چەكدارانی داعش بۆچی لە سنوورەكانی لبنانەوە بۆ سنوورەكانی عێراق گوازرانەوە؟

:: PM:08:59:29/08/2017 ‌

كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی سەر بە حزبوڵای لبنانی ئاشكرای دەكات كە بەغدا ئاگەداری پێشوەختەی رێككەوتنی نێوان سووریا و حزبوڵا و رێكخراوی داعشە بۆ گواستنەوەی چەكدارانی رێكخراوەكە لە سنوورەكانی لبنانەوە بۆ ناوچەی ئەلبوكەمال لەسەر سنووری عێراق.

كەناڵی ئاسمانی "مەیادین" لە سەرچاوەیەكی عێراقی گواستەوە كە عێراق زانیاری پێشوەختەی هەبووە بەو رێككەوتننە و گواستنەوەی چەكدارانی داعش بۆسەر سنوورەكانی لە ناوچەی ئەلبووكەمال، ئەوەش لەچوارچێوەی پلانێكی هاوبەش بۆ كردنەئامانجی داعش لەناو سووریا، بۆ ئەو مەبەستەش عێراق لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاوبەشەوە گڵۆپی سەوزی هەڵكردووە بۆ ئە كارە.

روونی كردەوە، كە بەغدا چاودێری جموجۆڵی چەكدارانی داعش لەسەر سنوورەكانی دەكات و ئاماژەی كرد كە بەغدا پێشوەختە زانیاری لەبارەی گواستنەوەی ئەو چەكدارانە هەبووە لە چوارێوەی رێككەوتننێكی سووریایی و لبنانیدا.

ئەو بڕیارە سووریا و حزبوڵای لبنانی بە گفتوگۆ لەگەڵ رێكخراوی داعش و رێككەوتن بۆ گواستنەوەی چەكدارانی رێكخراوەكە بۆ سنوورەكانی عێراق كاردانەوەی جەماوەری بە رەتكردنەوەی لێ كەوتەوە، چونكە پێشتر عێراق لەكاتی جەنگی مووسڵ رەتی كردەوە كە داعشەكان رێگەیان پێ بدرێت بۆ چۆڵكردنی شارەكە و ئەوەش وای كرد كە وێران ببێت، كە ئەوەش پلانێكی ئێران بوو بۆ مووسڵ.

لای خۆیەوە هیشام هاشمی شارەزا لە كاروباری رێكخراوە تیرۆریستییەكان لەو بارەوە رەخنە لە "دەبەنگ"ی فەرماندە سەربازی و سیاسییەكانی عێراق لە جەنگەكانی ئازادكردنەوەی شارەكان لە چەكدارانی داعش دەگرێت و وای لەقەڵەم دەدات كە گەمارۆدانی چەكدارانی داعش بۆ كوشتنیان هەڵەیە و دەبوایە رێڕەوی دەرچوونیان بكرێتەوە بۆ دەرەوەی عێراق.

ئەو لەبارەی هەواڵی رێككەوتننەكەی حزبوڵا و داعش لە فەیسبووك ئاماژەی بۆ هاوپەیمانێكی خۆپەرست كرد كە مەترسیی داعش لەسەر سنوورەكانی لبنانەوە بۆ سنوورەكانی عێراق دەگوازێتەوە وەك ئاماژەیەك بۆ سووریا و حزبوڵای لبنانی.

ئەو باسی وێرانبوونی شاری مووسڵی كرد لەپێناو جێبەجێكردنی پرەنسیپی كە رێگە نەدرێت هیچ چەكدارێكی داعش هەڵبێن لە شارەكە و وڵاتانی دراوسێ لە زیانەكانی داعش بەدوور بن، لەو كاتەی لبنانی و سووریاییەكان لەپێناو وێران نەبوونی چەند گوندێكەوە رازی نەبوون بیانكەنە قوربانی لەپێناو عێراقەوە.

لای خۆیەوە سەعد حەدیسی گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە هەر رێككەوتننێك لە نێوان دوو وڵات پێویستە ئاسایشی ناوچەكە بە تایبەتی ئاسایشی عێراق رەچاو بكرێت، بۆیە عێراق رێگە بەهیچ هەڕەشە و پێشێلكارییەك بۆ سنوورەكانی نادات و رێوشوێنی توند وەردەگرێت ئەگەر روو بدات. 

ئەو ناوچای كە چەكدارانی داعشیان بۆ گوازراوەتەوە، واتە ناوچەی ئەلبووكەمال لەسەر سنوورەكانی سووریا و عێراق، دەكەوێتە نزیك بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكا، لای خۆیەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند كە گواستنەوەی ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی داعش بۆسەر سنوورەكانی قبووڵ نەكراوە، چونكە ئێمە دەمانەوێ رێكخراوەكە لەناو ببەین.

ئەو لێدوانانەی عەبادی لەدوای رەخنەگرتنێكی زۆر هات بەهۆی بێدەنگی حكوومەتی عێراق لە بەرامبەر گواستنەوەی سووریا بۆ چەكدارێكی زۆری داعش لە سنوورەكانی لبنانەوە بۆسەر سنوورەكانی عێراق كە دووبارە هەڕەشەكردن بۆسەر ناوچەكانی رۆژئاوای زیاتر دەكەن، كە بەر لە سێ ساڵ داعش لەناو خاكی سووریاوە هاتە ناو عێراق و ناوچەیەكی فرەوانی داگیر كرد.

لای خۆیەوە حافیز بشارە شارەزای تەناهی ئەمڕۆ سێشەم وەك بۆچوونێكی دژ بەو حاڵەتە بۆ پۆشینی ناڕەزایەتییەكان لەو بارەوە رای گەیاند كە رێكخراوی داعش لەبەر ئەوە ئەو ناوچەیەی هەڵبژاردووە بۆ پاشەكشەی چەكدارانی لە ناوچەی عەرسال لەسەر سنوورەكانی لبنان بۆ ئەلبووكەمال، چونكە لە لە ئەمەریكاییەكانەوە نزیكە و ئەوەش بەپێی پلانێكی ئەمەریكایی بووە.

زیاتر گوتی، بە كۆكردنەوەی چەكدارانی داعش ئامادەسازی بۆ كارێكی شاراوە و نهێنی لە ناوچەكە بۆ قۆناغی داهاتوو دەكرێت بەوەی ئەمەریكا هەوڵ دەدات چەكدارانی داعش لە ناوچەی دۆڵی حۆران كۆ بكاتەوە كە ناوبانگێكی خراپی هەیە.

ئەو شارەزایە دووپاتی دەكاتەوە كە دۆڵی حۆران ناوچەیەكە ناكەوێتە ژێر چاودێری مانگەكانی دەستكردەوە كە تەشویشی لەسەر بەهۆی بوونی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا و سعوودیە و شارەزایانی سەربازیان و ئاماژەی كرد كە پێشتریش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا فەرمانی دەركرد بە قەدەغەی فڕینی فڕۆكەكانی جەنگی عێراق بەسەر دۆڵەكە جا لەبەر هەر هۆیەكەوە بێت.

رێكخراوزی داعش لە حوزەیرانی 2014 هێرشەكانی لە عێراق دەست پێ كرد لە دوای هاتنی لە خاكی سووریاوە، ئەو چەندان شاری عێراقی داگیر كرد و سننورەكانی نێوان هەردوو وڵاتی هەڵوەشاندەوە و خیلافەتی خۆی لە مووسڵ راگەیاند، ئێستەش زۆرینەی ئەو ناوچانە ئازاد كراونەتەوە.

سەرچاوە: سكای پرێس



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل