تابلۆیەكی ژمارەی ئۆتۆمبێل بە نۆ ملیۆن دۆلار فرۆشرا

:: AM:10:15:10/10/2016 ‌
لە زیادكردنێكی ئاشكرادا، سەرمایەدارێكی هیندستانی لە دوبەی، بە بڕی 33 ملیۆن درهەمی ئیماڕاتی (دەكاتە نزیكەی نۆ ملیۆن دۆلار) تابلۆیەكی ژمارەی ئۆتۆمبێلی كڕی.

ژمارەی تابلۆكە  D5ە و سەرمایەدارەكە رای گەیاندووە، ژمارەی دڵخوازی ئەو، ژمارە نۆیە، جا پیتی  Dیش پیتی چوارەمە لە پیتە لاتینییەكان، كۆكردنەوەی چوار و پێنجیش دەكاتە نۆ، بۆیە ئەمە وای لێ كردووە، بڕیاری كڕینی ئەو تابلۆیە بدات.

پیاوەكە، ناوی پالوێندەر ساهانییە و سەرمایەدارێكی وەبەرهێنەرە، لە بواری پڕۆژەی گەورەی نیشتەجێبوون لە ئیماڕات و كوێت و هیندستان و ئەمەریكا كار دەكات.

ئەو سەرمایەدارە جگە لەم ژمارەیە، پێشتر نۆ تابلۆی تریشی كڕیوە كە هەموو ژمارەی دەگمەنی ئۆتۆمبێلن، دوایینیشیان ژمارە O9 بوو، كە لە ساڵی رابردوو بە بڕی 25 ملیۆن درهەم (دەكاتە 6.8 ملیۆن دۆلار) كڕی.

جێی ئاماژەیە كڕینی ئەو تابلۆیە لەلایەن ئەو سەرمایەدارەوە لە میانەی مەزادێكی ئاشكرادا بوو، كە دەستەی رێگەوبان و هاتوچۆی دوبەی رێكی خستبوو و تێیدا 80 تابلۆی ژمارەی دەگمەنی ئۆتۆمبێل، بۆ فرۆشتن خرابوونە ڕوو.

وشە/ سپوتنیك. و: ئەهمەد كەیفی




وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی