گواردیۆلا هۆشداری دەداتە یانەی بەرشەلۆنە

:: AM:10:38:23/08/2017 ‌

پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی هۆشداری دایە یانەكەی پێشووی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لەبەرامبەر مەترسی لەدەستدانی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی وەك ئەوەی لەم مانگەدا بەرامبەر نیمار دا سیلڤا روویدا.

میسی تا ئێستا بەفەرمی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە نوێ نەكردووەتەوە، هەرچەندە بەرپرسانی یانەكە ماوەی دوو مانگە رایدەگەیەنن كە هیچ كێشەیەكیان نەماوە و بەتەواوی هەردوولایان رێككەوتوون.

یانەی بەرشەلۆنە بڕوای تەواوی هەیە لەچەند رۆژی داهاتوودا بەشێوەی فەرمی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی میسی رادەگەیەنن بۆ هەمان كێشەی رۆیشتنی نیماریان بۆ یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دووبارە نەبێتەوە.

لەبەرامبەر ئەو دڵنیاییەی بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە، پیپ گواردیۆلای راهێنەری پێشووی یانەكە هۆشداری دایە بەرپرسان لەبەرامبەر جێهێشتنی میسی لە یانەی بەرشەلۆنەدا.

گواردیۆلا لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی (ئیسپن)ی ئینگلیزی گوتی: زۆرێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپا دەتوانن پارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی میسی بدەن.

شێخ مەنسووڕ بن زاید ئال نهیان خاوەنی یانەی مانچستەر سیتی لە ئێستادا بەرژدی كار لەسەر ئەوە دەكات دەستەوارەیەك پێشكەش بە یانەی بەرشەلۆنە بكات بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە بەفەرمی میسی بباتە یانەكەیەوە.

دەستەوارەكەی شێخ زاید بۆ میسی برێتی دەبێت لە 300 ملیۆن یۆرۆ كە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەدا، هەروەها مووچە هەفتانەی ئەو ئەستێرەیەش بۆ 500 هەزار پاوەن زیاد دەكات.

لەبەرامبەر ئەم دەنگۆیە، گواردیۆلا رایگەیاند كە ئەگەر بۆیان بگونجێ دەتوانن مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی میسی بدەن. جەختیشی كردەوە كە یانەی تریش هەن ئامادەن هەمان كار بكەن.

یانەی مانچستەر سیتی ماوەیەكی زۆرە كار لەسەر گرێبەستكردن لەگەڵ میسی دەكات و دوای وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەش لەلایەن پێپ گواردیۆلای ئیسپانییەوە ئەم گرینگیپێدانە زیادی كردووە.

لای خۆشییەوە جۆردی مێستری جێگری سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە هەفتەی رابردوو بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرای كردبوو كە بەمزووانە میسی گرێبەستەكەی نوێ ناكاتەوە و بەڵكو چاوەڕێی كاتێكی گونجاو دەكات، لە هەمانكاتیشدا جەختی كردەوە كە كارەكان كۆتاییان هاتووە و رێككەوتنی تەواو لەنێوان یانەكە و یاریزانەكەدا هەیە سەبارەت بە درێژكردنەوەی گرێبەستەكە.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە بەرۆیشتنی نیمار تووشی كێشەی گەورە بووەتەوە و ئاستی یانەكە بەتەواوی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەگەری یانەی مانچستەر سیتی لەگەڵ میسیش رێك بكەوێ ئەوا بەگوێرەی شارەزایانی وەرزشی یانە كەتەلۆنییەكە بەتەواوی وێران دەبێت.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م