ماوەیەكە هەندێك دەزگەی راگەیاندن و كۆمپانیا لە كوردستان، بە ئاشكرا رێكلام بۆ ئەوە دەكەن خەڵك پارەكانیان بۆ دەرەوە بگوازنەوە و لەپێناو وەرگرتنی رەگەزنامە و پاسپۆرتی توركیا، ڤێلا و خانوو لەو وڵاتە بكڕن و تەنانەت بەشێك لە كارەكانیشیان بۆ رادەپەڕێنن، هەنگاوێك كە بۆ ئابووریی هەرێمی كوردستان بە مەترسیدار هەژمار دەكرێت.
دۆخی ئابووری و تەنانەت سیاسیی كوردستان، هۆكار بووە لەوەی بەشێك لە دەوڵەمەندەكان و وەبەرهێنەران لە 2014ەوە سامانەكەیان بۆ دەرەوە بگوازنەوە و لەوێ خەریكی وەبەرهێنان و پڕۆژەكانیان بن. هاوشێوەی كوردستان لەو شوێنانەیش رووی وەبەرهێنانیان لە كەرتی خانوو و زەوی بووە.
ئێستە حكوومەتی توركیا رێی تری دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی سەرنجی سەرمایەی كوردستان و عێراق بۆ لای خۆی رابكێشێت و تەنانەت لە تەلەڤزیۆن و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، هەندێك كۆمپانیا بە ئاشكرا رێكلام بۆ ئەو سیاسەتەی توركیا دەكەن.
سەرەتای ئەم هەفتەیە كۆمپانیایەكی بەناوبانگی بواری خانوو و زەوی كە دەیان نووسینگەی هەیە، رێكلامی ئەوەی بڵاو كردووەتەوە خەڵك سەردانیان بكەن و لە توركیا بەرامبەر بە وەرگرتنی پاسپۆرت و رەگەزنامە، خانوو یان ڤێلا بكڕن.
محەمەد قادر كە دانیشتووی هەولێرە و حەز دەكات ببێتە خاوەنی پاسپۆرتی توركیا، بۆ "وشە" گوتی، پێوەندی بە كۆمپانیاكە كردووە و ریوشوێنی تەواویان پێشان داوە تا كارەكانی رایی بكات.
ئەو دەڵێت، پێشتر دەبوو ئەوەی دەچێتە توركیا لە ملیۆنێك دۆلار كەمتری پێ نەبێت، بەڵام ئێستە ئاسانكارییان كردووە بۆ ئەوانەیش كە بتوانن خانوو و ڤێلا بە نرخێكی هەرزانتر بكڕن و دوای پێنج ساڵ رەگەزنامە و پاسپۆرتیان پێ دەدات.
مەلا یاسین مەحموود گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بۆ "وشە" روونی كردەوە، بەشێك لە هۆی چوونەدەرەوەی سەرمایە بۆ سیاسەتی ئابووری ناوخۆیی دەگەڕێتەوە. بەگوتەی ئەو "ئەگەر هەرێمی كوردستان دەرفەتی فرۆشتنی خانووی بە هاووڵاتییانی عێراقی بدایە، خەڵك ناچار نەدەبوون بەرەو پیلی سیاسەتی توركیا بچن".
مەلا یاسین رای دەگەیەنێت كە لە دوو ساڵی رابردوودا لە توركیا، 125 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و عێراق فرۆشراوە و ئەگەر تێكڕای هەر خانوویەك بە 10 هەزار دۆلار دانرابێت، ئەوا 12 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ توركیا گواستراوەتەوە.
ئەمە كەمترین نرخە بۆ ئەو لێكدانەوەیە دەستنیشان كراوە و زۆر كەس بە ملیۆن دۆلار خانووی لە توركیا كڕیوە. بەگوتەی یاسین مەحموود "یەكێك لە وەزارەتەكانی توركیا بە فەرمی ئاماژەی بە 17 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری عێراق كردووە كە بۆ ئەو مەبەستە بۆ توركیا گواستراوەتەوە".
"دوای كودەتاكە، توركیا تووشی كەمیی نەختینە هات، بۆیە بە پێدانی ئیمتیازی رەگەزنامە لە بری كڕینی موڵك بە ملیۆنێك دۆلار، توانی تەنگژەكەی نەهێڵێت" مەلا یاسین وای گوت.
لە لایەكی ترەوە عەبدولواحید تەها شارەزای ئابووری، بۆ "وشە" دەڵێت، چوونەدەرەوەی سەرمایە دوو ئاراستەی هەیە، ئەگەر وەبەرهێنەرێكی ناوخۆیی لە دەرەوە وەبەرهێنان بكات و پڕۆژە یان كارگەیەكی هەبێت، ئەوا دواجار لە رووی ئابوورییەوە بۆ كوردستانیش قازانجە، چونكە داهاتەكەی بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە. بەڵام ئەگەر چوونەدەرەوەی سەرمایە تەنیا بۆ كڕینی خانوو و ڤێلا و خۆشگوزەرانی بێت، ئەوكات مەترسیدارە، چونكە لەلایەك سەرمایەكە لە وڵات بردووەتە دەرەوە و لەلایەكی تر ئەو هاووڵاتییە هیچ سوودێكی بۆ كوردستان نابێت، چونكە ئەگەر گریمانەی ئەو بكرێ لەوێ بژیت، هەر دەبێت سوود لە داهاتەكەی كوردستانی وەربگرێت.
ئەو شارەزا ئابوورییە پێی وایە، دەبێت لێكۆڵینەوەی ورد هەبێت لەسەر ئەوەی چ ژمارەیەك خەڵك بۆ ئەو مەبەستە چوونەتە دەرەوە و مەبەستیان لە بردنەدەرەوەی سەرمایەكە چییە، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پلانی خۆی هەبێت.