ڕیفۆرم و چاكسازییەكانی مەلای گەورە
بەتوندی دژی شێخ و دەروێشەكان وەستاوەتەوە

:: AM:09:31:02/09/2017 ‌



مەلای گەورە (١٨٧٦-١٩٤٣) یەكێكە لە مەلا دیار و بەرچاوەكانی كوردستان، لە ماوەی ژیانیدا بەردەوام هەوڵی داوە كۆمەڵگەی كوردی هۆشیار بكاتەوە و لە سەردەمی تاریكی و نەهامەتی و ئەفسانەپەرستی و خورافیات ڕزگاریان بكات. هاوكات هانیان بدات بۆ خوێندن و خوێندنەوە، ئەوەش تایبەتمەندییەكی تەواوی ئەو مەلا رۆشنبیر و شاعیرە، دروست كردووە.

مەلای گەورە ناوی تەواوی مەلا محەمەدی كوڕی مەلا عەبدوڵای كوڕی مەلا ئەسعەدی كوڕی مەلا عەبدوڕەحمانی ‏‏‏‏كوڕی مەلا عەبدوڵای كوڕی مەلا محەمەدی كوڕی مەلا ئیبراهیمی كوڕی شێخ حەسەنە، ‏‏‏ساڵی (١٨٧٦) لە بنەماڵەی جەلی زادە لە كۆیە لە دایك بووە، بە مەلا محەمەد یان مەلای كۆیە و ‏مەلای ‏‏گەورە و مەلای گەورەی كۆیی ناسراوە، لە 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی (١٩٤٣) هەر لە كۆیە كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی دەروێش خدر بە خاك هاتووەتە سپاردن.

دوكتۆر جەواد فەقێ كە ماستەرنامەكەی بەناونیشانی (محمد بن عبدالله الجلی وجهودە العلمیە) نووسیوە، لەبارەی چاكسازییەكانی مەلای گەورە بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەكات، مەلای گەورە لە ژیانیدا بەھەموو شێوەیەك ھەوڵی داوە چاكسازی و ڕیفۆرم لە سەرجەم بوارەكاندا بكات، وەك مەلا كە كاریگەری زیاتری بەسەر كۆمەڵگەوە ھەیە، كۆمەڵگە لە زۆر ئەفسانە و خورافیات و شتی ناجۆر لەڕێی گوتاری ئاینیی و شیعرەوە ھۆشیار بكاتەوە، ئەڵبەتە زۆر دژی زۆردار و ئەفسانەپەرست و مێشك وشك و دوژمنی ‏ناحەزانی كوردایەتی بووە بەتایبەت ئەوانەی ھەوڵیان داوە ئاین بۆ بەرژەوەندیی ‏تایبەتی ‏بەكار بێنن، ‏بۆ نموونە شێخەكان خەڵكیان بەرەو لای ‏خۆیان ‏ڕادەكێشا و بۆ ‏بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەكاریان دەھێنان و دەیانكردنە دەروێش و موریدی خۆیان. لە بەرامبەر ئەوەدا، مەلای گەورە بە شیعر وەڵامی داوەتنەوە. لە شیعرێكدا دەڵێ: 

ھـــــەتا شێخێ لە كــوردستان بمێنێ
ئـومێدی زیندەگـــانیت پــێ نـــەمێنێ
تەریقەتی قـــــادری و نـــەقشــبەنــدی
بەبای دا رەونەق و ئاھەنگی كوردی

لە درێژەی قسەكانیدا پڕۆفیسۆر دوكتۆر جەواد فەقێ باس لەوە دەكات، مەلای گەورە كەسایەتییەكی تایبەت و لێھاتوو و شارەزا و بلیمەت بوو، ھزر ڕۆشن و بیر فراوان بوو، لەبەرئەوە خەڵك لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستانەوە دەھاتنە لای مەلای گەورە بەمەبەستی دیدار و چاوپێكەوتن و بەمەبەستی خوێندن و بڕینی قۆناخە ئاینییەكان و وەرگرتنی مۆڵەی مەلایەتی لەلایەن مەلای گەورەوە.

لەبارەی مەلای گەورەوە كامەران بابانزادە ماستەر لە مێژووی ئیسلامی و مێژووی نوێ و ھاوچەرخی كورد، بۆ "وشە" دەڵێ، مەلای گەورە بایەخێكی زۆری بە خوێندنەوەی ‏كتێبی زانستی و سیاسی و مێژوویی داوە، ‏ھاوكات بایەخی زۆری بە زمانی كوردی داوە، لەگەڵ ‏ئەوەی كە زمانی عەرەبی و فارسی و ‏توركی بەباشی زانیوە، لە سەردەمی خۆی تەقینەوەیەكی گەورەی ئاینیی، ڕۆشنبیری، كۆمەڵایەتی، فەرھەنگی و كولتووری ئەنجام داوە، ئەڵبەتە  زۆر پلە و پۆستی سیاسی و ئیداری وەرگرتووە، لە ھەموو كاتێكیشدا ھەوڵی داوە خزمەت بە كورد و كوردستان بگەیەنێ و بەردەوام بێ لە ھۆشیاركردنەوەیان، ئەگەرچی ھەندێ جار بێ ئومێد بووە لێیان، ئەمەش لە خوێندنەوەی شیعرەكانیدا بەدیار دەكەوێ، كاتێ دەڵێ: 

ھــەتا دەمــرم لەبۆ كـوردان دەناڵم
عیـلاجیان چۆن بكەم ھاوار بەماڵم
من یەخەی خۆم لەبۆیە دا ئەدڕم
ئێوە نابن بە ھیچ و من دەمرم

بابانزادە باس لەوە دەكات، مەلای گەورە لە بزووتنەوەی سیاسیی كورددا ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی ھەبووە، خاوەن ھەستی نەتەوایەتی و سەربەخۆیی بووە لە زۆربەی بۆنە و پرسە نەتەوایەتی و نیشتمانییەكان كوردانە و بوێرانە دواوە، لە نەورۆزی ساڵی (١٩٣٨)ی كۆیە، بە كورتی بە ناواخنێكی بەھێزەوە لە بارەی نەورۆز و جەژنی نەتەوەیی كورد دواوە، كاتێ دەڵێ: نەورۆزی گەلە، ڕۆژێكی زۆر موبارەكە، ئەوەڵی بەھارە. جەژن جەژنی ئۆمەتە. جەژنی موحەبەت و ئولفەتە.

ھاوكار عەبدوڵا شیخ وەسانی توێژینەوەیەكی لەمەڕ تەفسیری كەلامی خوداوەندی مەلای گەورە ئەنجام داوە و بە دووتوێی دوو كتێب بە ناونیشانی دید و جیھانبینی مەلای گەورە بڵاو كردووەتەوە، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، مەلای گەورە باوەڕی وایە دەبێت ئاین كاریگەری بەسەر مرۆڤەوە ھەبێت و بەردەوام بۆ بەرزی و گەورەیی بڕوانێت، ھەرگیز خۆی بە بچووك و زەلیل سەیر نەكات. ئەو لە سەردەمی خۆیدا تاكە كەس بووە گوتوویەتی: دەبێت ئاین پاك بكرێتەوە لە ھەموو ئەو خوڕافیات و زیادەیەی كە تێی كەوتووە و زۆر بە بوێری ھەندێ جار ڕەخنەی لەو دەقانە گرتووە كە بە ناوی فەرموودەی پێغەمبەرەوە خەڵك ھان دەدەن بۆ زیلەت و دواكەوتن، بۆ نموونە لە دێڕی یەكێك لە شیعرەكانیدا دەڵێت: (مەداری دین و دنیا ھەر غینایە، بەڵێ فەقر و فەخر ئیفتیڕایە. یاخود دەڵێت: ئەگەر ئینسان دایكێكی باشی نەبێت، دەیان فەرموودە كاری تێناكات و وەك دایكێكی باش نابێت بۆی).

شێخ وەسانی دەرچووی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان زیاتر دەڵێ، "مەلای گەورە تەنیا مەلا نەبوو، بەڵكو سەركردە و كەسایەتییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی بووە، بۆ گەلەكەی بەردەوام ڕێبەر بووە و بڕوای وابووە دەبێت مامۆستای ئاینی لە ژیاندا سەربەخۆ بێت و خۆی ھەوڵ بدات ئابووریی سەربەخۆی ھەبێت بۆ ئەوەی نەكەوێتە ژێر فەتوادانێكی ھەڵە و ناشەرعی". 



لەبارەی تێڕوانین و دیدگەی مەلای گەورە بۆ ژن، ئاڵا دارا مامۆستای زانكۆی كۆیە بۆ "وشە" دەڵێ، مەلای گەورە جیاواز لە مەلاكانی سەردەمی خۆی لە دەوروبەر و ڕووداوەكانی ڕوانیوە، بەتایبەتی تێڕوانینی بەرامبەر پرسی خوێندن زۆر جیاواز بووە، گرنگی و بایەخی خوێندەواری لا بووە، بۆیە نەجیبەی كچی لەگەڵ كوڕاندا ناردووەتە فێرگەی ئولای یەكەم كە بەیەكەم كچ دادەنرێ لەگەڵ كوڕاندا چووەتە بەرخوێندن، ئەگەرچی ئەو كارەی مەلای گەورە لەلای بەشێكی كۆمەڵگەی كوردی ئەو سەردەمدا قبووڵ و ڕێگە پێدراو نەبوو، بەڵام مەلای گەورە گوێی بە قسەی خەڵك نەداوە، ئەو كارەشی بە چاكسازییەكی گرنگی كۆمەڵایەتی و فەرھەنگی دادەنرێ. بۆیە لە شیعرێكدا دەڵێ:

عیلـمی تەبیعەت عـیلمی خودایە
(قــال) و (قـول) گــشتی ھــەبایە
عیـلمی كیمیات گەر نەخوێندووە
بــەخوا نازانی خـوا چـی كردووە 

ئاڵا دارا ماستەرنامەكەی بە ناونیشانی ئافرەت لە دیدی مەلای گەورەوە نووسیوە، دەڵێ مەلای گەورە ڕێزێكی زۆری لە ئافرەتان گرتووە، ھەردەم بە چاوی بەرزەوە لێی ڕوانیون، بۆ نموونە لە شیعرێكدا دەڵێ:

بڵێن بە قەومی كوردان... دەستی من و دامێنیان
عەیبە بە ھەقی یەزدان... ژن ھێنان و تەڵاقدان
ژن زینەتی دونیایە...  ئامانەتی خودایە
حەبیبی مستەفایە...  قەڵاتن لە بۆ مێردان

مەلای گەورە خاوەنی شەش كتێب بە زمانی كوردی و 18 كتێبە بە زمانی عەرەبی. ھاوكات ساڵانی (١٩٣٣-١٩٤٣) قورئانی لە 10 بەرگدا تەفسیر كردووە بەناوی كەلامی خوداوەند.

وشە/ كۆیە- زامدار ئەحمەد



وشە - وشه‌