منداڵانی ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كان له‌ ده‌ستی داعش..ده‌كوترێن

:: PM:01:28:03/11/2016 ‌

دوای كۆنترۆڵكردنەوەی گوندەكانی سنووری خازر و باشیک، تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك دەستیان كردووە بە كوتانی منداڵان و تەنیا لە گوندی فازڵیە هەزار و ٦٣ منداڵ  كوتراون.

حەمزە رەزیكی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك بە "وشە"ی گوت بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك، شەش تیمی تەرخان کردوون کە چوار تیمیان تایبەتن بە كوتانی منداڵان و دوو تیمیش بو چارەسەركردنی گەورەكان تەرخان كراون.

ئەوانەی لە گوندی فازڵیە کوتراون تەمەنیان لە نێوان یەک ساڵ تا ١٥ ساڵ بووە و بەگوتەی ئەو بەرپرسە بێجگە لەو تیمانە دوو نەخوشخانەی گەڕۆكیش ئامادە كراون بو ئەوەی چارەسەری خەڵک بکەن.

بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك ئاماژەی بەوەش کرد بەگشتی 72 تیمی پزیشكییان بو سەنگەرەكانی پێشمەرگە تەرخان کردوون، کاری تیمەکان چارەسەركردنی سەرەتایی بریندارانی پێشمەرگە دەبێت و ئەگەر برینەكانیان قورس بێت ئەوا لە رێگەی ئەو تیمەوە دەگەیەنرێتە نەخوشخانەكانی ناوەندی دهوك و ئاكرێ‌.

پێویستە بگوترێت لە ماوەی ١٨ رۆژی رابردوودا کە شەڕی رزگارکردنی مووسڵ دەستی پێکردووە هێزەکانی پێشمەرگە دەیان گوندیان رزگار کردووە و یارمەتی خەڵکی گوندەکانیشی داوە تا ژیانیان ئاسایی ببێتەوە.

دهۆك ، نەوزاد هلۆری


وشە - سلێمان تاشان