ئاڵۆزیى بارودۆخى سیاسیى سلێمانى و بێكارى و كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى، واى له خه‌ڵكى شاره‌كه كردووه به شێوه‌یه‌كى به‌رچاو بیر له كۆچكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات و هاوكات گواستنه‌وه بۆ شاره‌كانى تر‌ى هه‌رێم بكه‌نه‌وه. به‌رپرسانى كارگێڕیش ئه‌وه ناشارنه‌وه كه كۆچكردن ڕووى له زیادبوون كردووه.
له‌گه‌ڵ دروستبوونى شه‌ڕى داعش له ساڵى 2014 و هاوكات دروستبوونى ته‌نگژه‌ى دارایى له كوردستان، لێشاوێكى كۆچكردن له هه‌رێمه‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپا سه‌رى هه‌ڵدا، به‌ڵام نزیكه‌ى ساڵێكه ئه‌و كۆچه له سلێمانى به‌ره‌و زیاتر ڕۆیشتووه و گه‌نجانیش هۆكاره‌كه‌ى بۆ شڵه‌ژاوى بارودۆخى سیاسى، كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و بێكارى و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
هاوبه‌ش جه‌لال خوێندكارى زانكۆ و ته‌مه‌ن 21 ساڵ، بۆ "وشه" ئاماژه‌ى كرد، ژیان له سلێمانى به ته‌واوى تێك چووه و خه‌ڵك و گه‌نجان ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر دڵیان له سلێمانى ده‌ڕه‌نجێ.
هه‌روه‌ها گوتی، "هه‌موو كێشه‌كان گرێدراوى خراپى بارودۆخه سیاسییهكهن، به‌تایبه‌ت ناكۆكى نێوان گۆڕان و یه‌كێتى و ده‌ستاوده‌ستكردنى پۆسته‌كان، هه‌موو خزمه‌تگوزارى و خزمه‌تكردنى خه‌ڵكیان بیر بردوونه‌ته‌وه".
به‌ڕێوه‌بردنى شارى سلێمانى به ده‌ست هه‌ریه‌ك له گۆڕان و یه‌كێتییه‌وه‌یه و به‌شێكى زۆرى پۆسته‌كان له نێوانیاندا دابه‌ش كراون، به‌ڵام به‌هۆى دروستكردنى كێشه بۆ یه‌كتر، كاره‌كانى هاووڵاتییان وه‌ك پێویست به‌ڕێوه ناچن و هاوكات پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانیش له‌وپه‌ڕى خراپیدان.
هاوبه‌ش زیاتر ده‌ڵێ، "بێكارى و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دوو هۆى ترن كه واى له گه‌نجان كردووه بیر له جێهێشتنى سلێمانى بكه‌نه‌وه، چونكه به درێژایى دوو ساڵ، ده‌یان هه‌زار گه‌نج و ئیشكه‌ر به هۆى ته‌نگژه‌ی دارایی و ئاڵۆزى سیاسییه‌وه ئیشه‌كانیان له ده‌ست داوه."
له ماوه‌ى دوو ساڵى ڕابردوودا، پارێزگاى سلێمانى گه‌وره‌ترین كێشه‌ى تێكه‌وت، له كاتێكدا به‌پێى ڕێككه‌وتنى یه‌كێتى و گۆڕان، پۆسته‌كه درا به گۆڕان، به‌ڵام به‌هۆى كێشه‌ى یاسایییه‌وه تا ئێسته ئه‌و پۆسته به به‌تاڵى ماوه‌ته‌وه و نه‌بوونى پارێزرگار سلێمانى هێنده‌ى تر دووچارى ته‌نگژه كردووه.
ئه‌نوه‌ر تاهیر جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، ئاگادارى كۆچى زۆرى گه‌نجانن بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات و هۆى كۆچه‌كه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆى حكوومه‌تى هه‌رێم.
ئه‌وه‌شی گوت، "حكوومه‌تى هه‌رێم به‌رپرسیارى دابینكردنى هه‌لى كار و خوێندن و ئارامییه، به‌ڵام له‌و پرسانه‌دا شكستى هێناوه، ئه‌وه‌ش واى له گه‌نجان كردووه خه‌ون به دنیایه‌كى تره‌وه ببینن و وڵات به‌جێى بێڵن."
كۆچكردنى خه‌ڵكى سلێمانى ته‌نیا بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات نییه، به‌ڵكو به‌شێك له خه‌ڵكى شاره‌كه به‌ره‌و شاره‌كانى تر‌ى هه‌رێم به مه‌به‌ستى كار و بژێوى كۆچ ده‌كه‌ن و سلێمانى جێ دێڵن.
"كێشه‌ى ئیداره‌ى پارێزگاى سلێمانى و به‌ڕێوه‌بردنى له‌لایه‌ن گۆڕان و یه‌كێتییه‌وه، كێشه‌یه‌كى به‌ربڵاوى دروست نه‌كردووه، به‌ڵكو حكوومه‌ت سلێمانى په‌راوێز خستووه و پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانى ئه‌و شاره‌ى په‌ك خستووه". تاهیر واى گوت.
شارى سلێمانى به‌هۆى بوونى حزبه‌كان و ڕێژه‌ى زۆرى ده‌نگ تیایدا به‌سه‌ر لایه‌نه‌كاندا دابه‌ش بووه، ئه‌وه‌ش واى كردووه به‌ڕێوه‌به‌ردنى ئه‌و شاره به ته‌واوه‌تى په‌رته‌وازه ببێت و كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئیشوكارى گه‌وره و بچووكى شاره‌كه دروست بكات، چونكه پرۆسه‌ى بڕیاردان و جێبه‌جێكردن زۆرى پێ ده‌چێت و زۆربه‌ى جاره‌كانیش شكست ده‌هێنن.
جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى گوتی، "ئێمه داواى لامه‌ركه‌زى ده‌كه‌ین بۆ سلێمانى، ئه‌گه‌ر ئه‌وه سه‌ربگرێت، ئه‌و كاته ده‌رده‌كه‌وێت یه‌كێتى و گۆڕان له سلێمانى كێشه‌كه بوون، یان حكوومه‌ت كه سلێمانى په‌راوێز خستبوو".
وشه/ سلێمانى- هه‌ستى كه‌مال