سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكى ده‌سته‌ی ئاماری كوردستان، له دیدارێكى "وشه"دا راى ده‌گه‌یه‌نێت، ژماره‌ى دانیشتووانى هه‌رێمى كوردستان به خه‌مڵاندن پێنج ملیۆن و 700 هه‌زار كه‌س ده‌بن. ئه‌و باس له كار و رووپێوییه‌كانى ده‌سته‌كه‌یان ده‌كات و دووپات له هه‌ڵكشانى رێژه‌كانى بێكارى و هه‌ژارى له كوردستاندا ده‌كاته‌وه.
له‌و ساڵانه‌دا ده‌سته‌ی ئاماری كوردستان زیاتر له چ بوارێكدا كارى كردووه؟
ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و له ساڵی 2006 به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌ستى به كاركردن كردووه. ئه‌و ده‌سته‌یه هه‌موو ساڵێك چه‌ند ڕووپێوێك ده‌كات كه پێوه‌ندی هه‌یه به به‌شه‌كانی ده‌سته، كۆمه‌ڵێك به‌شمان هه‌یه وه‌ك په‌روه‌رده، كۆمه‌ڵایه‌تی، دانیشتوان، ته‌ندروستی، هونه‌ری، بازرگانی، گه‌شتوگوزار، بیناسازی و گواستنه‌وه و گه‌یاندن، كه ڕاپۆرتی له‌سه‌ر ئاماده ده‌كه‌ین.
ده‌سته‌ی ئامار بودجه‌ی هه‌یه؟
ساڵانه ئێمه بودجه‌ی خۆمان هه‌بووه بۆ به‌ڕێكردنی كاره‌كانمان، به‌ڵام له ساڵی 2014 به‌هۆی ته‌نگژه‌ى دارایی بودجه‌مان بڕا، بۆیه زیاتر پشتمان به‌ستووه به ڕێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك un و بانكی نێوده‌وڵه‌تی، بۆ ئه‌مساڵ به‌رنامه‌ی كاری هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕێكخراوێك هه‌یه و تا ئێسته پێنج ڕووپێویمان ئه‌نجام داوه، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری داوه بودجه‌یه‌كمان بۆ دابین بكات و سێ ڕووپێوی گرنگ ئه‌نجام بده‌ین كه ڕووپێوی كشتوكاڵی، پیشه‌سازیى و ڕووپێوی هێزی كاره كه ئاستی كار و بێكاری ده‌رده‌خات.
دواین ئاماری ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان چه‌نده؟
ئێمه له ساڵی 2013 ڕاپۆرتێكمان بڵاو كرده‌وه، پێشبینیمان بۆ ژماره‌ی دانیشتوان خسته ڕوو، ئه‌مه‌ش له‌ڕێی به‌رنامه‌یه‌كی جیهانی كه به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ خه‌مڵاندن بۆ ژماره‌ی دانیشتووان ده‌كات، بۆیه له ساڵی 2016 ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان بریتییه له پێنج ملیۆن و 700 هه‌زار هاووڵاتی به‌سنووری ئێسته‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌كه‌ونه سنووری ماده‌ی 140 و ئاماری ئاواره و په‌نابه‌ران.
ئێسته كه پرسی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و هه‌ڵبژاردن هه‌یه، داواى هیچ داتایه‌ك له ئێوه كراوه له‌و رووه‌وه؟
تا ئێسته هیچ شتێكیان داوا نه‌كردووه. به‌گوێره‌ی زانیاریی ئێمه ئه‌وان پشتیان به‌ستووه به فۆڕمی خۆراك كه بنه‌ڕه‌تی ساڵی 2007 بووه و دواتر نوێكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر كراوه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تا ئێسته سه‌رژمێری نه‌كراوه. به‌گوێره‌ی یاسا ئێمه ناتوانین ئاماری ناو و شوێن و ژماره‌ی كه‌سی بده‌ینه هیچ لایه‌نێك ئه‌گه‌ر به‌ڕه‌زامه‌ندی دادگا نه‌بێت. ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌رژمێریمان ئه‌نجام بدایه، ده‌مانتوانی بۆ نموونه له‌سه‌ر ئاستی گوندێك بزانین ته‌مه‌نی یه‌ك تا كۆتا ئه‌وه‌نده‌یه، ده‌توانرا ئیشی باشتر بكرێت، به‌ڵام ئه‌و سه‌رژمێرییه‌مان نییه.
ئایا ئێسته كوردستان پێویستی به سه‌رژمێری نییه؟
له ساڵی 1987ه‌وه سه‌رژمێری نه‌كراوه، ئێسته پێویست ناكات، به‌ڵام هه‌ندێك سه‌رژمێریش پێویسته له‌سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌یی و ته‌ندروستی، بۆیه ده‌سته‌ی ئامار له‌ڕێی چه‌ند ڕووپێوێكی تایبه‌ت توانیویه‌تی له دوای ساڵی 2007 داتای پێویست دابین بكات بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی كار و بێكارییه‌وه و له‌ڕووی گرووپه‌كانی ته‌مه‌ن و دابه‌شبوونی دانیشتوان، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان بوو به ده‌وڵه‌ت پێویست ده‌كات وه‌ك یه‌كه‌مین كار سه‌رژمێرییه‌كی ته‌واو بۆ بناغه‌ی ده‌وڵه‌ت بكه‌ین و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و سه‌رژمێرییه حكوومه‌ت پلانه‌كانی خۆی دابڕێژێت.
ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی ئاماده‌ی ده‌كه‌ن تا چه‌ند زانستین؟
ده‌توانین بڵێین به‌شێوه‌ی فه‌رمی ده‌سته‌ی ئامار له ساڵی 2006 كار ده‌كات، بۆیه له ساڵی 2007 تا ئێسته به ده‌یان خولی نێوده‌وڵه‌تیمان بۆ كارمه‌نده‌كان كردووه‌ته‌وه، ئێسته توانایه‌كی زۆرمان هه‌یه، بۆ هه‌ر ڕاپۆرتێك ده‌توانین نموونه‌ی پێویست و پرسیارنامه‌ی پێویست دابڕ‌ێژین و بناغه‌ی كاری ڕاپۆرته‌كان دابنێین، له‌و روانگه‌یه‌وه راپۆرته‌كانى كۆتا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى زانستى ئاماده ده‌كرێن.
ڕێژه‌ی هه‌ژاری له كوردستان چه‌نده؟
دواین ئاماری ڕێژه‌ی هه‌ژاری له هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2014 بووه و به‌هاوكاری بانكی نێوده‌وڵه‌تى ئاماده كراوه. ئاماره‌كه پشتی به چه‌ند ڕێژه‌یه‌كی پێشوو به‌ستووه كه له ساڵی 2014 ڕێژه‌كه 12.5% بوو له كاتێكدا ساڵی 2012 ڕێژه‌ی هه‌ژاری 3.5% بوو كه كه‌مترین ڕێژه‌ی هه‌ژاری بوو له عێراق، به‌ڵام به هاتنی ئاواره‌كان ڕێژه‌كه به‌رز بووه‌وه.
ئاستی داهاتی تاكه‌كه‌س له هێڵى هه‌ژاریدا به چه‌ند ده‌ستنیشان كراوه؟
ئه‌و ئاسته‌ی دیاری كراوه بریتییه له 105 هه‌زار و 500 دینارى مانگانه، ئه‌وه‌ی له‌و داهاته كه‌متری هه‌بێت، ده‌چێته ژێر هێڵی هه‌ژاری بۆ تاكێك له كۆمه‌ڵگه، ئه‌گه‌ر له‌مه‌ش زیاتر بێت هه‌ژار نییه، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتوان هه‌یه نزیكه له‌و ژماره‌یه، بۆیه ڕێژه‌كه وا زیادی كرد، هیچ ئامارێكیش له دوای ساڵی 2014 نه له هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نه له عێراق نه‌كراوه.
ئه‌ى ڕێژه‌ی بێكاری له هه‌رێمی كوردستان چه‌نده؟
ڕێژه‌ی بێكاری له هه‌رێمی كوردستان زیادی كردووه. پێش ته‌نگژه‌ی دارایی بریتی بوو له 6.57%، به‌ڵام له ساڵى 2015 بۆ 13.53% به‌تێكڕای 90% زیادی كرد، له 2016 ڕێژه‌كه 13.54% بوو.
دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت تا چه‌ند پشت به داتاكانی ئێوه ده‌به‌ستن؟
كاری ئێمه ئه‌وه‌یه ڕاپۆرته‌كان دابین بكه‌ین، له ساڵانی ڕابردوو ڕاپۆرته‌كانمان ناردووه بۆ وه‌زاره‌ته‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه هاوبه‌شین له‌گه‌ڵیاندا، بۆ ئه‌وه‌ی سوودی لێ وه‌ربگرن. ئاستی سوودمه‌ندبوون و پشتبه‌ستنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆیان، چونكه ئێمه ناتوانین له‌سه‌ریان بسه‌پێنین، به‌ڵام داواكارین وه‌زاره‌ته‌كان به‌كاری بێنن، هه‌روه‌ها له ساڵی 2016 كه نه‌خشه‌ڕێی ڕیفۆرمی ئابووری له كوردستان هاته راگه‌یاندن، زۆربه‌ی داتاكانی ئه‌و نه‌خشه‌ڕێیه پشتی به‌ستبوو به ئاماره‌كانی ئێمه، بۆیه ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان ئه‌و دامه‌زراوه‌یه كه ده‌توانێت ژماره‌كان دابین بكات.
ئایا هیچ كارێكتان له‌سه‌ر كۆچ كردووه؟
به‌شێوه‌ی دیاریكراو نا، به‌ڵام ئێسته رووپێوێكمان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی كۆچی جیهانی له بن ده‌سته. ڕووپێوێكی دیمۆگرافی ڕێژه‌ی كۆچ له هه‌رێمی كوردستان تا چ ئاستێك هه‌یه، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان ده‌بێت و یه‌كه‌مین جاره ده‌كرێت، پێشبینی ده‌كرێت ساڵی نوێ ڕاپۆرته‌كه ئاماده بێت.