كچە كوردێك دیزاینی جلوبەرگ بۆ كەسایەتییە بەناوبانگەكانی ئەوروپا دەكات

:: AM:10:32:10/10/2016 ‌
گەلاوێژ شەریفی خاتوونە دیزاینەری جلوبەرگی كوردی و مۆدە دوای ئەوەی بووەتە خاوەن چەندان دیزاینی جلوبەرگ بۆ كەسایەتییە بەناوبانگەكانی ئەوروپا. لە ئێستەدا ماركەیەكی جلوبەرگی لە ئەوروپا كردووەتەوە و دەیەوێ پەرە بە پیشە و هونەرەكەی بدات.

 لەوبارەیەوە ناوبراو بە"وشە"ی راگەیاند: سەرەتای دەستپێكی كاركردنم لە بواری دیزاینی جلوبەرگ، بەدیزاینی جلوبەرگی كوردی دەستم پێ كرد، دواتر وردە وردە دەستم كرد بەدیزاینی جلوبەرگی مۆدە و دروستم كرد، ئەمەش دەنگدانەوەیەكی زۆرباشی هەبوو، لە ئێستەدا ماركەیەكی تایبەتی جلوبەرگم كردووەتەوە لە ئەوروپا بەناوی گەلاوێژ .

هەروەها گوتی، دیزاینی جلوبەرگم بۆ چەندان هونەرمەند و كەسایەتیی بەناوبانگی ئەوروپایی ئامادە كردووە، جلوبەرگەكانم بەتایبەت لە تووك و پێستی ئاژەڵ دروست دەكەم، بۆیە زۆربەی كەسایەتییە بەناوبانگەكان لە بۆنە نێودەوڵەتی و رێوڕەسمە تایبەتی و گشتییەكان جلوبەرگەكانم دەپۆشن .

روونی كردەوە، جگە لەوەی لە ئەوروپا خاوەن ئەو ماركەیەم، هاوكات خەونم ئەوەیە لە كوردستان دووكانێكی تایبەت بە دروستكردنی جلوبەرگ بەناوی كوردستان بكەمەوە، تێیدا جلوبەرگەكان بنێرمە وڵاتانی دەرەوەی كوردستان كە ئەم كارە سوودی زۆری دەبێت بۆ كوردستان . 

ناوبراو دانیشتووی سویسڕایە و ڕۆژانە بەردەوامە لە كار و چالاكییەكانی لە بواری دیزاینی جلوبەرگ.

وشە/ شاخەوان شێخانی














وشە - وشه‌