لە چوارچێوەی هەڵمەتی پاراستنی ژینگەی سرووشتی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە نایاساییانەی دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە سامانە سرووشتی و ژینگەییەکان، تیمەکانی سەر بە پۆلیسی دارستانی سلێمانی هەڵستان بە دەست بەسەردا گرتنی نۆ ئامێری سووری، کە بۆ هەڵکەندنی بیری ئاو بە شێوەیەکی نایاسایی بەکاردەهێنران.
لەو بارەیەوە عەقید هێمن کهمهرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگهیاند، تیمەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بەکرەجۆ، لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، هەڵستاون بە دەست بەسەردا گرتنی نۆ ئامێری سووری، کە لە سنووری سلێمانی، چوارتا، ماوەت و قەرەداغ، بیری نایاساییان پێ هەڵکەندراوە.
عەقید هێمن ئاماژەی بەوەش داوە، دوای دەست بەسەردا گرتنیان، ئەو نۆ ئامێرە رەوانەی لێژنەی دەستبەسەرداگرتنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێر زەوی کراون.