لە كاتەكان كە كەسێك دووچاری كێشەی كەمخەوی دەبێت یا هەبوونی خەمۆكی و نەنوستن بە شێوەیەكی بەردەوام، جارێكی تر هۆكارە لە وەرگرتنی زانیاری لە مێشك بە مەبەستی خاڵیكردنەوەی میزڵدان چەند جارێك لە شەودا.
* ڕەنگە نەخۆشیی جیاواز هۆكار بن؟
ناتەندروستی جەستە و بوونی هەر كێشەیەك وا دەكات ڕێژەی میزكردن و پێوەری تەندروستی تری لەش گۆڕانكاری بەسەر بێت وەك نەخۆشییەكانی (دڵ، شێرپەنجەی میزڵدان و پڕۆستات، چالاكی بەرزی میزڵدان، دووگیانی لە ئافرەتان و قەڵەوی بە شێوەیەكی گشتی).
د. تۆڵە فەرەج / بەریتانیا
* سەرچاوە/ ماڵپەڕی هەواڵی تەندروستی WebMD.