درامای كۆتینیو كۆتایی هات.. بەمشێوەیە روو لە بەرشەلۆنە دەكات

:: AM:09:30:28/08/2017 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان بڵاویان كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنە كۆتایی بە كارەكانی گرێبەستكردن لەگەڵ فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی هێناوە و بەتەواوی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی رێككەوتووە.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و لێڤەرپوول سەبارەت بە گرێبەستی كۆتینیو رێككەوتوون و ئەو ئەستێرەیە بەبەهای 150 ملیۆن یۆرۆ روو لە خولی ئیسپانیا دەكات.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە رێككەوتنەكە كاتێك كارا دەكرێ یانەی لێڤەرپوول لەو چەند رۆژەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا ماوە جێگرەوەیەك بۆ كۆتینیو بدۆزێتەوە.

یانەی لێڤەرپوول لەم ماوەیەدا چوار دەستەوارەی فەرمی یانەی بەرشەلۆنەی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆتینیو رەت كردبووەوە ئەویش بەهۆی ئەوەی راهێنەرە ئەڵمانییەكەی یورگن كلۆپ رەتی دەكردەوە دەستبەرداری ئەو ئەستێرە 25 ساڵییەی بێت.

ئەو یاریزانانەش كە یانەی لێڤەرپوول بۆ پڕكردنەوەی شوێنی كۆتینیو دیاری كردوون برێتین لە ئەلێكس چامبەرلین لە یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی و ریناتۆ سانچێز لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، یانەكە گرێبەست لەگەڵ هەر یاریزانێكیان بكات ئەوا كۆتینیو راستەوخۆ و بەفەرمی دەبێتە یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م