حەلاج عاشقە لە خاچدراوەکە

:: PM:10:21:23/08/2017 ‌

ئەبولموغیس حوسەینی کوڕی مەنسووری حەلاج لە ساڵی ٢٤٤ك بەرامبەر بە ٨٥٧ یان ٨٥٨ی زاینی لە دێی "توور"ی سەر بە شاری"بەیزا" لە هەرێمی فارسی باکووری شاری شیراز هاتووەتە دنیاوە. باپیرەی کابرایەکی زەردەشتی بووە، باوکیشی هەلاج (حەلاج) بووە. ئەو هێشتا لاوێکی منداڵ بووە، کە خێزانەکەیان چوون بۆ "واسیت" لە عێراق. سەبارەت بەوەش، کە بۆچی ناسناوی"حەلاج”ی دراوەتە پاڵ، قسە و باسی جیاواز هەیە. لەوانە باوکی هەللاج بووە، هەروەها پێی گوتراوە هەللاجی نهێنییەکان، لەبەرئەوەی پەردەی لە ڕووی نهێنییەکانی یەکتاپەرستان هەڵماڵیوە.

هەروەها هۆکاری تریش هەن زیاتر خەیاڵ بە سەریدا زاڵە، کاتێک لە واسیت بووە (جارێکیان داوا لە هەللاجێک دەکات، لە هێندێک کاردا یارمەتیی بدات، کابرا سەرەتا داواکەی ڕەتکردووەتەوە، بە بیانووی ئەوەی سەرقاڵی هەللاجییەکەی خۆیەتی، بەڵام کاتێ حوسەین بەڵێنی دەداتێ، ئەگەر یارمەتیی بدات، ئەوا ئەویش لە کاری هەللاجیدا یارمەتیی ئەو دەدات، ئیدی کاتێ کابرای هەللاج دێتەوە بۆ شوێنکارەکەی خۆی، سەیر دەکات هەرچی لۆکە هەیە شی کراوەتەوە، هەر لەوەوە نازناوی حەلاج دەخەنە پاڵ حوسەینی کوڕی مەنسوور.)

حەلاج لە سەرەتای لاویدا دەچێت بۆ توستەر (شوشتەر) لەوێ سۆفییەکی سوننی دەناسێت ناوی (سەهلی کوڕی عەبدوڵای توستەری)یە، بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر دەستی ئەو، بنەماکانی تەسەووف دەخوێنێت. پاشان توستەر جێدێڵێت و ڕوو دەکاتە بەسرە و لەوێ بە (عەمروی کوڕی عوسمانی مەککی) ئاشنادەبێت و لەلای ئەو زانستەکانی تەسەووف و زوهد دەخوێنێت و وردە وردە دەناسرێ و ناو دەردەکات. لە بەسرە هاوسەرگیری دەکات و کچی (ئەبو یەعقوبی ئەقتەعی بەسری) دەهێنێت، ئەم هاوسەرگیرییەی دەبێتە هۆی ئەوەی پێوەندیی لەگەڵ عەمروی مەکیدا تێک بچێت، لەبەرئەوەی ئەبو یەعقوب ڕکابەری عەمرو دەبێت لە پێشەنگیدا بۆ تەسەووف لە بەسرە.

ئینجا دەچێت بۆ بەغدا و لەوێ یەکێک لە سۆفییە گەورەکانی ئەو ڕۆژگارە دەناسێت کە (ئەبولقاسم جونەیدی کوڕی محمەمەدی بەغدادی)یە. جونەید ئامۆژگاریی دەکات، پێویستە سەبری هەبێت و ددان بەخۆیدا بگرێت، هەر لەسەر دەستی ئەویش خیرقەی سۆفییان دەپۆشێت. حەلاجیش لەسەر قسەی جونەید، بەغدا جێدێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ بەسرە. ئەو دەمە بەسرە هەر مەڵبەندێکی تەسەووف نەبوو، بەڵکوو مەڵبەندی هێندێ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیش بوو، لەوانە بزووتنەوەی زنجیەکان. ئاکامی ئەم بزووتنە کۆمەڵایەتییە ڕاپەڕینێک دەبێت، بەڵام (لە ساڵی ٢٧٠ی کۆچیدا، ڕاپەڕینی زنجیەکان دادەمرکێنرێتەوە و وەسی مۆفەق یاساوڕێسا دەگەڕێنێتەوە بۆ بەسرە و دیسانەوە پرۆسەی باج وەرگرتنی قورس دەستپێدەکاتەوە. حەلاج دەچێت بۆ مەککە، بەڵام وەک حەجێکی سەپێنراو نا، بەڵکوو وەک عەمرەیەک، بە ئامۆژگاریی شافیعی، لە حەساری کەعبەدا دەیباتەسەر).

