د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكى زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین ره‌تى ده‌كاته‌وه كه زانكۆكانى كوردستان رۆڵیان له پرۆسه‌ى سیاسى كوردستاندا نه‌بووبێت، به‌ڵام نایشارێته‌وه بڕیار به‌ده‌ستانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهانى سێیه‌م هیچ كات پرسیان به ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه نه‌كردووه.
دزه‌یی له دیدارێكى "وشه"دا، راى ده‌گه‌یه‌نێت بڕیارى ریفراندۆم پێویستى به توێژینه‌وه نییه و هه‌ر ده‌بێت بكرێت.
له كاتێكدا له كوردستان هه‌شت هه‌زار مامۆستای زانكۆ هه‌ن، چی وای كردووه ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان و سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه له دروستكردنى بڕیاردا رۆڵیان نه‌بێت؟
به پێچه‌وانه‌وه هیچ كاتێك غیاب نه‌بووینه، بۆ نموونه له پرسی ده‌ستوور نامیلكهیهكمان چاپ كرد و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى بۆ نووسینه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى ده‌ستوور سوودی لێ وه‌رگیراوه، له پرسی ده‌ستنیشانكردنى پێشێلكارییه‌كانى ده‌ستووری عێراق، مامۆستایانى زانكۆ بوون ئه‌و 55 ماده‌یه‌یان ده‌ستنیشان كرد كه ئێسته له ئاستى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كان باسی ده‌كرێت و به‌هۆی ئه‌وه‌ش ناوى ده‌به‌ن كه وای كردووه كوردستان بڕیاری ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بدات، هاوكات له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆمیش پانێڵ و كۆنفراسمان كردووه.
ئه‌و نمونانه‌ى باست كردن به‌س نین به به‌راورد به‌وه‌ى كوردستان له‌و ماوه‌یه‌دا به كۆمه‌ڵێك قۆناغدا تێپه‌ڕیوه، كه‌چى زانكۆكان نه‌یانتوانیوه به توێژینه‌وه‌كانیان ئاراسته‌ى سیاسه‌ت له كوردستان بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى له وڵاتانى پێشكه‌وتوو ده‌یبینین؟
ئه‌مه كولتووری وڵاتانى رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانى جیهانى سێیه‌مین كه هیچ كات بڕیار به‌ده‌ستانیان پرسیان به زانكۆ و ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه نه‌كردووه، به پێچه‌وانه‌ى وڵاتانى پێشكه‌وتوو كه ئه‌نجامى توێژینه‌وه‌كانیان ده‌بێته بڕیار و جێبه‌جێ ده‌كرێن. ئێسته له كوردستانیش خه‌ریكه ئه‌وه ده‌بێته كولتوور كه گرنگی به توێژینه‌وه‌كانى زانكۆ ده‌درێت و پرسیش ده‌كرێت.
مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه بڵێی له زانكۆكانى كوردستان توێژینه‌وه ده‌كرێت، به‌ڵام بڕیار به‌ده‌ستان داواتان لێ ناكه‌ن؟
بێگومان، زۆر جاریش هه‌بووه داوا كراوه و وه‌ڵامیش دراوه‌ته‌وه. به‌ڵام دیاره راوێژكاره‌كانى حكوومه‌ت خۆیان كاره‌كان ده‌كه‌ن و پرس به زانكۆ و سه‌نته‌ره‌كانى توێژینه‌وه ناكه‌ن. جگه له‌مه‌ش حكوومه‌تى هه‌رێم هیچ بودجه‌یه‌كى بۆ توێژینه‌وه‌ى زانستى دانه‌ناوه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت به‌م دواییه وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بودجه‌یه‌كى كه‌میی بۆ دانا، ئه‌وه‌ى له ماوه‌ى رابردوو كراوه مامۆستایان خۆیان كردوویانه، به‌ڵام دواى هاتنى داعش‌یش توێژینه‌وه‌كان زۆر كه‌می كردووه.
كه‌وایه له پرسێكى وه‌ك ریفراندۆم، پێش ده‌ستنیشانكردنی كاته‌كه‌ى داوا له زانكۆكانى كوردستان نه‌كراوه توێژینه‌وه بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بڕیاری ریفراندۆم بدرێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجامه‌كه‌ى چی ده‌بێت؟
نه‌خێر هیچ داوایه‌ك نه‌كراوه. به‌ڵام دواى راگه‌یاندنى كاته‌كه‌ى پانێڵ و كۆنفراسمان له‌سه‌ر كردووه.
كه‌واته دواى ده‌ستنیشانكردنى كاته‌كه، بڕیار به‌ده‌ستانى كوردستان داوایان له زانكۆكان كردووه له‌سه‌ر سێكته‌ره‌كان توێژینه‌وه بكه‌ن له كاتێكدا به‌رده‌وام قسه له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانى ده‌كرێت؟
له‌وه‌شدا داوا نه‌كراوه، هیچ داوایه‌كى تایبه‌ت له ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه‌ی زانكۆكانى كوردستان نه‌كراوه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت زانكۆكان خۆیان پانێڵیان ئه‌نجام داوه.
به‌ڵام له‌و پانێلانهى زانكۆكانیش كردوویانه سیاسییه‌كان هاتوون قسه‌یان كردووه و مامۆستایانى زانكۆ گوێیان گرتووه، جگه له پێشكه‌شكردنى هه‌ندێك بۆچوونى مامۆستایانى زانكۆ، هیچ توێژینه‌وه‌یه‌ك نه‌خراوه‌ته ڕوو، هۆی چییه ئێوه گوێ له سیاسییه‌كان ده‌گرن، له جیاتى پێچه‌وانه‌كه‌ى؟
له پانێڵی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین هه‌ردوو لایه‌ن ره‌چاو كرا، له سه‌ره‌تای پانێڵه‌كه سیاسییه‌كان قسه‌یان كرد، پاشان پێكهاته‌كان و دواتریش مامۆستایانى زانكۆ توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر پرسی ئابووری پێشكه‌ش كرد.
ده‌گوترێ ئه‌وه‌ى پێشكه‌ش كرا توێژینه‌وه نه‌بوو، به‌ڵكو بۆچوون بوو؟
هێشتا ماویه‌تى توێژینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى ریفراندۆم بكرێت، توێژینه‌وه پێویستى به كات هه‌یه و به كه‌متر له مانگێك ناتوانرێ بكرێت، پرسی ریفراندۆمیش له ناكاو بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، ده‌ستنیشانكردنى كاته‌كه‌ى و بڕیاردان له‌سه‌ری پێویستییه‌ك بووه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كرایه، ره‌نگه رێككه‌وتننامه‌یه‌كى وه‌ك ئه‌وه‌ی جه‌زائیر دووباره بووبووایه‌ته‌وه دواى نه‌مانی داعش و به‌هێزبوونى حكوومه‌تى عێراق.
ئه‌گه‌ر بپرسم وه‌ك زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین و زانكۆكانى تر‌ى كوردستانیش به‌رنامه‌تان هه‌یه له داهاتوودا توێژینه‌وه بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌گه‌ره‌كانى دواى ریفراندۆم؟
بڕیار له‌سه‌ر ریفراندۆم دراوه، له داهاتوودا چی روو ده‌دات میله‌ت ده‌بێت ته‌حه‌مولى هه‌موو شتێك بكات. ئه‌گه‌ر ئێسته كوردستان ریفراندۆم نه‌كات ئه‌ى كه‌ی بیكات و چاوه‌ڕوانی چی تر بكات له‌وه‌ى به‌سه‌ری هاتووه؟ ده‌بێت هه‌ندێك به‌رگه‌ى برسیبوونیش بگرین. ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بۆ ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێنین و مافمان هه‌بێت، بۆیه ریفراندۆم توێژینه‌وه‌ى ناوێت ده‌بێت بكرێت و به‌رگه‌ى ئه‌نجامه‌كه‌یشی بگرین، خۆ له‌وه خراپترمان به‌سه‌ر نایه‌ت.
به‌ڵام به به‌رده‌وام میدیای كوردی پشت به توێژینه‌وه‌ى ناوه‌نده‌كانی ئه‌كادیمی بیانى ده‌به‌ستێت، چى وای كردووه توێژینه‌وه‌یه‌كى ناوه‌ندێكى ئه‌كادیمى كوردستانى نه‌بێته مژاری رۆژ و كاریگه‌ریی به‌سه‌ر بڕیاری سیاسی له كوردستان نه‌بێت؟
به راشكاوی له كوردستان مامۆستاى لێهاتوو هه‌ن توێژینه‌وه‌ی كاریگه‌ر ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى بۆ ئه‌وان ره‌خساوه به به‌راورد به‌وه‌ى بۆ مامۆستایانى زانكۆكانى كوردستان ره‌خساوه، زۆر جیاوازه. مامۆستا هه‌یه له دوو زانكۆ وانه ده‌ڵێته‌وه ته‌نیا بۆ په‌یداكردنى بژێوی ژیان، كه‌ى ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى ده‌بێت توێژینه‌وه ئه‌نجام بدات؟ جگه له‌مه كێ پاره به توێژینه‌وه‌كانى ئێره ده‌دات و نرخیان بۆ داده‌نێت وه‌ك ئه‌وه‌ى زانكۆكانى دنیا، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌مان ده‌رفه‌ت بۆ مامۆستایانى ئێره‌ش بڕه‌خسێت، له‌وان كه‌متر نین. ئه‌مه‌ش وای كردووه ئاستى توێژینه‌وه‌كانى زانكۆكانى كوردستان له ئاستى توێژینه‌وه‌ى زانكۆكانى جیهانى نه‌بن و ده‌نگدانه‌وه به‌دوای خۆیاندا نه‌هێنن.