مه‌له‌ك رۆژهات خاتوونه گۆرانیبێژى كورد كه خاوه‌نی چه‌ندان به‌رهه‌مى هونه‌رییه و ئێسته بۆ باشوورى كوردستان-شارى هه‌ولێر گه‌ڕاوه‌ته‌وه. له دیدارێكى "وشه"دا هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كاره هونه‌رییه‌كانى و چه‌ند پرسێكى پێوه‌ست به هونه‌رى گۆرانیگوتن ده‌كات.
وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك باسی خۆتمان بۆ بكه چۆن ده‌ستت بهگۆرانبێژی كرد؟
ساڵى 1991 له شارۆكه‌ى ئه‌لباك له پارێزگاى وان له دایك بووم، هه‌شته‌مین منداڵى بنهماڵهكهمم، به منداڵى قورئانم خوێندووه و به‌و هۆیه‌وه له شارۆكهكهم ناسراوم، دواتر هه‌ر له‌وێ له ئاهه‌نگى شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێ و بۆنه‌كاندا، گۆرانیم گوتووه.
خاوه‌ن چه‌ند ئه‌لبوومى گۆرانیت؟
ساڵى 2002 یه‌كه‌م ئه‌لبوومى گۆرانیم به‌ناوى "ئه‌شقا دلا" بڵاو كردووه‌ته‌وه، ساڵى 2006 ئه‌لبوومى دووه‌مم به‌ناوى "ژانا ئه‌ڤینێ" بڵاو كرده‌وه، ساڵى 2007 بۆ یه‌كه‌م جار سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان‌م كرد و چه‌ند كۆنسێرتێكى گۆرانیم ساز كرد، دوایین ئه‌لبوومى گۆرانیم به‌ناوى "دوریا ئه‌ڤینێ" بوو كه ساڵى 2011 بڵاوم كرده‌وه.
ده‌ڵێن بۆ كارێكى هونه‌رى تایبه‌ت گه‌ڕاویته‌وه كوردستان و بهگۆرانییهكى نوێ پشتگیرى له ریفراندۆم ده‌كه‌یت، ئه‌مه راسته؟
دواى ماوه‌یه‌كى زۆر هاتوچۆم له نێوان باكور و باشوورى كوردستان، ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكه گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ باشوورى كوردستان و ئێسته له هه‌ولێرم بۆ كارێكى نوێى هونه‌رى و پشتگیریكردن له ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.
زۆر پێش ئێسته بڕیار بوو كارێك بۆ ریفراندۆم بكه‌ن، بۆچى ئه‌وكات نه‌كرا؟
له سه‌ره‌تاوه هه‌ڵبه‌ست و ئاوازى تایبه‌تم بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆى ئه‌وه‌ى تووشى ڕووداوى هاتوچۆ بووم و كه‌وتمه نه‌خۆشخانه، نه‌متوانى له‌كاتى خۆى تۆمارى بكه‌م، ئێسته بارى ته‌ندروستیم باشه، هاتوومه‌ته‌وه هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك سه‌رقاڵى تۆماركردنى گۆرانییه‌كى نوێین، له‌ڕێى ئه‌و گۆرانییه‌وه پشتگیرى له ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ین.
له كوێ تووشى رووداوى هاتوچۆ بوون؟
به‌هۆى ئه‌و ڕووداوه‌وه له مردن گه‌ڕامه‌وه، له ئیسته‌نبۆڵ تووشى ئه‌و ڕووداوه بووم، هه‌رچه‌نده هه‌ڵه‌ى من نه‌بوو، به‌سه‌ختى بریندار بووم و نهشتهرگهییهكى گه‌وره‌م بۆ كرا، خۆشبه‌ختانه ئێسته ته‌ندروستیم باشتره، ئه‌گه‌رچى هه‌ندێك كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ده‌نگم هه‌بوو، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا ئێسته باشم.
چۆن باس له گرنگى ده‌نگ و ڕه‌نگى هونه‌رمه‌ندانى كورد ده‌كه‌یت بۆ پشتگیریى له ریفراندۆم؟
به‌گرنگ و پێویستى ده‌زانم هونه‌رمه‌ندان به‌ده‌نگ و ڕه‌نگى تایبه‌تى خۆیان پشتگیرى له ماف و داواى خه‌ڵكى كوردستان بكه‌ن و له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی كورد و كوردستان بن، هونه‌رمه‌ند ده‌بێت ببێت به زمانى گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆى، زۆر خۆشحاڵم هونه‌رمه‌ندانى هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان پشتگیرى له سه‌ربه‌خۆیی باشوور ده‌كه‌ن، منیش بۆ گه‌لى كورد به‌ده‌نگ و ڕه‌نگى خۆم ئاماده‌م، بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان درێغى ناكه‌م.