دوو بزوتنەوەی جەماوەری هەبوون، کە ئاغاکان و دەرەبەگەکان دەیانیان چەوساندنەوە، هەڵبەت شتێکی سەیر نییە کە حەلاجیش پەیوەندیی بەم دوو بزووتنەوەیەوە هەبووبێت. ئەو دوو بزووتنەوەیەش لێک نزیکبوون، هەردووکیانیش دژ بە دەوڵەتی عەباسی بوون. هەر لێرەشەوەیە دواتر دەوڵەتی عەباسی بە تۆمەتی (قەرمتی) حەلاج دەسگیر دەکەن و بە مەترسییەکی گەورەی دەزانن لەسەر دەسەڵاتیان. لەبەرئەوەی (ڕەفتاری حەلاج و میتۆدی فیکریی و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی و بانگەشەکردنی بۆ چاکسازیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەموو ئەمانەی لە ڕێبازی قەرمتییەکان و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەیان و کەفوکوڵیان بۆ گۆڕینی سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەچوو، ئەمە جگە لە پێوەندیی توندوتۆڵی نێوان هزری حەلاج و بیروباوەڕی فاتیمی ئیسماعیلی و باوەڕی بەوەی کە دەبێ پەنا ببرێتە بەر لێکدانەوە و واتەی ناوەوەیی "باتینی یان ناخی” لە پەنا واتەی ڕواڵەتیدا) ئەگەرچی لویس ماسینیۆن لە کتێبی "ئازارەکانی حەلاج”دا قەرمتیبوونی حەلاج ناسەلمێنێت، چونکە لە یەکەم دادگاییکردنی حەلاجدا لە ساڵی ٣٠١ی کۆچیدا، ئیبن سورەیج کە شارەزابووە لە کاروباری قەرمتیەکاندا، لەو تۆمەتە بێبەریی دەکات. هەروەها پشتبەستنی حەلاج لە نووسینەکانیدا بە تەفسیری ئیمام جەعفەری سادق، وەک ماسینیۆن دەڵێت، نیشانەی شیعەبوونی حەلاج نییە. هەروەها بە ڕای ماسینیۆن، ئەو زاراوە قەرمتیانەی حەلاج دەکاری بردوون، بە واتەی جیاواز لە مانا قەرمتییەکان مامەڵەی لەگەڵ کردوون و ڕەهەندێکی سۆفییانەی پێ بەخشیون.

حەلاج لە ساڵی ٢٧٠ک دا دەچێت بۆ مەککە و ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوە و لە ماوەی ئەو ساڵەدا جگە لە حەج و عەمرە، سەرگەرمی تێڕامان و مەشقی ڕۆحی دەبێت تا ئەو ڕادەیەی کە تیایدا لە نزیکەوە عیشقی خودایی ئەزموون دەکات و دەگاتە ئەوەی بڵێت: "ئەگەر تۆزقاڵێک لەو ئاگرەی ناو دڵم فڕێ بدرێتە سەر شاخ و داخەکانی زەوی، هەموویان دەتوێنێتەوە، خۆ ئەگەر لە ناو ئاگریش بووبام، ئاگرەکەم دەسووتاند". پاشان بەرەو ئەهواز دەچێت، لەوێشەوە بۆ شوشتەر و سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەهواز و ئینجا لە ساڵی (٢٨٦ک)دا بەرەو هیندستان و خوراسان دەڕوات.

خوراسان لەو ڕۆژگارەدا مەڵبەندی دەوڵەتی شیعە و هەروەها دوو بزووتنەوەی سیاسی و ڕۆحیی بەتین بوو، بریتی بوون لە بزووتنەوەی قەرمتیەکان، بزووتنەوەی تەسەووفی بەستامی. حەلاج لەم گەشتەیدا بە گەلێ شوێن و گەلێ کەسێتی ئاشنا بوو، لێرە و لەوێ کۆڕ و کۆبوونەوەی دەبەست و گوتاری دەدا. دیسان نابێ ئەوەمان لە یاد بچێت، ئەو دەمە خوراسان پڕبوو لە پەرستگای بووداییەکان، فەلسەفە و ئایین و تەسەووفی هیندی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر حەلاج هەبوو، ئەمەش لە ڕێبازەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە و گەیاندییە ئەو باوەڕەی، کە هەر مرۆڤە و دەبێ لە ناو خودی خۆیدا بەدوای خوادا بگەڕێت و بیدۆزێتەوە. ئەم گەشتەی پێنج ساڵی خایاند و دواتر لە دەوروبەری ساڵی ٢٩٠ک دا گەڕایەوە بۆ ئەهواز و لەوێشەوە بۆ بەغداد.

دیسانەوە سەودای مەککە لە سەری دا، چووەوە بۆ ئەوێ، ئەمجارەیان کە گەڕایەوە بۆ بەغدا، لە ماڵەکەی کەعبەیەکی بچووکی بۆ خۆی دروست کرد. هەڵبەتە حەلاج لەم قۆناغەدا گەیشتبووە ئاستێک لە عیشقی خودایی، کە باوەڕی وابوو یەکبوونی ڕاستەقینە یەکبوونە لەگەڵ خوادا، دیارە ئەمەش شتێک بوو لای فەقیهەکانی ئەو دەمە قبووڵ نەدەکرا، بۆیە وردە وردە ناحەز و دوژمنی زۆر بوو. ئەوێک کە دەیوت: "ئەی موسڵمانان، فریام بکەون لە دەستی خوا، نە دەهێڵێت ڕۆحم ئاسوودە بێت تا هۆگری بم، نە لە ڕۆحم دەمسێنێتەوە تا ڕزگارم بێت لێی، بحەوێمەوە. ئەمە نازێکە کە ناتوانم بەرگەی بگرم" ئیتر چۆن خەڵکی لێی نەدەورووژاند و لێی پڕ نەدەبوون، لەوانەش فەقیهێک شیعری دەنووسی و ناوی محەمەدی کوڕی داود بوو، لە دادگەی بەغداش قازی بوو. هەربۆیە بە تۆمەتی کفرکردن بۆ دادگا پەلکێشی کرد، تا حوکمی کوشتنی بەسەردا بسەپێنن؛ بەڵام دادوەرێکی تر لەوێ، ناوی ئیبن سورەیج بوو، فەقیهێکی شافیعی بوو، بەرگریی لێ کرد و گوتی: "حوکمدان بەسەر حاڵەتێکی سۆفییانەی لەم چەشنەدا، لە دەسەڵاتی دادگە شەرعییەکاندا نییە (کە بەتەنیا ڕواڵەتی شتەکان دەبینن).

مەسەلەی دوژمنایەتیکردنی حەلاج و ڕاوەدوونان و چاودێریکردن و زیندانیکردنی، بە تەنیا پێوەندیی بە تەکفرکردنیەوە نەبووە، چونکە وەک ئاماژەشمان پێ دا، پێوەندیی حەللاج بە قەرمتی و زنجیەکانەوە و بەرگریکردنی لە هەق و لە چەوساوە و هەژاران، شتێک بوو بەلای عەباسییەکانەوە مایەی مەترسی بوو. عیشقی حەلاج بۆ خودا هەڵوێستێک بوو زۆر پێوەست بوو بە دژایەتیکردنییەوە بۆ ستەم و جەوری عەباسیەکان و چەوساندنەوەی هەژاران و سەپاندنی باجی زۆر لە سەریان. بۆیە تا دەهات ئەم هەڵوێستەی، بەرەو یاخیبوونی زیاتی دەبرد بەرامبەر بە دەوڵەتی عەباسی، لەبەرامبەر ئەوەشدا، خۆشەویستی و هاوسۆزیی بۆ ستەملێکراوان پتر دەکرد.

لە ساڵی (٢٩٩ک) (٩١١ – ٩١٢ز) دا، واتە هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی فاتمی لە مەغریبدا، وەزیری وەخت"عەلی کوڕی محەمەدی کوڕی فورات" بڕیاری دەسگیرکردنی دەرکرد، بەڵام ئەو هەڵدێ بۆ سووس لە ئەهواز، گەرچی دوای دوو ساڵ، واتە لە ٣٠١ ک دا لەڕێی سیخوڕێکی وەزیر حامیدی کوڕی عەباسەوە دەسگیر دەکرێ، ئەم زیندانیکردنەشی ماوەی نۆ ساڵ دەخایەنێت، دژوارترین و پڕئازارترین قۆناغ دەبێ.

لە ساڵی گرتنەیدا وەزیرێک بە ناوی "عەلی کوڕی عیسا" دەسبەکار دەبێت، کە خزمی یەکێک لە کاربەدەستە گەورەکانی دەوڵەتە بە ناوی "حەمد قینائی”یەوە، ئەوەی دووەمیان لایەنگرێکە لە لایەنگرەکانی حەلاج. هەربۆیە ئیبنو عیسا، بە گەڕانەوە بۆ فەتواکەی ئیبنو سورەیج مەسەلەی دادگاییکردنی حەلاج هەڵدەپەسێرێت و قوتابییەکانی حەلاجیش ئازاد دەکات. بەڵام ئەو کردەوەیەی دەبێتە مایەی ورووژاندن و هەڵچوونی نەیارانی حەلاج، ئەمیش بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ورووژان و هەڵچوونە، بڕیار دەدات بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ حەلاج بە زیندوویی بە خاچدا هەڵبواسرێ و ئینجا ببرێتەوە بۆ زیندان. حەلاج لە ماوەی زیندانیکردنەیدا دوا کارەکانی خۆی نووسی، لەوانەش "تاسینی ئەزەل".

بەهۆی گەندەڵییەوە خەلیفە بە لابردنی ئیبنو فورات و دانانی حامیدی کوڕی عەباس بە وەزیر، ڕێگە بۆ کوشتنی حەلاج خۆش بوو،  حامیدیش یەکێک بوو لە دوژمنە سەرسەختەکانی حەلاج. بۆیە ئەوەی بە فرسەت زانی و دوای ئەوەی عەلی کوڕی عیسای جێگری لە خۆی دوورخستەوە، بڕیاری سازکردنەوەی دادگایی بۆ حەلاج دەرکرد. (حامید دەیویست دیمەنەکە بە جۆرێک بسازێنێت کە حوکمی کوشتنی حەلاج لە دادگاوە دەربکرێ. هەر بۆ ئەم مەبەستە، قازییەکی سوننیی مالیکی هێنا، ناوی ئەبو عومەری حەمادی بوو، کە لەناو کاربەدەستاندا بە قسەزانی ناوی دەرکردبوو، ئەو گوتەیەی حەلاجیشی هێنایەوە کە گوتوویەتی: "لەبری چوون بۆ حەج، نەزر و زیارەتی کەعبەی دڵ بەسە" کردی بە بەڵگە بەسەریەوە بۆ "دەسبەرداربوون لە حەج” و گوتی: "مەسەلەکەی حەلاج لە مەسەلەی قەرمتیەکان دەچێت، دەیان ویست کەعبە بڕووخێنن، بۆیە دەبێ مەنسووری حەلاج بەم تاوانە حوکمی کوشتنی بۆ دەربکرێ) هەڵبەتە حامید، حەلاج و هاوڕێکانی، لەوانە: ئیبنو عەتا و ئیبنو عیسای بە هۆکاری ئەو ئاشووب و خۆپیشاندانانە دەزانی. لەکاتێکدا هۆکاری سەرەکی، خۆی بوو، کە تەماعی خستبووە بەر خەلیفە و باجی لەسەر خەڵک زیاد کردبوو. خەڵکیش چیتر سەبریان نەمابوو لە دەست ئەو زوڵم و زۆرە و ڕژابوونە سەر شەقامەکان.

چەند هەوڵیان دا، لە نووسینەکانیدا بەڵگەیەک لەسەر زندیقبوونی حەلاج بهێننەوە، نەیانتوانی؛ تا چوونەوە سەر مەسەلەی "حەج” و ئەو قسەیەی، کە حەلاج لە بارەی حەجەوە کردبووی، گوتبووی: "ئەگەر یەکێک نەیتوانی بچێت بۆ حەج، دەتوانێ لە ماڵەکەی خۆیدا شتێکی وەک کەعبە دروست بکات، بە دەوریدا تەواف بکات وەک ئەوەی لە مەککە بێت، پاشان سی هەتیو کۆبکاتەوە و نانیان بداتێ، خۆی خزمەتیان بکات، دەستیان بشوات، کراس بکاتە بەریان، یەکی حەوت درهەمیان بداتێ." کاتێ قازی ئەبو عومەر سەرۆکی دادگە لە حەلاجی پرسی ئەو قسەیەی لە چ سەرچاوەیەکەوە وەرگرتووە، حەلاج لە وەڵامدا گوتی "لە کتێبی "ئیخڵاس”ی حەسەنی بەسریدا خوێندوویەتییەوە. ئەبو عومەر نکووڵیی لەوە کرد کتێبێکی لەو جۆرە هەبێت. حەلاجیش لەسەر قسەکانی خۆی سووربوو. ئەبو عەمەر ڕاپەڕی و بەسەریدا هاواری کرد: "ئەی خوێن حەڵاڵ". کاتێ وەزیر ئەمەی بیست، یەکسەر بە ئەبو عومەری گوت: "ئەوە بنووسە" هەرچەندە ئەبو عومەر ویستی خۆی لێ بدزێتەوە، بەڵام حامید پێداگریی کرد، قازی بن ئەشنانیش بۆ ڕازیکردنی حامید، لەسەر ئەوە قایل بوو، بۆیە خوێنڕشتنی حەلاجیان حەڵاڵ کرد).

