لە ئەڵمانیا ئەوەی مێرمنداڵان مارە ببڕێت هەزار یۆرۆ سزا دەدرێ

:: AM:10:12:03/11/2016 ‌

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا پێشنیارێکی خستووەتەڕوو سەبارەت بەو کەسانەی پێش تەمەنی یاسایی لە مزگەوتەکان مارەبڕینیان بۆ دەکرێت و بە گوێرەی پێشنیارەکە هەر کەسێک مارەبڕینەکە بکات ئەوا هەزار یۆرۆ سزا دەدرێت.

توماس دمزیر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا خۆی پێشنیارەکەی خستووەتەڕوو و دەڵێت دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت مارەبڕینی کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ قەدەغە بکرێت.

گرووپێکی تایبەتی کە لە نوێنەری بەشێک لە  ویلایەتەکان، نووسینگەی راوێژکاری باڵای ئەڵمانیا و وەزارەتەکانی داد و ناوخۆ و خێزان پێکهاتووە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە بەدواداچوون بۆ پرسی مارەبڕینی ئەو مێرمنداڵانە دەکات کە لە دەرەوەی ئەڵمانیا مارەییان براوە و لە ناوخۆی ئەڵمانیاش بەرەسمی وەکوو ژن و مێرد ناوەکانیان تۆمار کراوە.

گرووپەکە دەیەوێت لەرووی یاساییەوە رێوشوێنی پێویست بۆ ئەو  کێشەیە بدۆزێتەوە. هەڵبەت لە چوارچێوەی هەندێک مەرجدا ئەوانەی پێشتر مارەییان بڕاوە ئەوا حکوومەت مارەبڕینەکەیان پەسند دەکات.

لە هاوینی ٢٠١٦ ژمارەی ئەو مێرمنداڵانەی لە دەرەوەی ئەڵمانیا مارەییان بڕاوە و دواتر چوونەتە ئەڵمانیا بریتی بووە لە هەزار و ٤٧٥ کەس و  و لەو ژمارەیە ٤٨١ کەسیان خوارووی ١٦ ساڵن. ٦٦٤ حاڵەت لەو مارەبڕینانە لە سووریا کراون، ١٥٧ حاڵەت هیی ئەفغانستان و ١٠٠ حاڵەتی تریش هیی عێراق بوون.

وەزیری دادی ئەڵمانیا دەڵێت دەبێت بە بێ هیچ مەرجێک مارەبڕینی کەسانی خوار ١٦ ساڵ قەدەغە بکرێت و ئەوانەش خوار ١٨ ساڵ تا ١٦ ساڵین دەکرێت رێوشوێنێکی یاساییان بۆ بدۆزرێتەوە

سەرچاوە/دۆیچەوێلێ


وشە - سلێمان تاشان