كاكه‌یییه‌كان وه‌ك پێكهاته‌یه‌كى ره‌سه‌نى كوردستان، قوربانى ده‌ستى رژێمى به‌عس بوون و به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال و جیاكاری ره‌گه‌زی بوونه‌ته‌وه. ئێسته‌یش زۆرترین قوربانی دڕنده‌ییه‌كانی ده‌ستی داعشن. ئه‌وان وێڕاى نیگه‌رانی له نه‌بوونى نوێنه‌ریان له په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و ئه‌نجوومه‌نى باڵای ریفراندۆم، به‌ڵام فه‌رهاد كاكه‌یی چالاكى مه‌ده‌نى و مامۆستای زانكۆ كه نه‌وه‌ی سوڵتان ئیسحاقه و به نوێكه‌ره‌وه‌ی ئاینى كاكه‌یی داده‌نرێت، ده‌ڵێ پشتگیری ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ین و پێش هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانیش، كۆنگره ده‌گرین بۆ دانانى مه‌رجه‌عێك بۆ كاكه‌یییه‌كان.
وه‌ك پێكهاته‌یه‌ك له كوردستان، هۆی چییه په‌راوێز خراون و له هیچ ناوه‌ندێكى بڕیار له كوردستان نوێنه‌رتان نییه؟
هۆكاره‌كه‌ى نه‌بوونى مه‌رجه‌عه له‌ناو كاكه‌یییه‌كان، پێشتر مامۆستا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و مامۆستا عه‌دنان ئاغا كاكه‌یی نوێنه‌رایه‌تى ئێمه‌یان ده‌كرد، دواى گیان له ده‌ستدانیان بۆشایییه‌ك دروست بووه. ئێسته چه‌ند لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌كى كاكه‌یی ده‌یانه‌وێت ببن به مه‌رجه‌ع، به‌هۆی كۆك نه‌بوونیان كێشه له‌ناو كاكه‌یییه‌كان دروست بووه، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌مه، ده‌بێت پێش هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كۆنگره ببه‌ستین و له‌وێدا مه‌رجه‌عێك هه‌ڵبژێرین، پاشان وه‌ك پێكهاته‌كانى تر داوای مافه‌كانمان ده‌كه‌ین به تایبه‌ت به‌ر له نووسینه‌وه‌ى ده‌ستووری كوردستان.
پێش ئه‌وه‌ى پرسیار له‌باره‌ی ئه‌و مافانه‌تان بكه‌م، ئه‌و په‌رته‌وازه‌یییه كاریگه‌ریی نه‌رێنى له‌سه‌ر ریفراندۆم له‌ناو كاكه‌یییه‌كان داده‌نێت؟
نه‌خێر، كاكه‌یییه‌كان له پارتى و یه‌كێتى په‌رۆشترن بۆ ریفراندۆم. ده‌توانم بڵێم له بارزانیش په‌رۆشترین، له هه‌موو پێكهاته‌كان په‌رۆشترین، هه‌رچه‌نده له هه‌موویشیان زیاتر په‌راوێز خراوین بۆ مافه‌كانمان، ئه‌وه‌تا پێكهاته‌كان مه‌رجیان هه‌یه و داوا ده‌كه‌ن مافه‌كانیان بزانن، ئینجا پشتگیری له ریفراندۆم ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه بێ مه‌رج له‌گه‌ڵیداین و خوێنى بۆ ده‌ڕێژین.
كه‌وایه كاریگه‌ریی نه‌بوونى مه‌رجه‌ع چییه به‌سه‌ر كاكه‌یییه‌كانه‌وه؟
كاریگه‌ریی زۆر هه‌بووه، له‌وانه تاكه پێكهاته و ئاینین نوێنه‌رمان له وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروباری ئاینى نییه، كۆتامان له په‌رله‌مان نییه ئه‌گه‌رچی ژماره‌مان زیاتر له 250 هه‌زار كه‌س ده‌بێت. راسته به‌شێكى كه‌موكورتیی خۆمانه و مه‌رجه‌عمان نییه و دابه‌شی سه‌ر پارتى و یه‌كێتى و لایه‌نه‌كانی تر بووین، به‌ڵام به‌شێكى تر‌ى خه‌تای حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه كه مافی كاكه‌یییه‌كانى نه‌داوه. خۆ ناكرێت ئه‌گه‌ر داواى نه‌كه‌ى، حكوومه‌تیش مافت نه‌دات، ئه‌وان بیانوویان ئه‌وه‌یه له‌ناو خۆماندا كۆك نین.
به‌پێى یاسا ده‌بێت كاكه‌یییه‌كان نوێنه‌ریان له وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف هه‌بێت، بۆ نیتانه؟
ئێمه‌یش هه‌مان پرسیارمان هه‌یه، بۆ نیمانه؟ بۆ حكوومه‌تى هه‌رێم نوێنه‌ری هه‌موو پێكهاته‌كان دیاری كردووه كه هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ رێزم بۆیان ژماره‌یان زۆر له ئێمه كه‌متره، ئێمه ته‌نانه‌ت ژماره‌مان له مه‌سیحییه‌كانیش زیاتره كه پێنج ئه‌ندامى په‌رله‌مانیان به كۆتا هه‌یه، كه‌چی ئێمه نیمانه، ئه‌گه‌رچى ئه‌وان مافی خۆیانه و هێشتایش كه‌میان بۆ كراوه.
كاتى خۆی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و مامۆستا عه‌دنان كاكه‌یی به نووسراوی فه‌رمی كۆمه‌ڵێك داواكارییان پێشكه‌ش به حكوومه‌ت كرد، له‌وانه هه‌بوونى نوێنه‌ر له داوده‌زگه‌كانى حكوومه‌ت، قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیان گونده كاكه‌یییه‌كان، گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ناسنامه بۆ به‌شێك له كاكه‌یییه‌كان كه به فه‌یلى تۆمار كراون، بۆ كاكه‌یییه‌كان بۆ جێبه‌جێ نه‌كران؟
ئێمه خۆمان پێ كوردی ره‌سه‌نه، كه‌چى عێراق ده‌ڵێ مافه‌كانتان له كوردستانه، لێره‌یش ده‌ڵێن مافه‌كانتان له به‌غدایه. حكوومه‌ت له وه‌ڵامى داواكارییه‌كه‌دا گوتى دوو نوێنه‌رتان له په‌رله‌مان هه‌یه، ئێمه گوتمان راسته ئه‌وان كاكه‌یین، به‌ڵام نوێنه‌ری پارتى و یه‌كێتین نه‌ك پێكهاته‌ی كاكه‌یییه‌كان، ئه‌ى ئێسته له كوێن؟
با بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر پرسی ریفراندۆم، سووده‌كانى ریفراندۆم بۆ كاكه‌یییه‌كان چین؟
به‌و پێیه‌ى ناوچه‌كانمان كه‌وتووه‌ته سه‌ر سنووری نێوان كوردستان و عێراقی عه‌ره‌بی، پێش كوردی مسوڵمان به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال و راگواستن و كوشتوبڕ بووینه‌ته‌وه، كوردستان ببێت به ده‌وڵه‌ت، دوا پێكهاته كه زیانى به‌ربكه‌وێت دیسان كاكه‌یییه‌كانن به‌و پێیه‌ى هاوسنوورین له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب، ره‌نگه حكوومه‌تى كوردستان سازش له‌سه‌ر هه‌ندێك خاكی كاكه‌یییه‌كانیش بكات به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ى "بان شاخ" كه ئێسته‌ش كێشه‌ى له‌سه‌ره و به‌شێكى له ده‌ست داعشدایه و كه‌وتووه‌ته ئه‌ودیو ساتری هێزی پێشمه‌رگه، جگه له بان شاخ، سێ گوندی تری كاكه‌یییه‌كانیش كه‌وتوونه‌ته ئه‌ودیو ساتر له ناوچه‌ى ریاز و حه‌ویجه، جگه له‌مه كاكه‌یییه‌كی زۆر له مه‌نده‌لى هه‌ن، چاره‌نووسیان دیار نییه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا مافه‌كانمان زیاتر پارێزراو ده‌بێت و ده‌رفه‌ت دێته پێشه‌وه گونده‌كانمان ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه و به ئارامی تیایدا بژین.
نه‌تان پرسیوه بۆ نوێنه‌رتان له ئه‌نجوومه‌نى باڵا یان لیژنه‌كان نییه؟
نه‌خێر، به‌ڵام نوێنه‌رمان هه‌بێت یان نا به‌لامانه‌وه گرنگ نییه، شه‌ڕی ئێمه بۆ ده‌ستووری كوردستانه كه ده‌بێت له‌ودا مافه‌كانمان ددانی پێدا بنرێت.
بۆ نه‌تان پرسیوه؟
هۆیه‌كه‌ى نه‌بوونى مه‌رجه‌عه كه نه‌مان پرسیوه. ئێسته له‌ناو خۆماندا گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ى كۆنفراس ببه‌ستین بۆ ده‌ستنیشانكردنى مه‌رجه‌ع، ئه‌وكات داواكارییه‌كانی خۆمان ریزبه‌ند ده‌كه‌ین و ده‌یده‌ین به حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به تایبه‌ت مه‌به‌ستمانه له ده‌ستوور جێگیر بكرێن و داوا ده‌كه‌ین كۆتا بۆ كاكه‌یییان له په‌رله‌مان ده‌ستنیشان بكرێت. ئه‌گه‌ر مافی كاكه‌یییه‌كان له ده‌ستوور جێگیر نه‌كرێت، وه‌ك كاكه‌یییه‌كان ده‌نگ به ده‌ستوور ناده‌ین.
چی كراوه بۆ پاراستنى كاكه‌ییی له ده‌ستى داعش كه ریفراندۆم له‌و ناوچانه ده‌كرێت؟
ناوچه‌كانی كاكه‌ییی پارێزراون، زۆرینه‌ى كاكه‌یییه‌كان چه‌كدارن، بۆیه گرفت نایه‌ته به‌رده‌م ئه‌نجامدانى ریفراندۆم و گه‌ره‌نتى ئه‌وه‌ش دراوه كه سندووقه‌كان پارێزراو ده‌بن.