ئه‌مه‌ریكا: ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران خه‌ونه‌ و جێبه‌جێ ناكرێ

باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرای كرد، پابه‌ندبوونی ئێران به‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ خه‌ونێكه‌ و هه‌رگێز نایه‌ته‌دی، ئه‌مه‌ش له‌ وه‌ڵامی محه‌مه‌د باقر نه‌وبه‌ختی گوته‌بێژی حكوومه‌تی ئێران دێ، كه‌ ئاماژه‌ی دابوو، ڕێگه‌دان به‌ پشكنینی وێستگه‌ ئه‌تۆمی و بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران له‌لایه‌ن ئاژانسی وزه‌ی ناوه‌كییه‌وه‌ خه‌ونێكه‌ و نایه‌ته‌دی.

نیكی هیلی باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رای گه‌یاند، تاران كۆسپ و ڕێگری له‌به‌رده‌م پشكنینی وێستگه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ده‌كات، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ نابێ و جێبه‌جێ كردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یشی له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌ به‌ خه‌ون ناوبرد.

هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌گه‌ر پشكنینی وێستگه‌ ئه‌تۆمی و بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران خه‌ون بێ، بێگومان جێبه‌جێ كردنی ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ش ده‌بێته‌ خه‌ون.

ئه‌و قسانه‌ی باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌فته‌یه‌ك دوای سه‌ردانی ناوبراو دێ بۆ ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا و ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئاژانسی وزه‌ی ناوه‌كی جیهان به‌ مه‌به‌ستی هه‌وڵدان بۆ سه‌ردانی كردنی ئێران و پشكنینی وێستگه‌ ئه‌تۆمییه‌كان و چاودێری كردنی پرۆسه‌ی وزه‌ی ئه‌تۆمی له‌و وڵاته‌دا.

پێشتر دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئێسته‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سه‌روبه‌ندی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ساڵی 2016 به‌ توندی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ تاران ده‌كرد و به‌ڵێنی به‌ خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا ده‌دا كه‌ دوای وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌دڕێنێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تاران هیچ پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌بووه‌ و به‌رده‌وام پشتیوانی تیرۆر ده‌كات و سه‌رچاوه‌ی ته‌واوی گرژی و ناكۆكییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌ دروست ده‌كرێ.
له‌ به‌رامبه‌ر دا عه‌لی خامنه‌یی ڕابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ وه‌ڵامی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ بدڕێنێت، ئه‌وا ئێران ده‌یسووتێنێت و له‌ناوی ده‌بات، هاوكات خامنه‌یی ته‌نیا دوای حه‌وت ڕۆژ له‌ واژووكردنی ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ له‌ گوته‌یه‌كی بۆ شوێنكه‌وتووانی له‌به‌رامبه‌ر پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و ڕه‌زامه‌نده‌ به‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ یان به‌رهه‌ڵستكاریه‌تی، خامنه‌یی گوتی، نه‌ ڕه‌زامه‌ندم و نه‌ به‌رهه‌ڵستكار هیچ شتێك ڕووینه‌داوه‌ و نه‌گۆڕاوه‌.

دوای ئه‌وه‌ی تره‌مپ هه‌ڵبژاردنه‌كانی برده‌وه‌ و پۆسته‌كانی حكوومه‌ته‌كه‌ی به‌ زۆرێك له‌و سیاسی و سه‌ربازیانه‌ پڕ كرده‌وه‌، كه‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختی تارانن، بۆیه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ریكس تیلرسۆن دوای وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ی له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆییدا دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ ئێران پشتیوانی سه‌ره‌كی تیرۆره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاتس و جیهان و ته‌واوی كێشه‌كانی ناوه‌ڕاست له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ هه‌ڵگیرساون بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێ له‌ فره‌وانخوازی و كاریگه‌ری دانان و هه‌ژموون سه‌پاندن به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌ت له‌ سوریا و عێراق و لبنان و یه‌مه‌ن.

دوای په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كان له‌ سووریا و یه‌مه‌ن، ئه‌مه‌ریكا جارێكی تر هه‌ڕه‌شه‌ی توندی له‌ ئێران كرد و تارانی به‌ بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن و سووریا ناوبرد، چونكه‌ ده‌یان به‌ڵگه‌ ئاشكرابوون له‌وه‌ی تاران چه‌ك بۆ حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن ده‌نێرێ و هانیان ده‌دا تا شه‌ڕ بۆ ناو خاكی سعوودیه‌ بگوازنه‌وه‌، بۆیه‌ تره‌مپ له‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی، گه‌یشته‌ ڕیاز و بڕیاری پێكهێنانی ناتۆی عه‌ره‌بی و ئیسلامیان ده‌ركرد، بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هه‌ژموونخوازی ئێران به‌رامبه‌ر به‌ سعوودیه‌ و هاوپه‌یمانانی تری ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌، ئێسته‌ش گرژییه‌كان به‌رده‌وامن و هه‌ریه‌كه‌یان یه‌كتر به‌ جێبه‌جێ نه‌كردن و پابه‌ندنه‌بوون به‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

له‌ ماوه‌ی 26ی ئادار/مارس تا دووی نیسان/ئه‌پریلی 2015 له‌ شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا ماراسۆنی دانوستاندنی نێوان وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ستی پێ كرد، وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك له‌ ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و فڕه‌نسا و ڕووسیا و چین  پێكهاتوون و به‌ ئامانجی گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران به‌ چڕی دانوستاندن و گفتوگۆیان كرد، له‌ دووی نیسان/ئه‌پریل پێنج وڵاته‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش و ناوه‌رۆكی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان بۆ میدیاكان خسته‌ڕوو.
به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ئێران ده‌توانێ ته‌نیا به‌ ڕێژه‌ی 3.67% یۆرانیۆم بۆ مه‌به‌ستی ئاشتی بپیتێنێت، ئه‌مه‌یش ته‌نیا له‌ وێستگه‌ی ئه‌تۆمی نه‌تنه‌زی باكوری شاری ئه‌سفه‌هان ده‌بێ، وێستگه‌ی ئه‌تۆمی فوردۆ له‌ بنكه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سه‌نته‌ری توێژنه‌وه‌ی ئه‌تۆم و ته‌كنه‌لۆجیا ده‌گۆڕدرێ و ئه‌و سه‌نته‌ره‌ هاوكار ده‌بێ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌تۆمی بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری ئه‌تۆم و ته‌كنه‌لۆجیا بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی، هاوكات ئێران پێویسته‌ ده‌سبه‌رداری ئاوی قورس بێ بۆ ئه‌وه‌ی چیتر له‌ وێستگه‌ ئه‌تۆمییه‌كان پلۆتۆنیۆم به‌رهه‌م نه‌هێنێت. له‌ به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ته‌واوی گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی سه‌ر ئێران هه‌ڵده‌گرن و پاره‌ بلۆككراوه‌كانیش ڕاده‌ستی تاران ده‌كه‌نه‌وه‌.



سه‌رچاوه‌/العربیه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:07:09:01/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 5433 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