داعش نوێژكردنی قەدەغە كرد


دەستەی شەرعی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق و سووریا فەرمانێكی دەركرد و تەواوی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی ئاگەدار كردووەتەوە كە بە تەواوی دەست لە نوێژكردن بەربدەن، ئەمەش وەك ناڕەزایەتییەك بەوەی خودا پشتیوانیانی نەكردوون لە جەنگی مووسڵ بەسەر هێزەكانی عێراق.

تیرۆریستان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لە زاری موفتی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بە ناوی "ئەبو قەحاتەی زبردجانی" فتوایەكیان بڵاو كردووەتەوە و ناوبراو دەڵێ، خودا لە پشتەوە چەقۆی لە چەكدارانی ئێمە دا و پەراوێزی خستین و گوێی بۆ نزاكانمان نەگرت تا بەسەر دوژمن و جوداخوازان و خاچپەرستان سەركەوتن بە دەست بێنین، بایەخی بەو كەسانە نەدا كە خۆیان لە پێناوی سەرخستنی ناوی ئەو بە كوشت دا.

ئاماژەی دا، سەرەڕای ئەو دۆخە قورسەی تێیداین، وەك دۆخی سەردەمی شەڕی بەدرە كە پەیامبەر سەرۆكایەتی دەكرد، بەڵام خودا هاوشێوەی ئەو جەنگە فریشتەكانی بۆ نەناردین و باڵندەی "ئەبابیلی" ڕەوانە نەكرد بۆ بەردبارانكردنی دوژمنان،  تەنانەت خودا بە دروستكردنی تەشویشیش لە پێوەندییەكانی دوژمن هاوكاری ئێمەی نەكرد.

موفتی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەڵێ، چەكدارانی داعش پارێزگاری لە بنەماكانی ئیسلام وەك جیهادی نیكاح و كۆكردنەوەی غەنیمە و باوەڕەكانی تر دەكەن، هاوكات وەك پەیامێكی ناڕەزایەتیش بۆ خودا لە بەرامبەر پشتیوانی نەكردنی چەكدارانمان لە جەنگەكان، بڕیارمان داوە كە چەكداران دوور بكەونەوە لە نوێژكردن و خێر و بەخشین و یارمەتیدانی بێ دایك و باوكان، ئەگەر لە بەرامبەر ئەو ناڕەزایەتییەش بە هانامانەوە نەیەت، ناچارین ڕێی تر دەگرینە بەر جیا لە جیهاد بۆ وەرگرتنی داوا و نزاكانمان.

هەرچەندە ئەو بڕیارەی داعش دوای شكستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە لە جەنگی مووسڵ خستییە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام ئێستە بەهۆی كەوتنی تەلەعفەر و ڕاكردنی چەكداران و كوشتنی ژمارەیەكی زۆریان، جارێكی تر هەمان فەرمان  لەلایەن چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بە چڕی دووپاتی لێ كراوەتەوە و تیرۆریستان بەنیازن ناڕەزایەتیی زیاتریش دەرببڕن و زیاتر دوور بكەونەوە لە ئاینی ئیسلام، بەهۆی ئەوەی خودا بە دەم داواكانیان نایەت و پشتیان بە زەوی دا دەدات.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:03:00:27/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 28989 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