دەریای مردوو خەریكە بەڕاستی دەمرێت

:: PM:12:05:23/08/2017 ‌

ئاستی ئاوی دەریای مردوو بە خێرایی لە دابەزیندایە و هەردوو وڵاتی ئوردن و ئیسرائیلیش دەیانەوێت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی هاوبەش، ئەو دەریایە رزگار بكەن. پڕۆژەكە ئەوەیە بە لوولەیەكی گەورەی ئاو لە دەریای سوورەوە ئاو بۆ ئەم دەریایە بگوازنەوە.

رەنگی ئاوی دەریای مردوو نیوەڕۆیان كە خۆر لە ئاسمانە، شینێكی ئاسمانییە و لە هەندێك بەش ترووسكە دەداتەوە. ئەو رێیەی دەگاتەوە كەنارەكانی رووباری ئوردن، پڕ هەوراز و نشێو و درێژە و بەهۆی ئەوەی ئاوەكە لە كەمی داوە هاوشێوەی پەیژە خۆی دەنوێنێت.

محەمەد كە لە یەكێك هوتێلەكانی ئەم كەنارە خەریكی كارە، ئاماژەی بە چیایەكی نزیك ئاوەكە كرد كە تا چەند ساڵ لەمەوبەر ئاو گەمارۆی دابوو، كەچی ئێستە بە تەواوی لێی دوور كەوتووەتەوە.

بەگوتەی ئەو هاووڵاتییە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا ئاستی ئاوی دەریاكە ٢٠ مەتر دابەزیوە. پێشبینی كراوە ئەگەر دەریاكە رزگار نەكرێت، ئەوا تا ساڵی ٢٠٥٠ دەریای مردوو بە تەواوی بمرێت و تەنیا ناوەكەی بچێتە نێو مێژووەوە. لێكۆڵەرەوان دەڵێن ئەوپەڕی گۆمێكی بچووك دەمێنێتەوە كە رێژەی سوێرییەكەی لە رادەبەدەر بەرزە.

رووباری ئوردن كە سەردەمێك یەكێك لە گرنگترین رووبارەكانی ناوچەكە بوو، ئێستە زۆر بچووك بووەتەوە و تەنانەت ئاوێكی ئەوتۆ لەو رووبارەوە ناڕژێتە دەریای مردوو و ئەوەش هۆكار بووە لەوەی ساڵ بەساڵ بڕی ئاوی دەریای مردوو بەهۆی بەهەڵمبوون و كەمیی باران لە كەمی بدات.

كوت مایەر بەڕێوەبەری لێكٶڵەری پڕۆژەی راكێشانی ئاو بۆ دەریاكە پێی وایە، ئەگەر دەریاكە وشك بێت، ئەوا كارەساتێكی گەورە لە ناوچەكە روو دەدات.

مەترسییەكی گەورە
 هاوكات رەئووف عەباس چالاكی بواری ژینگە باس لەوە دەكات كە كەمبوونەوەی ئاوی دەریای مردوو بۆ سەرچاوەكانی ئاوی شیرینی ناوچەكەش مەترسیدارە و دەبێتە هۆی ئەوەی سەرچاوەكان بۆ ئاوی سوێر بێنە گۆڕین. كاریگەریی ژینگەیی تریش لەسەر ئەو دیاردەیە هەیە و كاتێك خوێی پاشماوەی ئاوەكە دەنیشێت، لە ژێر زەوی هەندێك كونی گەورە دروست دەبن كە لەوانەیە لە داهاتوودا داڕمێن و ببن بە مەترسی بۆ سەر ژیانی دانیشتووان و لە ناكاو خانوو و شەقامەكان قووت بدات و بیانڕووخێنێت.

خۆی هەر ئێستەش بە هۆی سوودوەرگرتنی لە رادەبەدەر لە ئاوی شیرین بەهۆی جووتیاران، هەزاران كون لە ژێرزەوی دروست بوون و تەنانەت بەشێك لە جووتیاران دەستیان لە زەوییەكانیان هەڵگرتووە و تەنانەت هەندێك شوێن لە ترسی داڕمان ناوێرن سەردانیان بكەن.

دەریای مردوو رۆڵی لە رێكخستنی پلەی گەرمی و كەشوهەوای ناوچەكەش هەیە. لە هاوینان ئەو دەریایە گەرمایەكی زۆر وەردەگرێت و لە زستانانیشدا گەرما دەبەخشێتە دەوروبەر و ژینگەوە.

پڕۆژەی راكێشانی ئاو
بڕیارە بە پڕۆژەیەكی نوێ لوولەیەكی گەورەی ئاو لە باشووری ئوردنەوە ئاو بۆ دەریای مردوو بگوازرێتەوە. ئوردن ئاوەكە بۆ هەندێك دامەزراوەی تایبەت بە پاڵاوتنی ئاو و جیاكردنەوەی خوێ دەگوازێتەوە و بەشێك لە ئاوی خواردنەوە بۆ ئیسرائیل دەگوازرێتەوە و ئوردنیش لە باكورەكەی لە ئیسرائیل ئاوی خواردنەوە وەردەگرێت كە بەهۆی پەناخوازان كەمی كردووە.

هەروەها بڕیارە خەڵكی فەلەستینیش ئاویان پێ بدرێت. ئەو ئاوەی دوای پاڵاوتن دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئاوی تری دەریای سوور بە لوولەیەك بە درێژایی ١٨٠ كیلۆمەتر بۆ دەریای مردوو بگوازێتەوە، تەنانەت هەوڵ دەدرێت هەر لە رێگە بەهۆی ئەوەی هەوراز و نشێوی زۆری هەیە كارەبا لە ئاوەكە بەرهەم بهێنرێت.

ئەوەی تا ئێستە روون نەبووەتەوە چ كاریگەرییەكی لێ دەكەوێتەوە، بریتییە لە جۆری خوێی دەریای مردوو و جۆری خوێی دەریای سوور كە دوو پێكهاتەی جیاوازن و ئەگەر ئەم دوو ئاوە لەگەڵ یەكتردا تێكەڵ بكرێن، دیار نییە پلەی گەرمی ئاوەكە چی بەسەر دێت و چ كاریگەرییەكی لەسەر ژینگە دەبێت، جگەلەمە لەوانەیە هەندێك بەرد و گرد لە شێوەی كریستاڵ و گەچ لە نێو دەریای مردوو بێنە كایەوە. ئەوەی لە پڕۆژەكە گرنگە ئەوەیە هیچ چارەیەكی تر جگە لەمە بۆ رزگاركردنی دەریای مردوو لە وشكبوون لە ئارادا نییە و یەكێك لە پسپۆڕانی ئوردنیش دەڵێت ئەگەر ٤٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ دەریاكە بگوازنەوە، هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر دەریاكە نابێت.

بەگوێرەی پڕۆژەكە لە ساڵێ ٢٠٢٤ بۆ یەكەم جار ئاو لە دەریای سوورەوە دەگاتە دەریای مردوو. پرسیار ئەوەیە ئایا دەریای مردوو بەراستی رزگار دەكرێت؟ پرسیارێك كە هێشتا وڵامێكی روون بۆی نەدۆزراوەتەوە و نییە و هەندێك پسپۆڕ لەسەر ئەو باوەڕەن كە پڕۆژەكە تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی رەوتی وشكبوونی ئاوی دەریای مردوو هێمنتر ببێتەوە.

لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش دەریاچەی ورمێ تووشی هەمان كێشە بووە، لە دوو ساڵی رابردوودا توانراوە بە هەندێك پڕۆژە و پلان كە بەهاوكاری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كراون، پێش بە زیاتر وشكبوونی دەریاچەكە بگیرێت، دەریاچەیەك كە ئەگەر وشك بێت لە ناوچەكە دەبێت سەرووی یەك ملیۆن كەس شوێنی ژیانیان بۆ شوێنێكی تر بگوازنەوە.

سەرچاوە/دۆیچێوێلێ




وشە - سلێمان تاشان