تاكه‌ی له هه‌ولێر ده‌مێنیته‌وه؟
تازه گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ هه‌ولێر و سه‌رقاڵى ئه‌و كاره هونه‌رییه نوێیه‌م و تا كاره‌كان كۆتایان دێت ده‌مێنمه‌وه.
دوێتێكى هونه‌ریت له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژ بڵند ئیبراهیم بڵاوكرده‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌ى زۆرى هه‌بوو، به‌نیازیت له داهاتوودا دوێتێكى تر تۆمار بكه‌یت؟
تا ئێسته داوام له هیچ هونه‌رمه‌ندێك نه‌كردووه بۆ كارێكى تر‌ى دوێت، هه‌رچه‌نده به‌شێكى زۆر له هونه‌رمه‌ندانى كوردستان دۆست و هه‌ڤاڵ و هاوڕێمن، به‌ڵام پلانى ئه‌وه‌م هه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كێك له گۆرانیبێژه به‌ناوبانگه‌كانى كوردستان دوێت بكه‌م له داهاتوودا.
به‌هۆى ئه‌و دۆخه‌ى باكورى كوردستانى تێكه‌وت، ژماره‌یه‌ك له هونه‌رمه‌ندان باكوریان جێ هێشت، چۆن بوو تۆ له‌وێ مایته‌وه؟
ڕاسته ئێسته له باكورى كوردستان ڕه‌وش باش نییه، ئه‌وكاته‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم مه‌سعوود بارزانى سه‌ردانى باكورى كوردستانى كرد، چه‌ند قسه‌یه‌كى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى كوردانى باكور كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌گوێیان نه‌كرد، پێم وایه ئه‌گه‌ر به‌گوێی ئه‌ویان بكردایه سه‌ركه‌وتوو ده‌بوون، به‌داخه‌وه ئێسته به‌شێكى زۆر له په‌رله‌مانتاران و ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان له گرتووخانه‌دان.
ئه‌ى له‌ڕووى كارى هونه‌رى و كۆنسێرت و ئاهه‌نگ، باكورى كوردستان چۆنه؟
ئێسته توركیا وه‌ك جاران نه‌ماوه و ناتوانین به‌ئازادى كۆنسێرت و ئاهه‌نگى هونه‌رى و موزیك و گۆرانى ساز بكه‌ین، ته‌نیا ده‌توانین گۆرانى ئه‌ڤین و شایی پێشكه‌ش بكه‌ین.
تا ئێسته هاوسه‌رگیریت نه‌كردووه، حه‌ز ده‌كه‌یت هاوسه‌ره‌كه‌ت چۆن بێت؟
له بوارى ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستى و سۆزدارى زۆر هه‌ستیارم، رێگه ناده‌م هه‌موو كه‌سێك زوو بێته ناو ژیانم، گه‌لێك گرنگى به هه‌ندێك شت ده‌ده‌م كه هیوادارم له هاوژینى داهاتووم هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ى خاوه‌ن ویژدان بێت و به‌هاى خۆشه‌ویستى بزانێت و ڕێز و پێزانینى بۆ دایك و باوك و میوان هه‌بێت، ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه لام ئه‌وه‌یه، كوردپه‌روه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ر بێت و ڕێز له هونه‌ره‌كه‌شم بگرێت.
تۆ به زمانى توركى گۆرانى ناڵێیت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌شێك له هونه‌رمه‌ندانى باكورى كوردستان به‌زمانى توركى گۆرانى ده‌ڵێن، بۆچى؟
من هه‌رگیز به‌زمانى توركى گۆرانى ناڵێم، چونكه نامه‌وێت به زمانى دوژمنى كورد گۆرانى بڵێم، ئه‌وان هه‌رگیز زمان و كولتوورى ئێمه‌یان قبوڵ نه‌كردووه، بۆیه ئه‌گه‌ر ناچار نه‌بم هه‌ر به‌زمانى توركیش قسه ناكه‌م.