وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لە ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، خۆی دوور گرتووە لە باسكردنی پرسی ڕیفراندۆم كە لە كۆبوونەوەكە باسی لێوە كرا، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی ئەمەریكا وازی لە دژایەتی و نیگەرانی دەربڕین لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان هێناوە.
دوێنێ سێشەم جێمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دوای سەردانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، دواتر لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی باڵای بەرپرسانی كوردستان كۆ بووەوە.
دوای كۆبوونەوەكە پێگەی فەرمی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە پرسی ڕیفراندۆمی كوردستان یەكێك بووە لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە و وەزیری بەرگریی ئەمەریكا تێشگەیشتنی قووڵی خۆی بۆ ماف و داواكارییەكانی كوردستان دەربڕیوە و وای بۆ دەچێ كە ڕەنگە پرۆسەكە كۆسپ لە بەردەم شەڕی تیرۆر دروست بكات.
ئەوەی جێی باسە پێگەی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "
پنتاگۆن" لە هەواڵی كۆبوونەوەی بارزانی و ماتیس، باسی نیگەرانی و بۆچوونەكانی ماتیسی لەسەر ڕیفراندۆمی كوردستان نەكردووە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە كە ئەمەریكا بە كردەوە نەرمی بەرامبەر پرۆسەی ڕیفراندۆم هەیە و پشتیوانی دەكات.
پنتاگۆن بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئەمەریكا جێمس ماتیس لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی و فەرماندەكانی پێشمەرگە كۆ بووەوە كە هاوبەشی پرۆسەكانن بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعس.
ئاماژەی داوە، ماتیس پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی مووسڵی لە بارزانی كردووە، ئاماژەی داوە كە ڕزگاركردنی مووسڵ تەنیا بەهۆی هاوكاری و هاوئاهەنگی هێزەكانی بەغدا و هەولێر بوو، هیوادارین ئەو هاوئاهەنگییە بپارێزن، هاوكات بۆ بارزانی دووپاتی كردووەتەوە كە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق لە گفتوگۆی بەردەوام و چڕدا بن، بۆ پاراستن و ڕوانین و فۆكسكردنی زیاتر لە پرۆسەی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش.