ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجامدانی ریفراندۆم تاوتوێ دەكات

:: PM:10:45:23/08/2017 ‌

تا دێت پاڵپشتی بۆ پڕۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە عێراق زیاتر دەبێت، ئەمڕۆش ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك داوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو پارێزگایە دەكەن.

بەپێی بەڵگەنامەیەك كە گەیشتووەتە "وشە"، ١٩ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك داوەیەكی فەرمی واژووكراو ئاراستەی سەرۆكی ئەنجوومەنی كەركووك دەكەن و تێیدا داوا دەكەن كە بابەتی ریفراندۆم لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەن باس بكرێت.

ئەڵماس فازڵ بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند كە لەم كاتەدا حكوومەتی عێراق هەموو مافێكی دەستووری كەركووكی قۆرخ كردووە و بودجە نانێرێ و مادەی ١٤٠ جێبەجێ ناكات، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم داواكارییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكەین كە ئەو بابەتە بەفەرمی باس بكرێت.

زیاتر گوتی، دڵنیا نین كە عەرەب و توركمانەكان بەشدار دەبن، بەڵام پێمان خۆشە كە ئەوانیش رقی خۆیان بڵێن و ئاماژەی كرد، ئەگەر سكاڵایەكی تر هاوشێوەی ئاڵای كوردستان لە كەركووك لە دژمان بكرێت، ئێمە ئامادەین بەرپرسیاریەتی هەڵگرین، چونكە رێفراندۆمیش وەك ئاڵای كوردستان پرسێكی نەتەوایەتییە و پێویستە خەڵكی كەركووك بەشدار بن. 

لای خۆیەوە محەمەد كەمال ئەندامی ئەنجوومەنی كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، لە كۆنەوە داوای ئەوەمان كردووە كە كەركووك بگەڕێتەوە سەر كوردستان، لە ٣١/٧/٢٠٠٨ داوامان كردووە، بەڵام حكوومەتی عێڕاق ڕەتی كردووە و ئێستەش هەلێكە بۆ ئەوەی كەركووك بگەڕێتەوە باوەشی كوردستان.

رای گەیاند، وەك حزب كە دژایەتی ریفراندۆم بكا لە كەركووك، بەرەی توركمانییە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە پێكهاتەی توركمان دژایەتی دەكات، چونكە هیچ حزبێك ناتوانێ نوێنەری میلەتێك بێت، روونی كردەوە، ئەگەر لەوە بترسین كە سكاڵامان لێ بكرێت، پێویستە هیچ نەكەین و دەستەوەستان بوەستین، بەڵام سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری ریفراندۆمی داوە، بۆیە ئێمەش لەگەڵ ئەو بڕیارە دەبین.

حەفتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/ سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. 





كەركووك/ دلۆڤان مەجید كاكەیی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل