بەرشەلۆنە دانی پێداناوە: ئێستا سەردەمی ریال مەدریدە

:: AM:11:16:23/08/2017 ‌

بەشێكی زۆری لایەنگرانی یانەی بەرشەلۆنە دانیان بەوەداناوە كە ئێستا سەردەمی یانەی ریال مەدریدەوە بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە هەردوو یاریی كلاسیكۆی هەفتەی رابردوو لە جامی سوپەری ئیسپانیا شكستیان خواردبوو.

لەسەرەتادا گیرارد پیكێ بەرگریكاری یانەی بەرشەلۆنە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) دانی بەوەدانابوو كە یانەی ریال مەدرید لەوان باشترە و ئیتر سەردەم سەردەمی ئەو یانەیەی پایەتەختی ئیسپانیا دێت.

دوای پیكێ، جۆردی ئەلبای بەرگریكاری چەپی یانەكەش هەمان بۆچوونی هەبوو و دانی بەلاوازی یانەكەی لەبەرامبەر یانەی ریال مەدرید دانا.

بۆچوونەكان لەمبارەیەوە پەرەیان سەند و جۆلیۆ سالیناسی یاریزانی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی كۆمێنتێكی بڵاو كردبووەوە كە تێیدا نووسیبووی "دەستەی كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە وەك پێویست كارییان نەكرد تا یانەكە نوێ بكەنەوە، لەبەر ئەمە یانەی ریال مەدرید دەستی بەسەر بەشی زۆری پاڵەوانیەتییەكاندا گرتووە".

لای خۆیەوە رۆژنامەنووسێكی دیاری شاری بەرشەلۆنە بەناوی ئەرتیلیس وێنەیەكی میسی بڵاو كردبووەوە و لەسەریشیدا نووسیبووی " میسی ئێستا لە تیپەكەیدا بووەتە تاكە ئەستێرە و هیچ ئەستێرەیەكی تری لە یانەی بەرشەلۆنەدا لەگەڵ نەماوە".

هەروەها نووسیبووی "ماوەیەكی زۆرە لە هێڵی بەرگری و ناوەڕاستدا یانەی بەرشەلۆنە كێشەی هەیە، بەڵام بەهۆی بوونی میسی و نیمار و سوارێز هەستمان بەو مەترسییانە نەكردبوو".

رۆزاس كە رۆژنامەنووسێكی رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنییە بڵاوی كردبووەوە "كێشەكانی ئەم دواییە ئەوە دەردەخەن كە یانەی بەرشەلۆنە لە قەیرانێكی قووڵدایە و چەندان كێشەی سەرەكی بەرۆكی گرتووە لەوانە تیرۆ، نوێ نەكردنەوەی گرێبەستەكەی میسی، نەهێنانی ئەستێرە بۆ یانەكە لەگەڵ ئەگەری شكستی دەستەی كارگێڕی یانەكە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م