نەخشەی سووریا دوای ساڵێك لە هاتنی رووسیا

:: PM:04:00:01/10/2016 ‌

ساڵێك بەسەر هاتنی رووسیا بۆ نێو جەنگی سووریا و پاڵپشتیكردن لە رژێمی بەشار ئەسەد تێدەپەڕێت. ئاژانسی فرانس پرێس لە نەخشەیەكی نوێدا گۆڕانكارییەكان و دەسەڵاتی لایەنەكانی جەنگی ناوخۆیی سووریای لە ماوەی ساڵێكدا هەڵسەنگاندووە.

بە گوێرەی ئەو نەخشەیە كە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی كردووەتەوە، دەسەڵات و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و كورد بە فراوانتر بوون و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و فەتحولشام (بەرەی نوسڕە) و گرووپەكانی سەر بە سوپای ئازاد بچووكتر بوونەتەوە.

بە پێی ئەو نەخشەیە، كوردەكان توانیویانە ناوچەكانی خۆیان لە باشووری حەسەكە و كۆبانێ و رۆژئاوای رووباری فورات پەرە پێ بدەن، هاوكات هێزەكانی سەر بە رژێمی سووریاش لە زۆربەی ناوچەكان رووبەری دەسەڵاتەكەیان بەرفراوانتر كردووە و بەشێكی بەرچاو لە ناوچەكانیان لە داعش و گرووپەكانی سەر بە سوپای ئازاد ستاندووەتەوە.

هۆكاری سەرەكی فراوانبوونی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بۆ پشتیوانییەكانی رووسیا لە حكوومەتی سووریا دەگەڕێتەوە.

 پێویستە بگوترێت لە ماوەی ئەو ساڵە كوردەكانیش پێوەندییان لەگەڵ هەریەك لە رووسیا و ئەمەریكادا خۆش بووە و سەرەڕای ئەوەی كە چەند جارێك هێزە كوردییەكان و سوپای سووریا بەرەوڕووی یەكتەر بوونەوە، بەڵام پێوەندییەكانی نێوان یەپەگە و سوپای سووریا نەپچڕاوە.

لەم دواییانە توركیا كاتێك زانی كورد خەریكە هەموو سنوورەكانی لەگەڵ سووریا كۆنترۆڵ دەكات، هێزی ناردە نێو خاكی سووریا و جەرابلوس و چەند ناوچەیەكی تری داگیر كرد.

لە خشتەكە ئەوەش خراوەتە روو كە لە ماوەی ئەو یەك ساڵەدا چەند كەس بە هۆی هێرشی فڕۆكەكنی رووسیاوە كوژراون. لەو ماوەیەدا نۆ هەزار و ٣٦٤ كەس كوژراون كە لەو ژمارەیە سێ هەزار و ٨٠٤ كەسیان خەڵكی سڤیل، دوو هەزار و ٨١٤ چەكداری لە سوپای ئازاد و هاوپەیمانەكانی و دوو هەزار و  ٧٤٦ چەكداری داعش و گرووپە جیهادییەكان كوژراون.

وشە/سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان