لە شاری کەراچی پاکستان دوو شەمەندەفەر بەریەک کەوتوون و بە هۆیەوە دەیان کەس بوونەتە قوربانی. شەمەندەفەری یەکەم بە ناوی زەکەریا ئێکسپرێس لە شاری مولتانەوە بەرەو کەراچی هاتووە وئەوەی تریشیان ناوی فریس ئێکسپرێس بووە کە لە لاهوورەوە هاتووە و رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە.
بە گوێرەی هەندێک ئامار تا ئێستە ١٩ کەس مردوون و ٥٠ کەسیش بریندارن. تیمەکانی فریاکەوتن خەریکی رزگارکردنی بریندارەکانن.
هێشتا بەو وردی دیار نییە هۆکاری رووداوەکە چی بووە و دوای رووداوەکەش سەرجەم گەشتەکان لە بەندەری کەراچی پاکستانەوە وەستاون.
بی بی سی باسی لەوە کردووە کە یەکێک لە شەمەندەفەرەکان بە هەڵە ئاماژەی هەڵەی داوە بۆیە رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە، بەڵام ئەمە لە لایەن بەرپرسانی گواستنەوەی کەراچییەوە پشتراست نەکراوەتەوە.
لەلایەکی ترەوە ئاژانسی رۆیتەرز کەمترین ژمارەی کوژراوانی رووداوەکەی بە ٢٠ کەس هەژمار کردووە و ژمارەی بریندارەکانیشی بە ٦٥ کەس ناوبردووە، سەرچاوەکە پشتی بە نەخۆشخانەکانی کەراچی بەستووە و باسی لەوەش کردووە کە لە دوو مانگی رابردوودا ئەمە دووەم رووداوی شەمەندەفەرە کە لە پاکستان تۆمار دەکرێت.
لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لە رووداوێکی شەمەندەفەردا لە پاکستان سێ کەس مردن و ٩٣ کەسی تر بریندار بوون.
سەرچاوە/رۆیتەرز- بی بی سی