لە ڕۆژی ٢٤ی زولقەعدەی ساڵی ٣٠٩ک دا و لە (بابی خوراسان)، خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە تا چۆنێتیی کوشتن و لەخاچدانەکەی حوسەینی کوڕی مەنسوری حەلاج ببینن. حەلاج وەختێ لە شوێنی لەخاچدانەکەی نزیک بووەوە، دار و تەختە و بزمارەکانی بینیبوو، هێندە پێکەنیبوو تا چاوەکانی پڕ بووبوون لە فرمێسک. پاشان دوو ڕکات نوێژی کرد و ئینجا داوای لە خوا کرد، لە بکوژەکانیشی خۆش بێت. ئەبو حارسی شمشێروەشێن لێی نزیک دەبێتەوە و بە دەموچاویدا دەکێشێت، دواتر هەزار قامچیی لێ دەدات، دوای ئەوەش دەست و پێی دەبڕێتەوە. هەڵبەت لەبەرئەوەی لەخاچدانەکەشی دەبووایە بە ئامادەبوونی وەزیر بووایە تا فەرمانی خەلیفە لەوبارەیەوە بخوێنێتەوە، لەخاچدانەکەی بۆ ڕۆژی دوایی دواخرا و بۆ ڕۆژی دوای ئەوە، شمشێروەشێن لە ملی دا و سەری پەڕاند. پاشان لاشەکەی لە حەسیرێکەوە دەپێچن، نەوتی پێدا دەکەن و دەیسووتێنن، ئینجا خۆڵەمێشەکەی دەبەن  لەسەر منارەیەکەوە دەیڕێژنە ناو ئاوی دیجلەوە. سەرە پەڕیوەکەیشی دەبرێ بۆ زیندانە تازەکەی، لەگەڵ هەردوو دەست و پێیە بڕاوەکەیدا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەسەر دیواری زیندانەکە دایدەنێن. دوایی، کەللـە سەرەکەی دەبەنە گەنجینەی "دارولخیلافە" بۆ ماوەی ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوە. پاش ئەوەش دەنێردرێ بۆ خوراسان تا لەوێ ببێت بە عیبرەتێک بۆ هاوڕێکانی. بەڵام ئەم چارەنووسە شتێکی سەیر نەبوو بەلای حەلاجەوە، ئەو مردنی لەڕێی هەق و عیشقی خوداییدا بە خەونێک دەزانی، کە دەیویست بێتە دی. پێشتر پێشبینیی ئەو مەرگەی خۆی کردووە، گوتوویەتی:

ألا أبـــــــــــــــلغ أحبائي بأنيّ

رکبت البحرُ و انکسرَ السفینة

علی دین الصلیب یکون موتي

و لا البطحا أرید و لا المدینة

واتە: بە خۆشەویستانم ڕابگەیەنن، من بە ڕێی دەریادا ڕۆیشتم و کەشتییەکەم شکا، مەرگی من لەسەر شێوەی ئایینی خاچپەرستان دەبێت، من نە مەککەم دەوێت و نە مەدینە.

سەرچاوەکان: المعرفە

 الحلاج في ماوراء الخط و اللون، سامي مکارم، ریاض الريس للکتب والنشر، ط٢ ٢٠٠٤ بیروت

آلام الحلاج، لویس ماسینیون، ترجمة: الحسین مصطفی حلاج، شرکة قدمس للنشر والتوزیع، ط١ ٢٠٠٤، بیروت

منطق الطير، شیخ فریدالدین عطار نیشابوری،با مقدمه و تصحیح: حمید حمید، ناشر: نشر طلوع، چاپ سوم، تهران

حلاج، هیربرت و.میسن،ترجمه: د. مجدالدین کیوانی،چاپ پنجم ١٣٩١ نشر مرکز

الفناء في الانسان (کبار الصوفیة)، هالة العروي، صفحات للنشر ٢٠١٣

الحلاج او صوت الضمیر، ابکار السقاف، رامتان للنشر و التوزیع ١٩٩٥

حەللاج، عەباس ئەرنائوت، ئازاد بەرزنجی، یەکەم چاپ ٢٠١٦، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە.

 





وشە - ژیڤان خۆرانی