له‌ په‌خشی ڕاسته‌وخۆ برووسك له‌ پێشكه‌شكاری كه‌شوهه‌وا ده‌دات

:: AM:11:23:03/11/2016 ‌

وەک لەم ڤیدیۆیەی خوارەوەدا دەردەکەوێت، پێشکەشکاری هەواڵەکانی تایبەت بە کەشوهەوا، لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی ئێرلەندایی، لەو کاتەی لە پەخشی راستەوخۆدا خەریکی خوێندنەوەی هەواڵەکانی کەشوهەوا و پلەی گەرمایە، لەناکاو برووسکێک لەو شاشەیەی کە لە پشت پێشکەشکارەکەوەیە، لێی دەدات و ئەمەش دەبێتە هۆی کەوتن و دواتر ونبوونی پێشکەشکارەکە لەو کاتەدا.

دوای دیارنەمانی لە هەواڵەکانی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکە لەو شەوەدا، کچە پێشکەشکارەکە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، نووسیویەتی: ئایا هەواڵەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆتان بینی؟ گرنگترین بڕگە چی بوو کە بینیتان؟

ئەگەرچی بەشێک لە بینەرانی ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییە گومانیان بۆ دروست بوو بوو، بەڵام دواتر پێشکەشکارەکە رای گەیاند، کە مەبەستی لەو کارە تەنیا بۆ خۆشی و گاڵتەکردن بووە، چونکە ئەو شەوەی ئەو هەواڵەکانی تێدا پێشکەشکردووە، شەوی جەژنی هاڵۆوین بووە، بۆیە ئەویش وەک بەشدارییەک لەو جەژنە ئەو ترساندنەی لە رێگەی شاشە سێ رەهەندییەکەی پشت خۆیەوە ئەنجام داوە، لە کەناڵی TG4ی ئێرلەندایی.

سەرچاوە: سپوتنیک



وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی