به‌ڵێن عه‌بدوڵا ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تیی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له دیدارێكی ڕۆژنامه‌وانی "وشه"دا داوا ده‌كات گۆڕان هه‌نگاوێك بێته پێشه‌وه و كێشه‌كان له په‌رله‌مان چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه هه‌موو كه‌س و حزبێك حه‌ز ده‌كات دۆخی بژێوی چاك بكرێ و ئه‌وه بكرێت به مه‌رج خزمه‌تی كه‌س ناكات.
به‌ڵێن دووپاتی ده‌كاته‌وه كه چه‌په‌كان بڕیاریان داوه پێكه‌وه كار بۆ سه‌خستنی ریفراندۆم بكه‌ن و وه‌ك رای گه‌ده‌یه‌نێت "كار بۆ دروستكردنی به‌ره‌كی چه‌پ قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه" به‌ڵام نیگه‌رانی خۆی ناشارێته‌وه به‌رامبه‌ر میدیاكان كه له كاتی هه‌ڵبژاردندا ده‌رفه‌ت به‌وان ناده‌ن په‌یامی خۆیان بگه‌یه‌نن.
*دیدی ئێوه بۆ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چۆنه؟
-یه‌كه‌م دروشمی ئێمه وه‌ك حزبی زه‌حمه‌تكێشان له 1985 مافی چاره‌ی خۆنووسین بوو، له كۆنگره‌كانی دواییش مافی چاره‌ی خۆنووسین له ڕێی ڕیفراندۆمه‌وه بووه‌ته دروشمی ناوه‌ندیی حزب، بۆیه ئێسته به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه نزیك بووه‌ته‌وه و كۆده‌نگی نیشتمانی له‌سه‌ر ڕیفراندۆم هه‌یه، به‌رئه‌نجامی ئه‌و دروشمه‌مان له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت كه عێراق شكستی خواردووه و به هه‌ڵه دامه‌زراوه و جگه‌له كاره‌سات، هیچی بۆ كوردستان به‌رهه‌م نه‌هێناوه، ئه‌زموونی دوای 2003یش هه‌مان ئه‌زموونه و ئومێدی له‌سه‌ر نایه‌ته هه‌ڵچنین.
*له ناوخۆ بۆچوونێك دروست بووه ده‌ڵێ، تا دۆخی كوردستان له سه‌رجه‌م بواره‌كانه‌وه نه‌گات به لووتكه، ڕیفراندۆم و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی پێویست نییه، ئه‌مه چۆن لێك ده‌ده‌نه‌وه؟ بیانووه یان ده‌بێ وابێ؟
-هه‌مووان ئومێد ده‌كه‌ین دۆخی ئابووری و سیاسیی ئێمه باش بووایه و كێشه‌مان نه‌بووایه، به‌ڵام ناكرێ پرسێكی چاره‌نووسسازی وه‌ك ڕیفراندۆم به بیانووی ته‌نگژه‌ی دارایی و گرفته سیاسییه‌كان دوا بخه‌ین، كێشه ئابووری و سیاسییه‌كان به دوو ساڵ یان سێ ساڵ چاك ده‌كرێن، به‌ڵام ده‌رفه‌تی ڕیفراندۆم كه هاتووه‌ته پێش ئه‌گه‌ر دوای بخه‌ی، ڕه‌نگه تا 50 ساڵی تر هه‌ڵنه‌كه‌وێته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم بكه‌ین و قه‌واره‌ی خۆمان دروست بكه‌ین، ده‌توانین ئازایانه‌تر گۆڕانكاری له دۆخی ئابووری و سیاسی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات بكه‌ین. پرسی ڕیفراندۆم هه‌بێ و نه‌بێ، ته‌نگژه‌ی دارایی هه‌یه، حكوومه‌تێكت هه‌بێ به‌ناوی حكوومه‌تی هه‌رێم یان حكوومه‌تی كۆماری كوردستان، هه‌ر ئه‌ركیه‌تی ئه‌و ته‌نگژه‌یه چاره‌سه‌ر بكات، بۆیه پرسی ڕیفراندۆم هیچ بیانوویه‌ك هه‌ڵناگرێ جیا له چوونه سه‌ر سندووقی ده‌نگدان له كاتی ڕیفراندۆم.
* به‌رده‌وام ده‌نگۆی جیاجیا دروست ده‌كرێ له‌لایه‌ن به‌شێك له میدیاكان و بازرگانان كه به ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم، سنوور داده‌خرێ و خۆراك له بازاڕ نامێنێ و گرفتی گه‌وره دروست ده‌بێ، ئه‌و ترسه تا چه‌ند ڕاسته؟
- پرسی ڕیفراندۆم و دۆخی ئێمه له ناوچه‌یه‌كی پڕ له ئاڵۆزی هه‌م له ڕووی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌م هه‌رێمییه‌وه، به دڵنیایییه‌وه بێ كۆسپ نابێ، به‌ڵام هه‌لومه‌رج له‌باره بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه ئه‌نجام بدرێ، به دڵنیایییه‌وه ئه‌وانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن خه‌ڵكی كوردستان تووشی دڵه‌ڕاوكێ بكه‌ن، ئه‌و ناحه‌زانه‌ی هه‌یشن كه پڕوپاگه‌نده بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، به‌شێكن له كۆسپه‌كان، به‌ڵام ئه‌و زه‌مانه نه‌ماوه و تێپه‌ڕیوه له‌شكركێشی بكرێته سه‌ر كوردستان و گه‌مارۆی ئابووری بدرێ، ئه‌وه كارێكی ئاسان نییه، وڵاتانی دراوسێ خۆیان نه‌یانگوتووه سنوور داده‌خه‌ین، بۆیه خه‌ڵكی كوردستان له‌و هه‌وڵانه هۆشیارتره. ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ئیردایه‌كی به‌هێز بین، به‌سه‌ر ته‌واوی كۆسپه‌كان زاڵ ده‌بین.
* ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی ناوخۆ تا چه‌ند به مه‌به‌ست یان بێ مه‌به‌ست بن، خزمه‌ت به وڵاتانی نه‌یاری ڕیفراندۆم ده‌كه‌ن؟
- تا نزیك بینه‌وه له ڕیفراندۆم، شتی تریش دێته پێش، بۆیه ئه‌وانه ده‌چێته خزمه‌تی وڵاتانی دژ به ڕیفراندۆم، ئه‌گه‌ر به‌بێ ئاگاییش بكرێ ده‌چێته ئه‌جێندای ئه‌وان، ڕه‌نگه ئاگاداری وڵاتانیشی تێدا بێ.
* حزبه چه‌په‌كان له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم كۆكن، چۆن و به‌چ میكانیزمێك به‌یه‌كه‌وه گه‌یشتن به‌و بڕوایه؟
- حزبه چه‌په‌كان باوه‌ڕیان به مافی گه‌لان هه‌بووه و وه‌ك دروشم جێگیریان كردووه، جگه‌له‌وه‌ش هاوئاهه‌نگی له نێوانمان هه‌یه و هه‌مووان كۆكین له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم و بڕیارمان هه‌یه كاری بۆ بكه‌ین و پشتیوانی بكه‌ین.
* ڕه‌خنه‌یه‌ك له ئێوه ده‌گیرێ به‌وه‌ی مادام چه‌په‌كان ده‌توانن هاوڕا بن له‌سه‌ر ڕیفراندۆم، بۆ ناتوانن له هه‌ڵبژاردن به‌ره‌یه‌ك دروست بكه‌ن؟
- پێشتر چه‌ندان جار لیستی هاوبه‌شمان له هه‌ڵبژاردندا دروست كردووه، به‌ڵام له ئاستی ویستی ئێمه بێ و به‌ره‌یه‌كی چه‌پمان هه‌بێ و هه‌مووان له‌ژێریدا كۆ ببینه‌وه، هه‌وڵ هه‌یه بۆ ئه‌وه. پرسی پاشه‌كشه‌ی چه‌پ هه‌ر له كوردستاندا نییه، له ته‌واوی دنیا پاشه‌كشه ده‌كه‌ن، چونكه نه‌یانتوانیوه له‌و گێژاوه‌ی به‌سه‌ر دنیا و چه‌په‌كان هاتووه، به‌رنامه‌یه‌كی باشی بۆ بخه‌نه ڕوو، جگه‌له‌وه‌ش غه‌دری گه‌وره‌مان لێ ده‌كرێ، له هه‌ڵبژاردن میدیاكان ده‌رفه‌ت به ئێمه ناده‌ن یه‌ك خوله‌كیش قسه بكه‌ین، حزبه‌كانی تریش دیبه‌یتیان ڕۆژانه بۆ ده‌كرا. په‌یامی ئێمه توند نییه و په‌یامێكی عه‌قڵانییه و به ساردی كاریگه‌ری داده‌نێ، ئێمه موزایه‌ده‌ی سیاسی ناكه‌ین و هه‌ستی خه‌ڵك ناجووڵێنین، بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له هاوئاهه‌نگیداین له‌گه‌ڵ حزبه چه‌په‌كانی تر.
* ئه‌زموونی عێراقی دوای 2003 و پێوه‌ندییه‌كان ڕوونه، ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم نه‌كه‌ین؟ پێت وایه پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ به‌غدا جێی ئومێده؟
- عێراق جارێكی تر ناگه‌ڕێته‌وه پێگه‌ی خۆی، ئه‌وه‌ی پێشتریش هه‌یبوو به‌رهه‌می دیكتاتۆریی بوو، ئێسته‌ش عێراق ده‌بێ دیكتاتۆرێكی هه‌بێ، ئایا ئێمه قبووڵمانه جارێكی تر دیكتاتۆرێك بگه‌ڕێته‌وه به‌غدا، جێگره‌وه‌ی دیكتاتۆریی، دیموكراسییه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ده‌ستوور و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، پێكهاته‌كان له‌ناو په‌رله‌مانن، حكوومه‌ت پێكهاته‌كانی تێدایه، به‌ڵام له ڕاستیدا كێ حوكم ده‌كات له به‌غدا، ئێسته نزیكه‌ی 70 گرووپی میلیشیا هه‌ن، ئه‌وه‌ی حوكم ناكات ته‌نیا حكوومه‌ته، بۆیه له‌و دۆخه چۆن ده‌توانین دڵنیایی بده‌ینه نه‌وه‌كانی داهاتوو، عێراق شكستخواردووه و پێویستی به دووباره داڕشتنه‌وه‌یه تا ماف به پێكهاته‌كان بدرێت.
* بۆچوونێك هه‌یه ده‌ڵێ له كۆبوونه‌وه چاره‌نووسسازه‌كان پێنج حزبه‌كه بڕیار بده‌ن و دابنیشن و حزبه‌كانی تر له‌گه‌ڵ نه‌بن، پێتان وایه ئه‌و پێنجه چاره‌سه‌ریان لایه؟
-پێنج حزبه‌كه شه‌ش مانگ خه‌ریكی گفتوگۆ بوون حكوومه‌تیان پێ پێك نه‌هێنرا، له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ش ناكۆكییان نه‌بوو، به‌ڵكو له‌سه‌ر پله و پۆست بوو، به‌ڵام كه سه‌یری میدیاكانت ده‌كرد، هه‌ستت نه‌ده‌كرد به‌یه‌كه‌وه حكوومه‌تیان دروست كردووه و ئه‌زموونه‌كه‌یان شكستی هێنا و نه‌یانتوانی به‌یه‌كه‌وه ئه‌ركه‌كان بخه‌نه ئه‌ستۆی خۆیان، ئێسته ئه‌و ده‌نگانه هه‌ن كه باسی پێنج حزبه‌كه ده‌كه‌ن، ئێوه چیتان بۆ كوردستان دروست كرد، تووشی ئه‌و دۆخه‌تان كرد، له پرسه سیاسی و چاره‌نووسسازه‌كان له‌وێش بته‌وێ قۆرخكاری بكه‌یت، ئێمه قبووڵمان نییه، خۆشبه‌ختانه ئێسته ئه‌وه نه‌ما، بڕیار هه‌یه له پرسه سیاسی و چاره‌نووسسازه‌كان هه‌موو حزبه‌كان به‌شدار ده‌بن، كۆمسیۆنیان پێك هێنا ده‌بێ كه‌سی سه‌ربه‌خۆ بێ، به‌ڵام ئه‌وان بۆ پێنج حزبه‌كه قۆرخیان كرد و باسی دیموكراسییش ده‌كه‌ن. پرسی حكوومه‌ت شتێكه پێوه‌سته به‌وانه‌ی له‌ناو حكوومه‌تن، به‌ڵام پرسه چاره‌نووسساز و سیاسییه‌كان شتێكی تره و قبووڵكراو نییه.
* بۆچوونتان له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پێوه‌ست نه‌بوونی هه‌ندێ حزب به سازانی نیشتمانی چییه؟ له كاتێكدا خۆیان پێشتر بانگه‌شه‌ی سازان و ڕه‌هه‌ندی نیشتمانی‌یان ده‌كرد؟
-مه‌رج خزمه‌ت به كه‌س ناكات، بابه‌ته‌كه له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان ماوه‌ته‌وه، ده‌مێنێته‌وه حزبه‌كانی تر ئاماده‌ن به‌بێ ئه‌وان په‌رله‌مان كارا بكه‌نه‌وه یان نا، كات نه‌ماوه و له‌سه‌ر ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ماوه، له هه‌ردوو حاڵه‌ت پێمان باشه گۆڕان هه‌نگاوێك بێته پێش و په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه، ئه‌و پرسانه‌ی هه‌یه له‌ناو په‌رله‌مان گفتوگۆیان له‌سه‌ر بكرێ، هه‌موو لایه‌ك داوا له حكوومه‌ت ده‌كه‌ین بژێوی خه‌ڵك باشتر بكات، ده‌كرێ په‌رله‌مان ئه‌و شتانه هه‌مووی چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌وه خزمه‌ت به حزبه‌كان و به ڕیفراندۆمیش ده‌كات، بۆ پرسی سازانی نیشتمانیش ناكرێ حزبێك به ته‌نیا بڕیار بدات، زۆرینه بۆ یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم پێیان دروست نه‌كرا، كه بوو به گرفت بیده‌نه خه‌ڵك و با له ڕاپرسی خه‌ڵك بڕیار بدات، چۆنی ده‌وێت به‌و شێوه‌یه جێگیر بێت.
* كوردستان ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم نه‌كات و به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ڕوا، ده‌بێ چی بكات؟
-ئێمه دوو بژارده‌مان هه‌یه، یان ئه‌وه‌تا بچینه به‌غدا ئاڵایه‌كی سپی هه‌ڵكه‌ین و به هه‌ر بڕیارێكی به‌غدا ڕازی بین و ملكه‌چی بین، ئێسته كورد پێگه‌ی له به‌غدا چییه و ئاگامان له چی ئه‌و وڵاته هه‌یه؟ حیساب بۆ هیچ كه‌س ناكه‌ن، بۆیه ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم نه‌كه‌ین و به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ڕۆین، ده‌بێ ئاوا بكه‌ین. به‌ڵام دڵنیام خه‌ڵكی كوردستان 25ی ئه‌یلوول ده‌چنه سه‌ر سندووقی ده‌نگدان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش له دۆزی كورد ده‌گات.
به‌ڵێن عه‌بدوڵا/
ساڵی 1957 له دایك بووه.
ده‌رچووی ئاماده‌یی كشتوكاڵه.
له 1976 له ڕێكخستنه‌كانی سۆسیالیست كاری كردووه.
ساڵی 1980 بووه‌ته پێشمه‌رگه.
له 1985 ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان.
ماوه‌یه‌ك سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشان بووه .
ئێسته ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تیی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانه.